مەسروور بازانی: ئێمە لە کاروانی ئاوەدانی بەردەوامین

مەسرور بارزانی: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پرۆژەی ئاوی باڵندا – بارزانی کردەوە. ئەم پرۆژە گەورەیە ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ 53 گوندی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.
سەرۆکوەزیران لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی پرۆژەکە، پاراستنی ژینگە، دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی پارتە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.
مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە دەربڕی و روونی کردەوە، ساڵی 2013ـەوە بەردی بناخەی پرۆژەکە دانرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆناوە کارەکانی راگیران، تا لە ساڵی 2022 بڕیاری جێبەجێکردنەوەی درا و بە سەرکەوتوویی تەواو کرا. ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت چەندین پرۆژەی دیکەی هاوشێوەی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ دابینکردنی ئاوی پاک.
سەرۆکوەزیران داوای لە هاووڵاتییان کرد دەست بە ئاوەوە بگرن و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکەن. هەروەها ستایشی دابونەریتی رەسەنی پاراستنی ژینگەی لە دەڤەری بارزان کرد و هیوای خواست ئەو رەوشتەی پاراستنی ئاژەڵان و پاکڕاگرتنی ژینگە، ببێتە نموونەیەک بۆ سەرانسەری کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هیوای خواست هەرێمی کوردستان بەشێک نەبێت لەو شەڕانە. جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بکرێتە ئامانج.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکات. داواشی کرد بەغدا بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکات و مافەکانی خەڵکی کوردستان بدات، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو ئارامیی زیاتر هەنگاو بنێت.
لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی دڵگرانیی خۆی لە کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێ نیشان دا. سەرۆکوەزیران داوای لە حزبەکان کرد رێز لە خواستی خەڵک بگرن و بە زووترین کات بچنە پەرلەمان.
دووپاتیشی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رێزی لە دەنگی خەڵک گرتووە و ئامادەیە، بۆیە داوای کرد لایەنەکانی دیکەش بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی کەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە.