گۆڕانێکی بێدەنگ لە پێناسەی پرسی کورددا
ئایا کورد سەرکەوتوو دەبێت لە بەرگریکردن لە ناسنامەکەی پێش ئەوەی ئەوانی تر بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێناسەی بکەن؟ ✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزئایا کورد سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت؟ نە هەموو ئەو شکستانەی کە بەسەر نەتەوەکاندا دێن سەربازین و نە هەموو سەرکەوتنەکانیش سیاسین. مێژوو فێرمان دەکات کە مەترسیدارترین گۆڕانکارییەکان ئەوانەن کە کاریگەرییان لەسەر پێناسەی گەلان و پێگەی ئەوان لە جیهاندا هەیە. کاتێک پێناسەی نەتەوەیەک دەگۆڕدرێت، وردە وردە و بەپێی قۆناخ، شیوازی مافەکانیشی دەگۆڕدرێن و ئاسۆی داهاتووشی کەم دەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە پرسی کورد ئەمڕۆ بە دەروازەیەکی هزری و سیاسی جیادا تێپەڕ دەبێت کە لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا جیاوازە. دوای چەندین سەدە مشتومڕ لەسەر داننان یان نکۆڵیکردن بە هەبوونی گەلی کورددا، ئێستا گفتوگۆکە بەرەو ئاستێکی دیکە و ئاڵۆزتر دەڕوات: چۆن دەتوانن پێناسەی کورد بکەن؟ نەک وەک نەتەوەیەکی خاوەن گێڕانەوەیەکی مێژوویی و مافێکی کۆلەکتیڤ، بەڵکوو وەک کۆمەڵگەیەکی دانیشتوو کە پێویستیان بە کارگێڕی، ڕێکخستن و خزمەتگوزاری هەیە؟ ئەم گواستنەوەیە بڵاوکراوەیەکی کاتی زمانەوانی یان سیاسی نییە، بەڵکوو نیشانەی ڕەوتێکی فراوانترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کاردەکات بۆ گواستنەوەی ململانێکان لە ئاستی مافە نەتەوەییەکانەوە بۆ ئاستی حوکمڕانی خۆجێی، لە ئاستی گەلانەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگاکان و لە پرسیاری ڕەوای مێژووییەوە بۆ پرسیاری توانا و لێهاتوویی بەڕێوەبردن. بیرمەندی فەرەنسی “ئێرنست ڕێنان” پێیوابوو کە نەتەوە تەنیا ڕەگەزێک یان زمانێک نییە، بەڵکوو ڕاپرسییەکی ڕۆژانەیە و ئیرادەیەکی بەکۆمەڵە بۆ بەردەوامبوون. لە هەمان کاتدا هێگل پێیوابوو کە مرۆڤەکان دەبنە کارەکتەر و ئەکتەر لە مێژوودا کاتێک هۆشیاری و پەیامێکیان هەبێت کە پاساو بۆ هەبوونی ماددی خۆیان بهێننەوە. لە سەردەمی هاوچەرخدا “بێنێدکت ئەندەرسۆن” نەتەوەی وەک کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز پێناسە کردووە، نەک بە مانای ئاشۆپ، بەڵکوو بە مانای پەیوەندییەکی ڕۆحی کە ڕێگە بە ملیۆنان مرۆڤ دەدات هەست بە بەستراوبوون بە چارەنووسێکی هاوبەشەوە بکەن، تەنانەت ئەگەر لە نزیکەوە یەکتریش نەناسن. لەو بارەوە “مالیک بن نەبی” هۆشداری دەدا کە کێشەی نەتەوەکان لە سەرهەڵدانی خاکەوە دەست پێناکات، بەڵکوو لە ونبوونی ئەو هزرەوە دەست پێدەکات کە مانا و بەها بە خاک دەبەخشێت. کاتێک ئەو هزرە پاشەکشە دەکات، پرۆسەی قبووڵکردنی پەراوێزکەوتن و هەڵوەشانەوە دەست پێدەکات، گرنگیش نییە کە نەتەوەکە چەندەی داهات و توانای ماددی هەبێت. لە ژێر ڕۆشنایی هزری ئەو فەیلەسوفانەدا، پرسی کورد ئەمڕۆکە لە ژێر مەترسی نکۆڵیکردنی ڕابردوودا نییە، بەڵکوو هەڕەشەی تەسککردنەوەی لەسەرە؛ واتە بەرتەسک کردنەوەی نەتەوەیەک کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەبێت و یەکێکە لە نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە، بۆ دۆسیەیەکی کارگێڕی (ئیداری)، ئابووری یان ئەمنی. لێرەدایە کە هەستیاریی ئەم قۆناغە نوێیە ئاشکرا دەبێت. بۆیە پرسی کورد لە ساڵانی داهاتوودا تەنها بە توانای بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی تاقی ناکرێتەوە، بەڵکوو بە توانای پاراستنی ناسنامەی خۆی وەک دۆزی گەلێک و نەتەوەیەک و شوناسێکی مێژوویی تاقیدەکرێتەوە. ململانێی ڕاستەقینە چیتر تەنها لەسەر نەخشە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەو چەمک و مۆدێلانەشەوە هەیە کە ئەو نەخشەیە لەڕێگەیانەوە ڕاڤە دەکرێت. بۆیە تەحەدای سەرەکی بۆ کورد تەنیا بەرەنگاربوونەوەی فشارە ناوچەییەکان نییە، بەڵکوو دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان شوناس و دامەزراوەکان، لە نێوان هۆشیاری نەتەوەیی و دیموکراسیدا و لە نێوان یادەوەری مێژوویی و داواکارییەکانی دەوڵەتی مۆدێرندا. گەلان لەبەر ئەوە بەردەوام نابن کە ستەمیان لێدەکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوە دەمێننەوە کە توانای ئەوەیان هەیە یادەوەری خۆیان بکەنە پڕۆژەیەک بۆ داهاتوو. لەم ڕوانگەیەوە یەکڕیزی نێوخۆیی کورد و بنیاتنانی دام و دەزگا و دامەزراوەی بەهێز و داڕشتنی گوتارێکی دیموکراتیک و مۆدێرنی نەتەوەیی، تەنیا بژاردەی سیاسی نین، بەڵکوو مەرجی هەبوونی مێژوویین لە سەردەمێکدا کە نەخشەی هەژموون و ناسنامەکان وێکڕا دەکێشرێن و دەگۆڕدرێن. لە جیهانێکدا کە گۆڕانکارییەکان تێیدا خێرایە، گرنگترین پرسیار نابێت ئەوە بێت کە دیتران چ بڕیارێک لەسەر کورد دەدەن؟ بەڵکوو پرسیارە گەورەکە دەبێ ئەوە دەبێت: ئایا کورد سەرکەوتوو دەبێت لە بەرگریکردن لە ناسنامەکەی پێش ئەوەی ئەوانی تر بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێناسەی بکەن؟