کۆمیسیۆنی یەکێتی نەتەوەیی لە ئامەد، هێرشەکانی سەر پێشمەرگە شەرمەزار دەکات

“ئازاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئازاری هەموو نەتەوەی کوردە، ئازارەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاڤا، لێک جودا نین”.
کۆمیسیۆنی هەوڵدانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان لە ئامەد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار کرد.
کۆمیسیۆن لە بەیاننامەکەیدا سەرنجی خستەسەر شەهیدان و بریندارانی کۆمەڵە و PAK و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی هەر چوار پارچەی کوردستانن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆمسیۆنەکە بڵاوی کردۆتەوە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیدا بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری شاری سلێمانی، 9 پێشمەرگە شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها دوێنێش ئێران هێرشێکی دیکەی کردە سەر بارەگای هاووڵاتیانی سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو هێرشەدا 8 پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بریندار بوون.
دەوترێت برینی 4 پێشمەرگە قورسە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
“ئەم هێرشانە دژی هەموو نەتەوەی کوردن”
کۆمیسیۆنی هەوڵدانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان ئەو هێرشانەی ئێرانی بە هێرشکردنە سەر نەتەوەی کورد و هەموو پارچەکانی کوردستان پێناسە کردووە و لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
“ئێران لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا سیاسەتێکی دڕندانە و جینۆسایدی لە دژی بزووتنەوە کوردستانییەکان و نەتەوەی کورد پەیڕەو کردووە.
ئەم هێرشانە لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان ڕووبدەن، کاریگەریی لەسەر تەواوی نەتەوەی کورد دادەنێن. ئازاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئازاری هەموو نەتەوەی کوردە. ئازارەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاڤا، لێک جودا نین”.
کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردۆتەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیندان و لەسێدارەدان داخوازییەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، لەناو ببات.
داوای لە حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات
لایەنە کوردستانییەکان داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا دەکەن تا لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا بێدەنگ نەبن.
داواشیان کرد هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو شێوازانەی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
کۆمسیۆن لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بە ڕێزەوە یادی پێشمەرگە شەهیدەکانی بەرز ڕادەگرێت و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاریان دەردەبڕێت و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.
لایەنە بەشداربووەکانی بەیاننامەکە
ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە واژۆ کراوە:
ـ ئینسیاتیڤی نەتەوەیی کوردستان
ـ پێلکورد
ـ پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پ.س.ک)
ـ پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)
ـ تەڤگەری ڤەژینی کوردستان
ـ کەسایەتییە سەربەخۆکانی کوردستان