ئەحمەد تورک: ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە سەرەتا لەگەڵ ئۆجەلان هاوبەش دەکرێت

ئەحمەد تورک: “ئاشتییەکی بەردەوام بە پاڵپشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە مومکینە، نەک تەنها ئەکتەرە سیاسییەکان”.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد ڕایگەیاند، ئەو ڕەشنووسی یاسایەی کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی نوێی ئاشتیدا ئامادەکراوە، پێش ئەوەی پێشکەشی پەرلەمان بکرێت لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هاوبەش دەکرێت.
ئەحمەد تورک کە بەشداریی لە ‘وۆرکشۆپی ئاشتی و دیالۆگ’ کرد کە لە ناحیەی قۆسەری مێردین بەڕێوەچوو، بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتیەوە خستەڕوو.
ئەحمەد تورک دەستنیشانی کرد کە پرۆژە یاسایەک وەک بەشێک لە پرۆسەکە ئامادە کراوە و گوتی: “پرۆژەیاسایەک ئامادە دەکرێت، گفتوگۆکان لەسەر ئەم ڕەشنووسە بەردەوامن. دەزانین پێش ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان هاوبەش دەکرێت”.
تورک جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەیاساکە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و سەقامگیر دروست دەکات و ئەمەش لەخۆیدا گرینگییەکی زۆری هەیە.
تورک ئاماژەی بەوەدا کە ئاشتییەکی بەردەوام بە پاڵپشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە مومکینە، نەک تەنها ئەکتەرە سیاسییەکان و گوتی، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن.
تورک وتیشی، “چ لە ئاک پارتی، چ لە جەهەپە یان مەهەپە، پێویستە هەمووان بەبێ بەستراوەیی حیزبیەوە، لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بن، پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی ئاشتییەکی بەردەوام و لیبڕاڵی لە ئەستۆ بگرن”.
هەروەها تورک لە وتارەکەیدا سەرنجی زستە سەر گرنگی یەکڕیزیی سیاسی لە نێوان دەنگدەرانی کورددا و ڕایگەیاند کە کێشەکان بە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک چارەسەر دەکرێن.
ئەحمەد تورک گوتی: “سیاسەت بەبێ کورد بەڕێوەناچێت” و ئاماژەی بەوەدا کە قۆناغی ئێستا دەرفەتێکی گرنگە و جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزی و یەکێتی کردووە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی دیموکراتیک و ئایندەیەکی دیموکراتیکدا هاوکار بێت.