بە ئەفسانەییکردنی چالاکیی زیلان: مردن و فیداکاری لە گوتاری سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا

بە ئەفسانەییکردنی چالاکیی زیلان: مردن و فیداکاری لە گوتاری سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا

سەرکەوتنی گەورەی ئۆجەلان خودی چالاکییەکەی زیلان نەبوو، بەڵکوو توانای ئۆجەلانە بۆ شاردنەوەی واقیعی هێڵی خۆی کە دژایەتی هێڵی زیلان دەکات.

ئەو چالاکییە فیداکارییەی کە زەینەب کناجی (زیلان) لە ڕێکەوتی 30ی حوزەیرانی 1996 لە دێرسیم ئەنجامیدا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوو. بەو پێیەی ئەو چالاکییە توخمە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکی کردە ئامانج، زۆرێک لە کوردەکان وەک بەرخۆدانێک لە دژی سیاسەتەکانی کۆلۆنیالیزم قبووڵیان کرد. بەڵام ئەم لەئامیزگرتنە زۆر بەهێزە، لە کۆتاییدا دەرئەنجامێکی دیکەی لێکەوتەوە: خودی چالاکییەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام نیقاش کردنی چالاکییەکەی زیلان جیاوازە لە نیقاشکردنی ئەوەی کە ئۆجەلان ئەو چالاکییە بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنێت. تا ئەو دوو پێناسەیە لەیەکتر جیا نەکرێنەوە، ناکرێ نە لە چیرۆکی زیلان و نە لە گۆڕانی پەکەکە بە باشی تێبگەین.

ئەمڕۆ کە باس لە زیلان دەکرێت، ئەوەی دێتە بەرچاو، ژیانی مرۆڤێکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو “ڕۆحی زیلان”، “هێڵی زیلان” و ئەفسانەی فیداکارییە. بەڵام زەینەب کناجیش کەسێک بوو کە لە بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراودا دەژیا و هەڵبژاردنی سیاسیی دەکرد و ڕووبەڕووی ئاستەنگی تاکەکان بوویەوە. ئەو هەلومەرجەی کە ئەم کردەوەیەی تێدا ئەنجامداوە، ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە و ئەو کەشوهەوای دەروونییەی کە بڕیارەکەی تێدا داوە، ساڵانێکە تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر سێبەری گێڕانەوە ئەفسانەییەکاندا ماوەتەوە. چالاکوانەکە بە شاراوەیی مایەوە و تەنیا هێماکە ئاشکرا بوو.

ئایا زەینەب کناجی خوداوەندە یان ژنێکە کە لە ژیانێکی پڕ لە ئازار و ناخۆشیدا گەورە بووە؟

زیلان، کە لە ساڵی 1972 لە گوندی “ئەلمال”ی سەر بە “مەلەتی”ی باکووری کوردستان لەدایک بووە، بە گوتەی بنەماڵە و هاوڕێکانی، کەسێکی هەستیار و لەناوخۆیدا بووە. هاوڕێکانی زانکۆی وەک کەسێک وەسفیان کردووە کە کێشەکانی لە دڵی خۆیدا دەهێشتەوە و کەم قسەی دەکرد و زۆر هەستیار و ناسک بووە. لە ساڵی 1993 لەگەڵ کەسێک کە لە زانکۆ ناسیبووی، هاوسەرگیریی کرد. لە ژێر کاریگەری پەرەسەندنی گشتیی نەتەوەپەروەریی کورد لەو کاتەدا، لەگەڵ هاوسەرەکەی بوون بە لایەنگری پەکەکە. لە ساڵی 1994دا وەکوو دەسپێک لە بەشی ڕێکخستنی ناو شاری ئەدەنە کاری کردووە. بەڵام بەڕێوەبەریی ڕێکخستنی ئەدەنەی پەکەکە ئەو و هاوسەرەکەی لەیەکتر جیاکردەوە. لە ساڵی 1995دا زیلان وەک گەریلا ڕەوانەی پارێزگای دێرسیم کرا. هاوسەرەکەی لە کۆتایی هەمان ساڵدا لە پێکدادانێکدا بریندار دەبێت و دەکەوێتە دەستی تورکیا. زیلان لە ڕووی جەستەییەوە بۆ بارودۆخی سەختی شاخەکان گونجاو نەبوو. ئەم لاوازییە جەستەییە وای لێکرد کە ناچالاک بێت. لە ڕاستیدا لە نامەکانیدا هەستی خۆی سەبارەت بەو سەختییانە دەردەبڕێت کە لەناو پەکەکەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە و دەڵێت: “لەبەر چەند هۆکارێک کە مرۆڤ لاواز دەکەن، من سەرکەوتنێکی ئەوتۆم بەدەست نەهێناوە”.

تەمەنی کورتی زیلان لەگەڵ ئەو کەسایەتییە “ناسک و هەستیارەی” کە هاوڕێکانی باسی دەکەن، ئەوە دەردەخات کە قۆناغێکی زۆر سەختی بەسەر بردووە. بە واتایەکی تر ئەوەی دەیبینین ئەو خوداوەندە نییە کە ئۆجەلان وێنای دەکات، بەڵکو ژنێکی گەنجی تەمەن 24 ساڵە، کە لە ژێر قورسایی ژیانێکی پڕ لە سەختیدا چەقاوە.

زیلان، پاراستنی مەسعوود یەڵماز و ئۆجەلان…

لە 6ی ئایاری 1996دا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک ماڵی ئۆجەلان لە دیمەشق تەقیەوە. ئۆجەلان ئەو ڕووداوەی بە پیلانگێڕی لەدژی خۆی وەسفکرد. بە درێژایی ئەو هاوینە، لەو ڕێنماییانەی کە بۆ کادیرەکانی ڕێکخراوەکە دەینارد، لە پەیوەندییەکانیدا لە ڕێگەی ئامێرە بێتەلەکانەوە و لە خولە پەروەردەییەکاندا، ئۆجەلان بە بەردەوامی دەیگوت “دەیانویست بمکوژن”.

ئەوەی جێگای سەرنجە، دواتر بۆمان دەردەکەوێت کە ئۆجەلان پێشتر ئاگاداری ئەم پیلانی تیرۆرکردنە بووە. دواتر ئاسکرا بوو کە مەسعوود یڵماز، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، لە ڕێگەی یاڵچین کوچوکەوە، ئۆجەلانی لەم ڕووداوە ئاگادار کردبۆوە.

ئۆجەلان هەوڵیدا سەرکردایەتی و تەواوی ڕێکخراوەکە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی بەکاریان بهێنێت. لە چالاکیی زیلاندا، کە هەوڵی تیرۆرکردنی ئۆجەلان وەک هۆکاری ئەو چالاکییە دەخرێتەڕوو، کە بەهۆی پڕوپاگەندەی ئۆجەلانەوە بوو. بە واتایەکی تر ئۆجەلان چالاکییە فیداکارییەکانی وەک تاکتیکێکی شەڕ پێناسە کرد و ویستی لەمەودوا گەریلا بەپێی تاکتیکە خۆکوژییە بجووڵێنەوە. هەروەها زیلانیش لە ژێر کاریگەریی ئەم پیسکۆلۆژییەدا ئەو بڕیارەی داوە. بەڵام ئایا زیلان ئاگاداری ئەوە بوو کە مەسعوود یڵماز ئۆجەلانی لەم ڕووداوە ئاگادار کردۆتەوە پێش ئەوەی ڕووبدات؟ بێگومان نەخێر.

چالاکییەکەی زیلان بۆ ئۆجەلان بوو بە داری ژیان

هەر لەم ساتەدا بوو کە ڕێبازی سیاسی ئۆجەلان هاتە گۆڕەپانەکەوە. مردنی زیلان نەک وەک کارەساتێکی تاکەکەسی یان کردەوەیەکی فیداکارانەی شەخسی، بەڵکو وەک گێڕانەوەیەکی نوێی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە پێناسە کرا. بەم شێوەیە، کەسایەتی زیلان شارایەوە و تەنیا مەرگی زیلان وەک جەوهەری ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوەکە دانرا. ئەوەی گرنگ بوو ئیتر ئەوە نەبوو کە زەینەب کناجی کێیە، ئەوەی بۆ ئۆجەلان گرنگ بوو ئەوە بوو کە مردنەکەی تەمسیلی چی دەکات. ئەم هەڵبژاردنە بە ڕێکەوت نەبوو، یانیش بابەتێکی ڕێزگرتن لە مردن نەبوو؛ بەڵکوو قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی خۆپەرستیی ئۆجەلاندا بوو.

جگە لەوەش نەک هەر زیلان، بەڵکو تەواوی کادیرانی پەکەکە لە قەیرانێکی گەورەدا دەژیان. ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی سەرەتای ساڵانی 1990 ئەو ئەنجامە سیاسییە چاوەڕوانکراوەیان بەدەست نەهێنابوو؛ بە پێچەوانەوە بە توندی سەرکوت کرابوون. چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچی زۆرەملێ، وێرانکارییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەدوای خۆیدا هێنابوو. هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر شارەکان بەردەوام بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شەڕی گەریلا زیاتر شکستی دەهێنا. هەموو ڕۆژێک لە شارەکانی کوردستاندا، نیشتمانپەروەرە پێشەنگەکان دەکوژران. لە بۆتان کە پەکەکە بە ناوچەی ئازادکراو ناوی دەبرد، یەک کەسی مەدەنی نەمابوو. گەریلا نەیاندەتوانی خۆراکی خۆیان دابین بکەن. جگە لەوەش ژیانی تایبەتی ئۆجەلان لە دیمەشق، کە لەگەڵ ژنان لە یەک ماڵدا دەژیا، بووە هۆی نائارامی لەناو ئەو ڕێکخراوەدا. ستراتژیی هەیی و ژیانی ئۆجەلان، بەرە بەرە لەناو ڕێکخراوەکەدا دەبووە بابەتی گومان و مشتومڕ. لە قۆناغێکی وەهادا چالاکیی زیلان نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو هاوکات لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە وەک هێڵی داری ژیان، خزمەتی بە سیستەمی ئاپۆچی کرد.

ئایا زیلان خودایە؟ ئەگەر خوداوەندێک بۆ ئۆجەلان بمرێت، ئەوا هەر کەسێک دەتوانێت بمرێت

ئۆجەلان نەک هەر ئەم چالاکییەی قبووڵ کرد، بەڵکوو کردی بە یەکێک لە ئەفسانە ناوەندییەکانی ڕێکخراوەکەی. ئۆجەلان لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ زیلان دەڵێت: “زیلان مانیفێستێکە، ئەو چالاکییەی زیلان گورزێکە لە ژیانی نێوان ژن و پیاودا. خەتی زیلان بە هەموانی پیشاندا کە مرۆڤ چۆن دەتوانێ ببێتە سەرۆکپەرست. زیلان خوداوەنێکە و مرۆڤ دەبێت کڕنۆشی بۆ ببات”. بە گوتەی ئۆجەلان، تەنیا کەسێک کە لەو تێدەگات، زیلانە؛ هەمووکەس دەبێ هەوڵبدات تا وەکوو زیلان بێت.

زیلان ئیتر تاکەکەسێک نەبوو، بەڵکو هێمایەک بوو لە دۆزییەک کە مرۆڤ دەبێت خۆی لە پێناویدا فیدا بکات. بەم شێوەیە قوربانیدان چیتر بەهایەک نەبوو کە ژیان دەوڵەمەند بکات، بەڵکوو فیداکاری گۆڕدرا بۆ پێوەرێکی پابەندبوون کە بە مردن دەستنیشان دەکرا. ئەم پێناسەیە پاڵنەر بوو بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکە و لە هەمان کاتدا سەرۆکپەرستی ـ خۆپەرستیی ئۆجەلانی مسۆگەر کرد. چونکە تا مردن پیرۆزتر بێت، ئەو سەرکردەیەی کە مانای پێدەبەخشێت، دڵنیاتر و پیرۆزتر دەبێت. بۆیە ئەفسانەی زیلان تەنیا شکۆمەندکردنی زیلان نییە؛ بەڵکوو هاوکات ڕێگایەکە بۆ ئۆجەلان تا دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیی خۆی بەهێزتر بکات. بە خوداوەند کردنی زیلان زەمینە بۆ پیرۆزکردنی ئۆجەلان خۆش دەکات. ئەگەر خوداوەندێک لەپێناو ئۆجەلاندا مردبێت، ئەوا دەبێت هەمووکەس لەپێناو ئۆجەلاندا بمرێت.

کاتێک ئۆجەلان چیرۆکی مردنی ئەو کەسانەی کە لەپێناو ڕێبەرێکدا دەمرن دەخاتە ناوەندی گێڕانەوەی سیاسی خۆیەوە، لە ڕاستیدا ڕێبەرایەتی خۆی پیرۆز دەکات. بۆیە ئەفسانەی زیلان تەنیا چیرۆکی پاڵەوانێکی فیداکار نییە؛ بەڵکوو هاوکات  چیرۆکی سەرکردەیەکی ستەمکاریشە.

پیرۆزکردنی مردن و پاشان ئاساییکردنەوەی

جددیترین دەرئەنجامی ئەم تێگەیشتنە ئاساییکردنەوەی مردنە. کاتێک بزووتنەوەیەک دەست دەکات بەوەی کە گەورەترین شەرەف و فەزیلەت لە مردندا بدۆزێتەوە نەک لە ژیاندا، ئەوکات مەرگ وەپێش ژیان دەکەوێت. پرسیاری “بۆچی ئەوەندە گەنج مردوون؟ دەگۆڕدرێت بۆ پرسیاری “چۆن دەکرێ قارەمانێتیەکی گەورەتر بەدەست بهێندرێ؟” لە وەها کولتوورێکی سیاسیدا ڕەخنە وەک بێوەفایی سەیر دەکرێت. لەگەڵ گەورەبوونی ئەفسانەدا، ڕاستی بچووک دەبێتەوە.

ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، زۆرجار قسەکردن لەسەر زیلان وەک ڕێگەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە قسەکردن لەسەر ئۆجەلان بەکاردێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت لە چیرۆکی زیلان تێبگەین، دەبێت لە هێما ئەفسانەییەکە جیای بکەینەوە. ژیانی زەینەب کناجی و گۆڕینی مردنەکەی بۆ پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەیی-سیاسی یەک شت نین.

بۆیە ئەوەی دەبێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، ئەو تێگەیشتنەیە کە لە مردنی دڵتەزێنی تاکێکەوە، شەرعیەتی سیاسی وەردەگرێت. چونکە کاتێک ئەفسانە ناخرێتە ژێر پرسیارەوە، نەک تەنها ڕابردوو ڕاڤە دەکەن؛ بەڵکوو داهاتووش پێناسە دەکەن. هەتا ئەفسانە زیاتر بەرهەم بهێنرێت، بەو ڕادەیە ڕەخنەگرتن کەمتر دەبێت.

ئایا زیلان خودایە یان تراژدییە؟

کاتێک مرۆڤ لەم گۆشەنیگایەوە سەیری ڕووداوەکە دەکات، پێکناکۆکی گەورە سەرهەڵدەدات. ڕوانگەی سەرکردایەتی کە بۆ گەورەبوونی خۆی، مردن وەک شکۆمەندییەک دەخاتەڕوو، کاتێک سەرۆک دەگیردرێت و لەگەڵ هەڵوێستە سیاسییەکەی بەراورد دەکرێت، پرسیاری جددی دەوروژێنێت. ئەم دۆخە زیاتر لە مردنی زیلان، پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە لەو پرسیارە هەیە: ئەم مردنە لەلایەن کێ و بۆ چ مەبەستێک شرۆڤە کراوە؟

تراژدیی زیلان تەنها مردنی ئەو نییە، بەڵکوو تراژیدیی ڕاستەقینە گۆڕینی مردنی ئەو کچەیە بۆ سەرمایەی سیاسی. چونکە کاتێک بزووتنەوەیەک دەست بەوە دەکات کە هێز لە مردووەکانی وەربگرێت، ئەوا لە ڕاستیدا دەست دەکات بەوەی کە زیندووەکانی بۆ مەرگ ئامادە بکات. بۆیە بیرکردنەوە لە زیلان تەنها تێگەیشتن لە ڕابردووی خۆی نییە، بەڵکوو هاوکات تێگەیشتنە لەوەی کە چەمکی سەرۆکپەرستی چۆن بەرهەم دێت. کاتێک سەیری هەڵوێستی سیاسی ئەمڕۆی ئۆجەلان دەکەین، ئەوە ڕوونە کە ئەو هێڵەی کە زیلان گرتیەبەر و ئەو هێڵەی کە ئۆجەلان بەدوایدا دەروات، بەتەواوی دژبەیەکن. سەرکەوتنی گەورەی ئۆجەلان خودی چالاکییەکەی زیلان نەبوو، بەڵکوو توانای ئۆجەلانە بۆ شاردنەوەی واقیعی هێڵی خۆی کە دژایەتی هێڵی زیلان دەکات.

Share