کۆمەڵە: یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانمان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

کۆمەڵە: یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانمان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

بە شەهیدبوونی ئەبوبەکر هۆشەنگی، ژمارەی شەهیدانی کۆمەڵە لە دوایین هێرشی ئێراندا بۆ سەر زەڕگوێز، گەیشتە 10 شەهید.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، یەکێک لەو پێشمەرگانەیان کە لە دوایین هێرشی مووشەکی ئێراندا بە سەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و شەهید بوو. بەمەش ژمارەی شەهیدەکانیان لەم هێرشەدا گەیشتووەتە 10 کەس.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەیاننامەی کۆمەڵەکەدا بڵاوکراونەتەوە، پێشمەرگە ئەبوبەکر هۆشەنگی لە ئەنجامی بۆردومانکردنی بنکەکانیان لە ناوچەی زەڕگوێزەڵەی سلێمانی بە سەختی بریندار ببوو. هەرچەندە ئەو هاوڕێیەیان چەند ڕۆژێک لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو، بەڵام لە ئەنجامدا بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

ئەو هێرشە مووشەکییەی کە کاتژمێر 6:00ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 17ی تەمووز، بۆ سەر بنکەکانی کۆمەڵە لە نزیک شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجامداربوو، ڕاستەوخۆ زەڕگوێزی کردبووە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا 9 پێشمەرگە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا و 3 پیشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. بە شەهیدبوونی ئەبوبەکر هۆشەنگی، ژمارەی شەهیدانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو هێرشەدا گەیشتە 10 شەهید. چارەسەری بریندارانی دیکەی هێرشەکە بەردەوامە.

Share