کاتێک چارەنووسی بزووتنەوەکە لە پێش مافەکانی میللەتەوە دادەنرێت!

کاتێک چارەنووسی بزووتنەوەکە لە پێش مافەکانی میللەتەوە دادەنرێت!

دەوڵەتی تورک دەیهەوێت کێشەی کورد لە چەکداناندا سنووردار بکاتەوە و پەکەکەش خەریکە چارەسەرەکە لە ئازادکردنی ئۆجەلان و دۆخی کادیرەکانی خۆیدا کورت بکاتەوە.

چیا تەکین

لە ڕێکەوتی 20ی تەمووزی 2026دا ئەو لایەنەی کە خۆی وەک بەڕێوەبەریی تەڤگەر دەناسێنێت، بەیاننامەیەکی لەبارەی یاسای چوارچێوە لە تورکیا بڵاوکردەوە و تێیدا داوای گەرەنتیکردنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد بۆ ئەوەی کە لە گەنگەشەکردنی یاساکەدا بەشداری بکات. هەروەها داوای ڕێخۆشکردنی بۆ سەرکردایەتی و شەڕڤانانی تەڤگەرەکە کرد بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە ژیانی سیاسی دیموکراتیکدا بکەن.

لە ناخی ڕاگەیاندراوەکەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات کە نابێ پشتگوێ بخرێت: گەلی کورد لە کوێی ئەو یاسایەدایە کە چاوەڕوان دەکرێت کێشەکانی چارەسەر بکات؟

نەبوونی دەنگ و ناکۆکی نە پەیوەندیی بە ئازادی ئۆجەلانەوە هەیە و نە پەیوەندیشی بە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی دادپەروەرانە بۆ سەرکردە و شەڕڤانانی تەڤگەرەکەوە هەیە، چونکە هەر گواستنەوەیەکی ڕاستەقینە لە ململانێی چەکدارییەوە بۆ سیاسەت، پێویستی بە گەرەنتیەک هەیە تا ئاشتی نەبێت بە داوێکی یاسایی.

بەڵام کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە مافەکانی تەڤگەرەکە و سەرکردە و کادیرەکانی، ڕوونتر دەبنەوە لە مافەکانی ئەو خەڵکەی کە تەڤگەرەکە هەر لە سەرەتاوە لەسەر ناوی کێشەکانی ئەوانەوە دروستبوو.

بەیاننامەکە باس لە گەلی کورد و پرسی کورد دەکات، بەڵام بە ڕوونی ئەو قەوارە نەتەوەیی و سیاسییە دیاری ناکات کە کورد لە ناو تورکیادا بەدەستی دەهێنێت.

ئەوان بە وردی دەچنە ناو بابەتی ئازادی ئۆجەلان و گەڕانەوەی گەریلا و تێکەڵکردنی سەرکردایەتی لە سیاسەتدا.

بەڵام دانپێدانانی دەستووری بە نەتەوەی کورد، لە کوێیە؟

زامنی زمانەکەی و مافی خوێندن بەو زمانە، لە کوێیە؟

پاراستنی ناسنامە و داب و نەریتەکانی لە کوێیە؟

خۆبەڕیوەبەریی هەرێمی و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە کوێن؟

بەم شێوەیە کورد لە وتارەکانیاندا تەنیا وەک ناوێک بوونی هەیە، بەڵام لە پرۆژەی چارەسەریدا وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف، بزر و ونە.

ئاشتی بە مانا فەلسەفییەکەی تەنها بێدەنگی چەکەکان نییە، بەڵکوو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەیە کە بوونە هۆی هەڵگرتنی چەک.

ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت و ئینکاری بمێنێتەوە، کێشەکە کۆتایی نایەت، بەڵکوو لە گۆڕەپانی ڕووبەرووبوونەوە، دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەی یاسایی، ئیداری، ڕۆشنبیری و دیموکراسی.

دیموکراسییەک کە کورد وەک تاک بناسێت بەڵام وەک نەتەوەیەک نەیناسێت، دیموکراسییەکی کامڵ نییە، بەڵکوو شێوازێکی هێمنانەترە بۆ بەڕێوەبردنی ئینکاری.

نابێ کێشەی نەتەوەیەک تەنیا لە چارەنووسی سەرکردەیەکدا سنووردار بکرێت، جا پێگە مێژووییەکەی هەرچەندە بێت یان لە داهاتووی تەڤگەرێکدا کە ژمارەی قوربانییەکانی زۆریش بن.

ڕەنگە ئۆجەلان دانوستانکاری سەرەکی و زامنی گواستنەوەکە بێت، بەڵام گەلی کورد خاوەنی پرسێکە و سەرچاوەی شەرعیەتەکەیە. سەرکردە پێگەی خۆی لە پرسەکە وەردەگرێت نەوەک پرسەکە هەبوونی خۆی لە سەرکردەکە وەربگرێت.

لێرەدا دەکەوینە نێوان دوو بچووککردنەوەی دژ بەیەکدا:

دەوڵەت دەیهەوێت کێشەی کورد لە چەکداناندا سنووردار بکاتەوە.

تەڤگەریش خەریکە چارەسەرەکە لە ئازادکردنی ئۆجەلان و دۆخی کادیرەکانی خۆیدا کورت بکاتەوە.

لە نێوان ئەم دوو کورتکردنەوەیەدا، پرسیارێکی سەرەکی و جەوهەری دێتە ئاراوە: گەلی کورد چیی دەستدەکەوێت؟

ئەگەر یاسا بە بێ کۆتاییهێنان بە نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی کورد، کۆتایی بە هەبوونی بزاڤی چەکدارانە بهێنێت، ئەوا دەبێتە یاسایەک بۆ ڕێکخستنی ئایندەی تەڤگەرێک نەک یاسایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیەک.

Share