یاسای نوێی پرۆسەی ئاشتی لێبووردنی گشتی لەخۆناگرێت

کورتولمووش: پرۆسەکە نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، ئەگەر خواستێک بۆ دانانی چەک لە ئارادا نەبووایە، هەرگیز هەنگاوی وا نەدەنرا.
نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، یاسای نوێی پرۆسەی ئاشتی لێخۆشبوونی گشتی ناگرێتەوە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هیوادارن پێش چوونی پەرلەمان بۆ پشووی هاوین، بابەتی یاسای پرۆسەی ئاشتی بە رێژەیەکی بەرچاو کۆتایی بێت بۆ ئەوەی تورکیا هەناسەیەکی ئارام هەڵبکێشێت.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، جەختیشی کردەوە، ئەگەر خواستێک بۆ دانانی چەک لە ئارادا نەبووایە، هەرگیز هەنگاوی وا نەدەنرا، بەتایبەت دوای راگەیاندنی پەیامەکەی ئیمراڵی بۆ کۆتاییهێنان بە چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا روونکردنەوەی دا لەسەر ئەو یاسایەی بڕیارە لەم چوارچێوەیەدا دەربچێت و گوتی، یاساکە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت و بە هیچ شێوەیەک تایبەتمەندیی لێخۆشبوونی گشتی وەرناگرێت.
روونیشی کردەوە، بڕیارەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە نێو ژیانی ئاسایی، بۆیە دەتوانن سوود لەو رێکخستنە یاساییە ببینن.
لە کۆتاییدا کورتولموش داوای لە هەموو لایەک کرد ئاگاداری زمان و لێدوانەکانیان بن، رێگەش نەدەن هیچ هەوڵێکی تێکدەرانە زیان بە پرۆسەکە بگەیەنێت.
هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت. ئەمەش بووە سەرەتای گەڕێکی نوێ لە دانوستانەکان و کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئاشتی.
دواتر لە سەرەتای ساڵی 2025، ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد. وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، لە مانگی تەممووزی 2025 ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و وازیان لە شەڕ هێنا.
لە ئێستاشدا، پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە کار لەسەر داڕشتنی یاسایەک دەکات بۆ رێکخستنی چۆنیەتیی چەکدانانی پەکەکە و گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ نێو ژیانی مەدەنی، هاوکات پرۆسەکە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەیدا.