کاتێک مووشەکەکان بێدەنگ دەبن… شەڕی ڕاستەقینە دەست پێدەکات

کاتێک مووشەکەکان بێدەنگ دەبن... شەڕی ڕاستەقینە دەست پێدەکات

وەستانی هێرشە ئاسمانییەکان نیشانەی ئاشتی نییە، بەڵکو ئاگربەستێکی بیرکردنەوەیە لە نێوان دوو جووڵەی ئەگەرداردا.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە سیاسەتدا بێدەنگی تۆپخانە بە مانای کۆتایی جەنگ نایەت، چونکە زۆرجار بێدەنگی لە بۆردومان پڕدەنگترە.

کاتێک دەوڵەتێک واز لە هاویشتنی هاژەک (مووشەک) دەهێنێت، دەست بە سەپاندنی مەرجەکانی خۆی دەکات. ئەوەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەگوزەرێت، پەڕینەوە نییە لە شەڕەوە بۆ ئاشتی، بەڵکوو گواستنەوەیە لە تێکدانی ئامانجەکانەوە بۆ شکاندنی ئیرادە و لە شەڕی ئاسمانییەوە بۆ شەڕی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمریکا دەتوانێت هێرشی زیاتر بکات و ئەوەی لە ژێرخانی سەربازی ئێراندا ماوەتەوە لاوازتری بکات، بەڵام گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە دەسەڵاتی لەناوبردنی ئامانجێک هەمیشە ئەنجامی سیاسی بەدەست ناهێنێت. مووشەک دەتوانێت بنکەیەکی سەربازی بێدەنگ بکات، بەڵام ناتوانێت دەوڵەتێک بخاتە ژێر دەستی خۆی و سیستەمێکی سیاسی نوێ لەسەر کەلاکەکەی بنیات بنێت.

لە لایەکی ترەوە ئێران دەزانێت کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە ئەمریکا تێکبشکێنێت، بۆیە لە بەرەکانی شەڕدا هەوڵی شکستپێهێنانی نادات، بەڵکوو ڕێگری دەکات کە باڵادەستیی خۆی بکات بە سەرکەوتن.

ئێران بە لۆژیکی پەکخستن، شەڕ دەکات: گوشار دەخاتە سەر گەرووی هورمز، نیگەرانییەکان بەرەو دەریای سوور فراوانتر دەکات و هەڕەشە لە بنکە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەکات، بۆ ئەوەی تێچووی سەرکەوتنی ئەمریکا لە توانای واشنتۆن زیاتر بکات.

فەلسەفەی ئەم شەڕە ئەمەیە: ئەمریکا دەسەڵاتی تێکدانی هەیە، ئێرانیش خاوەن جوگرافیای ئاڵۆزکردنە.

یەکەمیان پێویستی بە شەڕێکی کورت هەیە بۆ دروستکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن، دووەمیش پێویستی بە هەوڵێکی درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە لەدایکبوونی سەرکەوتنێکی خێرا بکات. لەنێوان ئەو دووانەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاوەستاوە، هەڵبەت نە وەک تەماشاکەرێک، بەڵکوو وەک ئەو باجە ڕاوەستاوە کە هەردوولا وەریدەگرن.

بەڵام خوێندنەوەی هەواڵگری لە پشت لێدوانە فەرمییەکانەوە دەڵێت: ئێران زەرەرمەند بووە بەڵام نەبەزیوە، ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دوابکەوێت بەڵام کۆتایی نەهاتووە. ئەمریکا پێویستیی بە چەک هەیە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕەکە، بەڵام هێشتا وەڵامی قورسترین پرسیاری نەداوەتەوە:

دوای لێدانی کۆتایی چی دەوێت؟

کردنەوەی گەرووی هورمز؟

کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی؟

گۆڕینی ڕەفتاری ئێران یان گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا؟

کاتێک ئامانجەکانی شەڕ زۆر ئاڵۆز دەبن، پێناسەی سەرکەوتن ون دەبێت.

بۆیە وەستانی هێرشە ئاسمانییەکان نیشانەی ئاشتی نییە، بەڵکو ئاگربەستێکی بیرکردنەوەیە لە نێوان دوو جووڵەی ئەگەرداردا.

ئاگرەکە لە ناوەندی ململانێکاندا کوژاوەتەوە، بەڵام داوێنەکەی بەرفراوانتر بووە و بەرەو یەمەن، دەریای سوور، دەوڵەتانی کەنداو و عێراق بڵاوبووەتەوە.

هەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنها بە ڕاگەیاندن، بێلایەنی خۆی بپارێزێت، چونکە جوگرافیا بە ڕاگەیاندراوی سیاسی نانوسرێت. هەرکەسێک کلیلی جێگای خۆی لە ناو گۆڕانکارییە گەورەکاندا دیاری نەکات، ئەوانی تر بە پێی بەرژەوەندی خۆیان شوێنی بۆ دیاری دەکەن.

ئێستا پرسیارەکە ئەوە نییە: کێ شەڕەکەی بردەوە؟

بەڵکوو ئەوەیە: کاتێک بۆردومانەکان ڕادەوەستن، کێ یاساکانی هەرێمەکە دەنووسێتەوە؟

لە کاتێکدا کە ڕەنگە ئەمریکا لە شەڕی ئاسمانیدا سەربکەوێت و ئێرانیش کارتی کەنداو لەدەست بدات، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەم هێزە بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی سیاسی نوێ.

بەڵام ئەوەی چەکی هەیە و نازانێت دوای بەکارھێنانی چی دەوێت، لەوانەیە شەڕەکە بباتەوە بەڵام ئایندە لەدەست بدات.

Share