وەڵامی هەڕەشەکانی ئۆجەلان لە دارکا مازی: ئەوەی لە ئاسن بترسێت، سواری شەمەندەفەر نابێت…

ئێمە لە هەڕەشەکانی ئۆجەلان ناترسین و وەک جاران لەسەر ڕێگای ڕاستمان بەردەوام دەبین. با ئەوانەی کە لە ئۆجەلان دەترسن لە خودی ئۆجەلان سووکتر و خاپوورتر بن…
ماڵپەڕەکەمان، دارکا مازی، پێ دەنێتە حەوتەمین ساڵی تەمەنی خۆیەوە. ئێمە بە دروشمی “لەپێناو ئاشکراکردنی ڕاستییە شاراوەکان”دا دەستمان بە کارکردن کرد. لەو کاتەوە ئێمە بەرپرسیارێتی نووسینمان لەسەر لایەنە شاراوەکانی مێژووی ئەم دواییەی کورد و پێشهاتەکانی ئێستا لە ئەستۆ گرت، لەو کاتەوە ماڵپەڕ و هەژمارەکانمان لە سۆشیال میدیا، بەردەوام لەلایەن دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانەوە هێرشی زۆریان کراوەتەسەر و بەردەوام هەوڵی بلۆک کردنیان دراوە. بەڵام بەرچاوترین هێرشەکان لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدران؛ پەکەکە هەڕەشەیان لە بەشێک لە کارمەندەکانمان کرد، هێرشیان کردە سەر شوێنی کارەکەمان و سووکایەتی و بێڕێزیان پێکردین و تۆمەتیان بۆ هەڵبەستین. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێمە هەرگیز پاشەکشەمان نەکرد.
لە تازەترین هێرشدا، ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، سەبارەت بە ماڵپەڕەکەمان شرۆڤەی چەواشەکارانەی کرد و هەڕەشەی لێکردین.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە دارکا مازی وتی: “هەندێک ماڵپەڕ منیان بە خیانەتکار ناساندووە، بڵاوکراوەیەک هەیە بە ناوی دارکا مازی، هەرچەندە نادیاریش بێت، چوروکایا و ئەوانی دیکەش بەشێکن لەم پێکهاتەیە، ئەمانە زۆرتر ئامرازی ساختەکارین. پەدەکە لەم دواییانەدا چوروکایای هێنایە سەر کەناڵی تەلەفزیۆنی خۆی، کوردستان تیڤی، ئێستا ئەم ئەکاونتە دیجیتاڵیانە لەلایەن ئەوانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، ئەوانن ئەم ناوەڕۆکە ئامادە دەکەن. ئەوان هەلپەرستن، ئەوان خراپن، ئەوان هەموو جۆرە ئیستفزازییەکپرۆڤۆکاسیۆنێک دەکەن… ئێستا با ناویان بهێنم: ئەبووبەکر، بۆتان… ئەمانە هەموویان پیاوی هێزەکانی دەرەوەی سیستەمن. ئەو ئەمانە بەمشیوەیە بەکار دەهێنێت.
مانشێتی وتارێکی ئەوان “دارکا مازی” کە من خوێندمەوە ئەمە بوو: “ئایا پرۆسەی ئاشتی ڕاوەستاوە؟ لە ئیمرالی چی دەگوزەرێت؟ ئێمە چی دەزانین و چی نازانین؟”… ئەمانە مشەخۆری نەتەوەپەرستانی کوردن. ئەوان دەزانن کە ئێمە دەسکەوتەکانیان لێ وەردەگرینەوە. ئەرێ، هێزەکانی دەرەوەی سیستەم دەتوانن لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەو جۆرە زانیاریانە بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەوان لەلایەن پەدەکە، پاراستن و موسادەوە پشتگیری دەکرێن. ئەوان پشتگیری دەکرێن، ئەوان ئەو کەسایەتیانە نین کە بە جیددی وەربگیردرێن.
منیش دەزانم کە ئەوان کاریگەرییان دەبێت. ئەوان تۆڕێکن. بێگومان ئەوان لە دەوری پەدەکەش دەگەڕن. بەڵێ، سەلیم لە ئەورووپایە، بەڵام براکەی (د.سلێمان) لە باشوور لەکاتێکدا کە لەگەڵ پێشمەرگەکان مینی چێندراوی پووچەل دەکردەوە، مرد. ئەوان دەستیان بە هەموو شوێنێک ڕادەگات. تەنها کاری ئەوان ئەوەیە کە ئاژاوە بنێنەوە. هەتا پارەیان هەبێت ئەوان دەتوانن هەر شتێک بکەن. ئەوان لەلای ئێمە ماون و ئەوان هەموو شتێک لە ئێمەوە فێر بوون. ئەوان ژیربوونی خۆیان لە ئێمەوە وەرگرتووە. پێویستە ئێمە لەم بارەوە وریا بین. دەکری ئەوان لەو شوینانەی کە ئێمە وەک ڕێکخستنێک چۆڵی دەکەین، جێگیر ببن. پارەی ئەمەش لە موسادەوە دێت. کاریگەری ئەوان بچووکە، بەڵام ئەوان بەدوای بۆشاییەک دەگەڕن. ناهێڵم کە ئەوان بەم شێوەیە سوکایەتیم پێبکەن”.
ئێستا مافی ئەوەمان هەیە وەڵامی ئەو هەڕەشانەی ئۆجەلان بدەینەوە کە دژ بە ماڵپەڕەکەمان کردوونی. ئەوەی کە لە کۆتاییدا دەبێ بیڵێین، لە سەرەتاوە دەیڵێین: «ئەو کەسەی لە ئاسن بترسێت، سواری شەمەندەفەر نابێت». کاتێک ئێمە ئەم ڕێگایەمان گرتەبەر، دەمانزانی کە ڕێکخراوە بەکرێگیراوەکان لە بڵاوکراوەکانمان بێزار دەبن و بە توندی هێرشمان دەکەنە سەر. سەرەڕای ئەمەش، ئێمە دەستمان پێکرد. لەمەودواش، ئێمە نە لە هەڕەشەکانی ئۆجەلان و نە لە هەڕەشەکانی هیچ هێزێکی تر ناترسین.
بەر لە هەرشتێک، لەو وتارەدا کە ئۆجەلان باسی دەکات، ڕامانگەیاند کە شاهین جیلۆ (مەزڵووم عەبدی) و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ سەبری ئۆک، بەسێ هۆزات، دووران کاڵکان، چگدەم دۆغو، هێلین ئوومیت و هتد… لە ساڵی 2025 بەملاوە، سەردانی ئیمرالی دەکەن. ئۆجەلان بۆخۆی پشتڕاستی کردەوە کەوا ئەو زانیاریانەی کە ئێمە بڵاومان کردوونەتەوە، بەتەواوی ڕاستن.
ئێمە وەک دارکا مازی هەرگیز هیچ هەواڵێکی جێگای شک و گومانمان بڵاو نەکردۆتەوە. لە ڕاستیدا، هەندێک بازنە – کە زۆربەیان کەسانێک بوون کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیستیخباراتی پەکەکەدا بوون – زۆرجار لە سۆشیال میدیا پەیامیان بۆ دەناردین و دەیانگوت: “زانیاری گرنگتان پێدەدەین؛ ئەو کەسە ئینفاز کراوە، ئەو کەسە کوژراوە، من دەمهەوێت هەڵبێم، یارمەتیمان بدەن”. ئێمە دەمانزانی ئەمانە چەواشەکارن و باوەڕمان پێیان نەدەکرد. بە درێژایی ئەم پرۆسەیەدا، لە نووسینەکاندا دیارە کە ئێمە چۆن بەدوای هەقێقەتدا دەگەڕین، وەکوو گەڕان بەدوای دەرزییەک لەناو کادانێکدا.
ئۆجەلان ئێمە بە “خائین، ساختەچی و دەرەوەی سیستەم” ناودەبات. واتە ئۆجەلان کە فەرمانی کوشتنی هەزاران هاوڕێی خۆی دەرکرد و هێرشی کردە سەر هەموو کەسایەتییە پێشەنگەکانی مێژووی کورد، ئێمە بە خائین پێناسە دەکات! ئەو ئێمە وەک “هێزێکی دەرەوەی نۆرم” پێناسە دەکات. واتای “نۆرم” چییە؟ نۆرم بە واتای لەناو دەوڵەتدا بوون و پەیوەست بوون بە سیستەمی دەوڵەتەوە، دێت. لەبەر ئەوەی کە ئۆجەلان بۆخۆی پیاوی سیستەمی دەوڵەتی تورکیایە و بە وتنی “دەرەوەی دەوڵەت”، لەلای دەوڵەتی تورک سیخوڕیمان دەکات و ئیخباریمان لێدەدات. ئەم هەڵسەنگاندنەی ئۆجەلان لە ڕاستیدا دانپێدانانە لە دەمی خۆیەوە کە پیاوی دەوڵەتی تورکە.
ئۆجەلان دەڵێت: “ئەوان منیان بە خائین ناساندووە، من ڕێگە بەمە نادەم”. ئێمە ئۆجەلانمان بە خائین نەناساندووە؛ ئێمە تەنها ڕاستییەکانمان لەسەر ئۆجەلان نووسیوە. ئەو هێڵەی ئۆجەلان بەسەر کورددا دەیسەپێنێت، هێڵێکە بۆ کاولکردنی کوردستان. هێڵی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کورد بکاتە چەرخێک لە مەکینەی سەرەکی کۆلۆنیالیزمدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئێمە تەنیا ناڵێین ئۆجەلان خائینە؛ ئێمە دەڵێین ئۆجەلان ڕێکخراوترین و نهێنیترین خیانەتکارە لە مێژووی کوردستاندا. مێژووی کوردان هەرگیز خائینێکی وەها گەورەی تێدا نەبووە.
ئۆجەلان پشتی داوە بە دەوڵەتی تورکەوە و هەڕەشە لە کوردە ناڕازیەکان دەکات. ئاپۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێمە سوود لە “نەتەوەپەروەریی کورد” وەردەگرین. یەک شت ئاشکرایە و هیچ گومانی تێدا نیە: هەرکەسێک بەشداری خەباتی کوردایەتی بووبێت، وازی لە ماڵ و موڵک و ژیانی خۆی هێناوە. ئەوانەی کە ڕانتی کوردایەتی دەخۆن، بە پلەی یەکەم خودی ئۆجەلان و ئەو سیاسەتوانانەن کە ئەو لە دەوروبەری خۆی کۆی کردوونەتەوە. ئۆجالان 50 ساڵە لەسەر خوێنی گەنجانی کورد دەژیت. لە کاتێکدا کە لە بۆتان گوندەکان چۆڵ دەکران و دەسوتێنران و خەڵک دەکوژران، ئۆجەلان لە کۆشکی پێنج ئەستێرەی دیمەشقی سوریا مەلەوانیی دەکرد و وەک مەلیکێک دەژیا. ئەمڕۆ وەک شازادەیەک لە ئیمرالی چاودێری دەکرێت؛ دەوڵەت هەموو شتێکی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی تەمەندرێژیی بۆ مسۆگەر بکات.
ئێمە وەک دارکا مازی، بزاڤێکی بچووکین؛ بەڵام ئێمە ئەو بزاڤەین کە خوێندنەوەیەکی مێژوویی دروست پێشکەش دەکەین و دیالێکتیکی نێوان ئۆجەلان و هێزە کۆلۆنیالیستەکان بە دروستی دەستنیشان دەکەین. هەر بۆیە ئۆجەلان لێمان تووڕەیە و وەک هەمیشە هەڕەشەمان لێدەکات کە دەوڵەتی تورک و شوێنکەوتووەکانی، نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەکانی کورد لەناو ببەن. بەڵام ئەمە بێمانایە؛ تیرەکە لە کەوانەکە دەرچووە، ئێستا ئیدی کورد ڕووخساری ڕاستەقینەی ئۆجەلان دەبینێت و بە دەنگی بەرزتر پرسیاری لێدەکات.
ئۆجەلان ئیدیعا دەکات کە، “ئێمە واتە ‘دارکا مازی’، لەلایەن ئیسرائیل و مۆساد و پەدەکەوە پشتیوانی دەکرێین و ئێمە پاڵپشتی دارایی لەوان وەردەگرین”. وەک دارکا مازی دەتوانین بە ئاشکرا ئەمە بڵێین: خۆزگە هێزێکی لەو شێوەیە پاڵپشتیمانی کردبا و سەرچاوەی دارایی بۆ دابین کردباین! بەڵام ئێمە کۆمەڵێک دڵسۆزی کوردستانین کە بە ئیمکاناتێکی زۆر کەمەوە، بابەت بڵاو دەکەینەوە و تەنانەت ناتوانین ڕیکلام بۆ نووسینەکانمان بکەین. ئەگەر هێزێکی وەک مۆساد پاڵپشتیمانی کردبا، ئێمە بە دە زمان بابەتمان بڵاو دەکردەوە و وەک دامەزراوەیەکی گەورەی میدیایی کارمان دەکرد. بەڵام تیمەکەمان خۆبەخشانە و بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دارایی کاردەکات. ئەگەر پەدەکە پشتیوانی لە ئێمە کردبا، بارەگاکانمان لە کوردستان دەکردەوە. بەڵام تاکە پاڵپشتی ئێمە باوەڕمانە بە تێکشکاندنی پیلانەکانی دژ بە گەلی کورد و خۆشەویستیمانە بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردستان.
هەروەها زۆرجار لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای خۆمان پەیامی سووکایەتیکردنمان پێدەگات کە پەیوەندیمان بە پەدەکەوە هەیە. بەڵام لە واقیعدا ئێمە بەتەواوی پێچەوانەی ئەمە دەڵێین: “پەدەکە پشتیوانی لە پێگەیەکی میدیایی وەک ئێمە ناکات و چالاکی کاریگەر دژ بە پەکەکە ئەنجام نادات” و ئێمە لەمبارەوە ڕەخنەمان لە پەدەکە هەیە. ئێمە دەڵێین کەسانێک زۆر کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا دەژین و ژمارەیان لەو کەسانە زیاترە کە هەنووکە لە ناوپەکەکەدان، نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن. پەدەکە ئەگەر بیویستایە دەیتوانی بەو کەسانە حیزبێکی بەدیلی پەکەکە پێکبهێنێت؛ بەڵام نەیکرد. ئەگەر ئەوەندە ئەندامانی پەدەکە لە پارتەکەیان جیاببواینەوە و بهاتبانە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە، بێگومان پەکەکە ئەڵتەرناتیڤێکی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پێکدەهێنا. سەرەڕای ئەمەش، ئۆجەلان کە بڕیار بوو دوژمنێک بۆ خۆی دروست بکات، ئێمە بە پەدەکە و مۆسادەوە دەبەستێتەوە. بەڵام لە واقیعدا خودی ئۆجەلان و ڕێکخراوە هەڵوەشاوەکەی لە ناو چنگی دەزگا هەواڵگرییە ئیقلیمیەکاندا کاردەکەن و دڵسۆزانە خزمەت بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەن.
ئێمە دەمانهەوێ ئەم داواکارییە لە نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی کورد بکەین: “کاتێک ئۆجەلان کەسایەتییە گرنگ و ناودارەکانی مێژووی بەرخۆدانی کورد بە وشەی “جودەنرات” تاوانبار کرد و سووکایەتیی پێکردن، کاردانەوەی توندی کوردەکانی بینی و پاشەکشەی کرد و تفی خۆی قووت دایەوە ئیدی جارێکی تر ئەو دەستەواژەیەی بەکار نەهێنایەوە. هەڵوێستی ئێوە دەتوانێ خیانەتی بێویژدانانەی ئۆجەلان بوەستێنێت. ڕەخنەگرتن لە ئۆجەلان و سیاسەتەکانی بە شێوەیەکی دروست، ڕێگای ڕاگرتنی پیلانگێڕییە دژ بە کورد و کوردستان.
ئێمە وەک دارکا مازی لە ژێر هیچ هەڕەشەیەکدا سازش لەسەر پرنسیپەکانمان ناکەین. ئێمە بە پێویستی نابینین کە نیقاش لە سەر ناسنامەی خۆمان بکەین؛ ناسنامەی ئێمە، هێڵی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانمانە. وەک لە سەرەتادا گوتمان: ئەوانەی لە ئاسن دەترسن سواری شەمەندەفەر نابن. ئێمە لە هەڕەشەکانی ئۆجەلان ناترسین. ئێمە وەک جاران لەسەر ڕێگای ڕاستمان بەردەوام دەبین. با ئەوانەی کە لە ئۆجەلان دەترسن لە خودی ئۆجەلان سووکتر و خاپوورتر بن…