لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە: ترەمپ گەیشتە تورکیا و ئیسرائیل دەیهەوێت فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 ڕابگیرێت

ئیسرائیل: “فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 یان بزوێنەرەکانی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا، هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەدات”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (7ی تەمموزی 2026) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە 36ـەمین لووتکەی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
لەگەڵ دەستپێکردنی لووتکەکە، سکرتێری گشتی ناتۆ واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی گەورەی سەربازیی ڕاگەیاند، هاوکات ئیسرائیل دژایەتی توندی خۆی لەگەڵ داواکاریی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی F-35 دەربڕی.
مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ لە یەکەم ڕۆژی لووتکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندام و کۆمپانیاکانی هەردوو لایەنی زەریای ئەتڵەسی، گرێبەستی سەربازی نوێ بە بەهای ملیارەها دۆلار واژۆ دەکەن.
ڕووتە سەرنجی خستە سەر هەڕەشە جیهانیەکان و هۆشداریی بە وڵاتانی ئەندام دا و وتی: “ڕووسیا، چین، کۆریای باکوور و ئێران پێکەوە کاردەکەن و وەبەرهێنانێکی زۆر لە کەرتی سەربازیدا دەکەن، پێویستە ناتۆ لەهەمبەر ئەم هاوئاهەنگی و هاوکاریەدا، وسیار و چاوکراوە بێت، چونکە بەرژەوەندییەکانی ناتۆ لە خەیاڵی ئەواندا نییە”.
پێش دەستپێکردنی لووتکەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و داوای لە ئەمریکا کرد فڕۆکەی جەنگی F-35 یان پارچەکانی بە تورکیا نەفرۆشێت. ناتانیاهۆ لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی “فۆکس نیوز” ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.
نەتانیاهۆ وتی: “من پێموانیە کە پێویست بکات فڕۆکەی F-35 یان بزوێنەرەکانی فڕۆکەی جەنگی بدرێت بە تورکیا، ئەمە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەدات. بۆ ئێمە دڵنیابوون لە باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل و ئامادەیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرنگە”.
لە لایەکی دیکەوە، بورهانەدین دوران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپی بۆ ئەنقەرە بە گرینگ وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات وەک دوو هاوپەیمانی نزیک و ستراتژیک مامەڵە دەکەن.
دوران ئاماژەی بەوەشکرد، لەم سەردانەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەبوارەکانی بەرگری و بازرگانی و وەبەرهێنان تاوتوێ دەکرێن و ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ دۆزینەوەی تێڕوانینی هاوبەش لەسەر پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان.