یاسای چوارچێوە؛ دەم پارتی پێشنیارەکانی ئۆجەلان پێشکەشی لایەنەکان دەکات

یاسای چوارچێوە؛ دەم پارتی پێشنیارەکانی ئۆجەلان پێشکەشی لایەنەکان دەکات

دەگوترێ دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوادەخرێت بۆ دوای یاسای چوارچێوە، بەڵام بارودۆخی کارکردنی باشتر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام بدات.

دوای سەردانەکەی 20ی تەمووزی شاندی ئیمرالی بۆ دورگەکە و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گفتوگۆکان لەسەر یاسای چوارچێوە چڕتر بوونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی ئەنقەرە دەستکەوتوون، دەم پارتی بۆ یاسای چوارچێوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات و پێشنیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەش بە حیزبە سیاسییەکان دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دوای کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر ئەو پرسە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد و دوای سەردانەکان، ڕاگەیاندراوێکی لە پەرلەمان بڵاو کردەوە.

کورتولموش لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەیانەوێت کۆدەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دروست بکرێت و دوای تەواوکردنی کاری لایەنەکان لەسەر یاسای چوارچێوە، دەیخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

هەروەها سەرکردایەتی تەڤگەر و دەم پارتی چەندین جار جەختیان لە گرنگی پێناسەکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ‘سەرۆکی ناوبژیوانی’ پرۆسەکە کردووەتەوە.

دەگوترێت دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوادەخرێت بۆ دوای یاسای چوارچێوە، هەروەها بارودۆخی کارکردنی ئۆجەلان باشتر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام بدات.

Share