گۆڕینی شۆڕشێک بۆ دژە شۆڕش: ڕۆڵی پەکەکە و ئۆجەلان لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا (!) و لێکەوتەکانی

گۆڕینی شۆڕشێک بۆ دژە شۆڕش: ڕۆڵی پەکەکە و ئۆجەلان لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا (!) و لێکەوتەکانی

لە ڕۆژئاڤا، شۆڕشێک هەیە کە پەکەکە لە دژی کوردان ئەنجامیدا و هەموو هیواکانی بۆ ئازادی لەناوبرد.

بەهاری عەرەبی کە لە کۆتایی ساڵی 2010 لە توونس دەستی پێکرد و لە ساڵی 2011دا سووریای گرتەوە، لە ساڵی 2024دا بە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس ئەسەد، کۆتایی پێهات. بەهاری عەرەبی دەرفەتی گەورەی بۆ کورد بە گشتی و بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان بەتایبەتی ڕەخساند. سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژئاڤا گورزێکی گەورەی لە سیستمی کۆلۆنیالیزم دەدا کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستاندا، لەپێناو پاراستنی ڕۆژئاڤادا سەفەربەر بوو. بە هەزاران کوڕ و کچی کورد کە بە ڕێزەوە کڕنۆشیان بۆ دەبەین و یادیان بەرز ڕادەگرین، لەپێناو ڕزگارکردنی ڕۆژئاڤادا گیانی خۆیان بەخت کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی مانگی تشرینی دووەمی 2021ی فاتمە عومەر، سەرۆکی کۆمەڵەی سەربازانی ڕۆژئاوا، لە پێناو بەرگریکردن لە ڕۆژئاڤادا، زیاتر لە 13 هەزار کەس شەهید بوون و هەروەها 28 هەزار کەس بریندار و پێنج هەزار کەسی دیکەش کەمئەندام بوون. لە ئێستادا ژمارەی شەهیدەکان 15 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدانانە، بەڵام لە ڕۆژئاڤادا هیچ دەستکەوتێکی گرینگ بۆ کورد بەدەست نەهاتووە.

تەنها ئەوە بەس نییە کە ئێمە ئەم شکست و تەسلیمبوونە لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا بە دووڕوویی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئەمریکا، یان بە بەهێزبوونی بەرەی دژە کوردەوە گرێ بدەین. کاریگەرترین فاکتەر ئەو دەستێوەردانەیە کە ئۆجەلان و پەکەکە لە ڕۆژئاڤا کردیان. ڕەنگە وشەی دەستێوەردان بۆ ئەو ڕەوشە شرۆڤەکردنێکی تێر و تەسەل نەبێت، چونکە ڕاڤەکردنی سیاسەتی پەکەکە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا، بە تێگەی ئەمانەت و دەستبەسەرداگرتن و بەبارمتەگرتنەوە گونجاوترە. ئەم دۆخە پرۆسەیەکی پەیوەندییە کۆنەکان و ڕێککەوتنە نهێنییەکانە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی 1980 دەگەڕێتەوە.

پێشنیاری جەمیل ئەسەد بۆ ئۆجەلان

پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ڕۆژئاڤا لەلایەن پەکەکەوە، لە ساڵی 1986دا دەستی پێکرد. لە ساڵی 1986 ڕێککەوتنێک لە نێوان جەمیل بایک (جومعا) دامەزرێنەری پەکەکە و جەمیل ئەسەددا پێکهات. مەبەست لەم ڕێککەوتنە پاراستنی ڕێژیمی بەعس و بنەماڵەی حافز ئەسەد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بوو.

نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵانی 1940دا خەباتێکی ئازادیخوازانەی دەستپێکردبوو و حیزبەکان ڕاستەوخۆ ڕۆژئاڤایان بە بەشێک لە کوردستان دەزانی. دەوڵەتی سووریا لەم پارتە کوردستانیانە دەترسا. جگە لەوەش ترسیان لەوە هەبوو کە ئیخوان موسلیمین کە سوننە بوون، لە نێو کوردەکانی ڕۆژئاڤادا ببنە بە هێزێک. بە پێی ئەم ڕێککەوتنەی پەکەکە ـ سووریا، ئەرکی پەکەکە ئەوە بوو کە ئەم دوو گرووپە کە دەوڵەتی سوریا لێیان دەترسا، لە ڕۆژئاڤا دوور بخاتەوە. پەکەکە کەوا بە نوێنەرایەتی ڕژێمی ئەسەد ڕۆژئاڤای کۆنترۆڵ کردبوو، دەرفەتی زۆری بۆ ئۆجەلان بەدەستهێنا، لەوانە ئاسایش و بارودۆخی ژیان و دەروازە سنوورییەکان. کاتێک ئۆجەلان لە دیمەشق و لە ژێر پاراستنی دەوڵەتی سووریادا دەژیا، کادیرەکانی توانیان بە ئارامی ڕای گشتی ڕێکبخەن و لە ناوچەکانی دیمەشق، حەلەب، عەفرین و جزیرێ کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. لەو ماوەیەدا، جگە لە هەندێک ناکۆکی بچووک، پەکەکە لە ڕۆژئاڤا تووشی هیچ ئاستەنگێک نەهات.

ئایا لە ڕوانگەی پەکەکەوە، ڕۆژئاڤا کوردستانە یان نا؟

لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1986 بەملاوە، پەکەکە هیچکات ڕۆژئاڤای وەک بەشێک لە کوردستان نەبینیوە و ڕێکخستنی کوردستانیانەی تێدا نەکردووە و هیچ داخوازییەکی نەتەوەیی بۆ کورد لە ڕۆژئاڤا نەکردووە. لە ساڵی 1986 بەملاوە، سەدان گەنجی کورد بە دروشمی “ئێمە دەڕۆین بۆ وڵات” ڕەوانەی شاخ کران بۆ ئەوەی تێکەڵ بە گەریلا ببن. ئەو دروشمەی پەکەکە واتای ئەوە بوو کە ڕۆژئاڤا “وڵات” نییە، بەڵکوو باشوور و باکوور وڵاتن و ڕۆژئاڤا بەشێکە لە سووریا.

بۆیە پێناسەکردنی ڕۆژئاڤا بە “باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا” کە لە ساڵی 2013 بەملاوە بەردەوام لە پەکەکەییەکانی دەبیستین و بەشێک لە کوردەکان ڕەخنەشیان لێی گرتووە، شتێکی نوێ نییە. واتە بۆ پەکەکە ڕۆژئاڤا هەمیشە بەشێک لە سووریا بووە نەک کوردستان.

لە ساڵانی 1990 و سەرەتای 2000ـەکاندا، ئەم گوتارەی پەکەکە بە باشی سەرنجی ڕای گشتیی کوردی ڕانەکێشا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەمە تەنیا گوتارێک نییە، بەڵکوو هاوکات هەڵوێستێکی سیاسیشە. ئەوانەی بە ناوی ڕۆژئاڤاوە سیاسەتیان دەکرد، وەک مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، فەوزا یووسف و ئاڵدار خەلیل، هەرگیز دەرنەکەوتن و نەیانگوت: “ئێمە دەمانهەوێت کورد خۆی حوکمڕانیی خۆی بکات”، قەد نەیانگوت “ئەو شارانە شاری کوردانن و ئەو مافانە مافی کوردن”. ئێستا دەوترێت لەبەرچی کورد لە ڕۆژئاڤادا هیچ دەستکەوتێکی بەدەست نەهێنا، چونکە ئەو لقوپۆپانەی پەکەکە کەوا لە ڕۆژئاڤا بەرجەستەکران، هیچیان بۆ کورد نەدەویست و خاوەن ئامانجی کوردستانی و کوردایەتی نەبوون.

ئەمە نەبوونی دووربینی سیاسی نەبوو، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی سیاسی بوو.

دوو سەردەمی ئەمانەت لە ڕۆژئاڤا…

خاڵێکی دیکە کە پێویستە لەسەر ڕۆژئاڤا ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە کە لە 19ی تەمموزی 2012دا لە ڕۆژئاڤا هیچ شۆڕشێک ڕووی نەدا، پەکەکە ئەجێندای ئێرانی قبووڵ کرد تاوەکوو ڕێژیمی ئەسەد لە سەر پێ ڕابگرێت و بیکات بە بنکەی ناوەندیی پڕۆژەی هیلالی شیعی. بە واتایەکی تر ڕۆژئاڤا وەک ئەمانەتێک لە ژێر گەرەنتی ئێران لە ئەسەد وەرگیرا. ئەسەد تا ئەو ڕۆژەی کە ڕووخا، لە هەمبەر ڕادەستنەکردنی ڕۆژئاڤا بە هێزە سوننەکان، پشتگیریی لە حزووری پەکەکە لە ڕۆژئاڤادا کرد.

دەتوانین بە کورتی ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە پێناسە بکەین:

سەردەمی ئەمانەتی یەکەم: لە 12ی تەمموزی 2012ـەوە تا ڕووخانی ڕێژیم لە 8ی کانوونی 2024دا، پەکەکە لە بەرامبەر ڕێگریکردن لە ڕووخانی ڕێژیمی سووریادا، ڕۆژئاڤای وەک ئەمانەت وەرگرت.

سەردەمی ئەمانەتی دووەم: ڕێک 11 ڕۆژ دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی پەکەکە لە 27ی شوباتدا، پەیمانی چوارچێوە لە 10ی تەمموزی 2025دا واژۆکرا و بووە هۆی ڕادەستکردنەوەی ڕۆژئاڤا بە دەوڵەتی تورکیا. بۆیە ئەم ڕادەستکردنە پێش پێکدادانەکانی ساڵی 2026 ڕوویدا.

ئەو لایەنەی کە کاریگەریی لەسەر ئەم پرۆسەی ڕادەستکردنە هەبوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەڕێوەبەرەکانی بوون. ئەوان پرۆسەکەیان بەڕیوەبرد. کەسانی وەک مەزڵووم عەبدی، سیپان حەمۆ، ئیلهام ئەحمەد و ئاڵدار خەلیل، سیمای پراکتیکی بوون لە لاپەڕەکانی میدیادا.

پەکەکە وەکوو گەنە خوێنی ڕۆژئاڤای مژی و کردی بە هێز بۆخۆی. پەکەکە شەڕڤان و چەک و دەرفەتی دیپلۆماسی و پارەی دەستکەوت. پەکەکە ڕۆژئاڤای ئیستیسمار کرد و لەگەڵ هەموو کەسدا مامەڵەی پێوە کرد. لە کۆتاییدا فیلمە 13 ساڵیەکە لە ناو لەپی ڕێژیمی دیمەشقدا کۆتایی هات، هەر وەک ئەوەی کە تورکیا پێشبینیی کردبوو. بە واتایەکی تر پەکەکە ڕۆژئاڤای ڕادەستی ڕێژیمی سووریا کردەوە، ئەو ڕێژیمەی کە ڕۆژئاڤای بە ئەمانەت لێ وەرگرتبوو. پەکەکە ڕۆژئاڤای ڕادەستی ڕێژیمی نوێی دیمەشق کردەوە.

ئێستا لەم دۆخەشدا، ئەوان هێشتا باس لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا دەکەن. کەجەکە دەڵێت ڕۆژئاڤا لەسەر هێڵی ئاپۆئیستەکان بەردەوام دەبێت. مەزڵووم عەبدی بێشەرمیی خۆی لە بەرزترین ئاستدا نیشان دا و لە وتارەکەی دوێنێدا وتی: “ئێمە دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکانمان تێکەڵ بە هەموو کۆمەڵگەی سووریا دەکەین؛ پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات”.

لە ڕۆژئاڤا پەکەکە شۆڕشێکی لە دژی کورد ئەنجامدا و هەموو هیواکانی بۆ ئازادی مراند

دەتوانین دۆخەکە بەم شێوەیە شرۆڤە بکەین: پیلانێک هەیە کە وا لە کوردانی ڕۆژئاڤا دەکات لە کوردبوونی خۆیان پەشیمان ببنەوە و لە کوردستانی بوونی خۆیان پەشیمانیان دەکاتەوە. ڕۆژئاڤا 15000 شەهیدی هەیە، شارەکانی داگیر کراون، بە سەدان هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، لە هیچ شوێنێک ئاوەدانی نەماوە، خەڵک برسی و بێکارن، ئەمڕۆکە کورد لە سەردەمی ئەسەد هەژارترن، کەچی ئێوە ئەمە بە “شۆڕشی ڕۆژئاڤا” ناودەبەن.

نا، نا، شۆڕشی ڕۆژئاڤا بوونی نییە؛ لە ڕۆژئاڤا، شۆڕشێک هەیە کە پەکەکە لە دژی کوردان ئەنجامیدا و هەموو هیواکانی بۆ ئازادی لەناوبرد.

Share