ئێران هێزی سەربازی و درۆن و سیستەمی مووشەکی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات

ئێران هێزی سەربازی و درۆن و سیستەمی مووشەکی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات

دەگوترێ ئامانج لەم ئامادەکارییە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێکدادانێکە کەوا ڕەنگە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە سەرهەڵبدات.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنن کە سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جموجۆڵێکی بەرفراوانی سەربازیی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. بەگوێرەی بانگەشەی ئەو حیزبانە، ڕێژیمی تاران بە هەزاران چەکدار و سیستەمی مووشەکی و یەکەی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووە. تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی ئەو بانگەشانەوە نەداوە.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 3.000 چەکداری ئێرانی لە نێویاندا یەکەکانی هێزی تایبەت لە لیوای “سابیرین”ی سەر بە سوپای پاسداران، لەسەر سنوور جێگیرکراون. هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزی زەمینی و ئاسمانیی ئێران لەم جموجۆڵە سەربازییەدا بەشدارن و هێزەکان بە تانک و تۆپخانە و سیستەمی هەڵدانی مووشەک تەیارکراون.

بەگوێرەی هەمان ئەو ڕاپۆرتانە، کە تا ئێستا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە، سیستەمی مووشەکی بالیستیکی جۆری “عیماد” و “فاتح” لەگەڵ درۆنی چاودێری و درۆنی هێرشکاری وەک “شاهید”، “موهاجر” و “میراج”، بەدرێژایی هێڵی سنووری جێگیرکراون. گوایە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ڕۆژانە گەشتی سیخوڕی و چاودێری لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن و ئامانج لەم ئامادەکارییە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێکدادانێکە کەوا ڕەنگە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەرهەڵبدات.

ئیدیعای هەبوونی ڕاوێژکارانی ڕووسیا و سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی

بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش کە لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە باسی لێوەدەکرێت، دانانی سیستەمی پێشکەوتووی شەڕی ئەلیکترۆنی و چاودێریکردنە. گوایە تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەم سیستەمە مۆدێرنانەی لە ڕووسیا کڕیوە و لە ئێستادا ئەم ئامرازە جەنگیانە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ڕووسیادا بەکاردەهێنرێن.

پێکدادانەکانی ناوچەکە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ. سەرچاوە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەتای مانگی تەمووز، شەش پێشمەرگە لە بۆسەیەکی هێزەکانی سوپای پاسداراندا لە پارێزگای ئورمیە، شەهید بوون. جگە لەوەش فشار لەسەر گوندنشینانی سەر سنووریش زیادی کردووە؛ لە ڕێکەوتی 10ی تەمووزدا، شوانێکی گەنجی کورد لە نزیک دەڤەری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بە تەقەی چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە شەش ڕێکخراوی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی شوباتدا هاوپەیمانییەکی هاوبەشیان لەدژی ڕێژیمی ئێران پێکهێنا. ڕێبەرانی ئەم هاوپەیمانییە دەڵێن، هەرچەندە هێشتا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشمان لە ناوخۆی ئێران دەستی پێنەکردووە، بەڵام هەماهەنگی و ئامادەکارییەکانمان بۆ هەر ئەگەرێک بە شێوەیەکی چالاکانە بەردەوامن.

Share