میدیای تورکیا: پەکەکە گرنگترین ناوچەی “گارە”ی چۆڵ کردووە

میدیای تورکیا: “دەوڵەت ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەی بە ئۆجەلان داوە و ئۆجەلانیش بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و ڕێککەوتنێک کراوە”.
میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە پەکەکە گرنگترین ناوچەی گارەی چۆڵ کردووە و حکومەتی تورکیاش ڕەشنووسی یاسای پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان هاوبەش دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پەکەکە هەنگاوێکی دیکەی کردەیی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا ناوە و گرنگترین ناوچەی گارەی چۆڵ کردووە کە کەمپی سێهەم و گرێ بەهارێ لە باشووری کوردستان لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیان پشتڕاست کردووەتەوە، کە پێشتر بۆ پەکەکە ناوچەیەکی زۆر ستراتژیک بوون.
ئەمەش وایکردووە میت گڵۆپی سەوز بۆ دەرکردنی یاسایەک لەسەر پرۆسەکە هەڵبکات، چونکە دەرکردنی ئەو یاسایە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی میت سەبارەت بە هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دەوڵەت ڕەشنووسی یاسای پرۆسەکەی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوە و ئۆجەلانیش بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕیوە و ڕێککەوتنێک کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بۆچوون و کردەوەکانی ئۆجەلان لە یاساکەدا لەبەرچاو نەگیراون.