منداڵێکی 15 ساڵان ڕفێندراوە؛ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی مافەکانی منداڵان پشتگوێ دەخەن بۆ ئەوەی کە پەکەکە بە بیگوناح پیشان بدەن

سەرچاوە خۆجێیەکان: “سەرەڕای لەئارادابوونی چەکدانانی پەکەکە، پڕۆژەی مەشقپێکردنی “منداڵانی شەڕڤان” لە کەمپەکانی ئەو حیزبەدا بەردەوامە”.
دیارنەمانی کچێکی تەمەن 15 ساڵانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی مشتومڕی جیددی لەسەر پاراستنی مافەکانی منداڵان و سنووری بەرپرسیارێتی دەزگا ئەمنییەکان بەدوای خۆیدا هێنا. لە کاتێکدا بنەماڵەی کچەکە، پەکەکە بە ڕفاندنی کچەکەیان تۆمەتبار دەکەن، لێدوانی ئیدارەی ئاسایشی سلێمانی سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕەخنەی یاسایی لێ گیراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بنەماڵەی کچەکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان داوە، ئەو کچە بەناوی “مەنەسا محەممەد حەمێ” (15 ساڵان) کە خەڵکی شاری کۆبانییە و ماوەی شەش ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، هەینی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی قولەڕەیسی ون بووە. ئەو خێزانە ڕایانگەیاندووە، کچەکەیان تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونی بووە و ڕاپۆرتی پزیشکیی هەیە و هەر بەو هۆیەشەوە لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت.
“کوردستان بە منداڵی تەمەن 14-15ساڵان ڕزگار ناکرێت”
دایکی منداڵەکە ناوی ئایشە عەبدولسەلامە و لە لێدوانێکی فرمێسکاویدا ڕایگەیاند کە کەسانی نەناسراو لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان پێوەکردووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کچەکەی لە لای ئەوانە. دایکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ کچەکەی قسەی کردووە، کچەکەی دەستیکردووە بە گریان و دواتر تەلەفۆنەکە پچڕاوە. دایکەکە بە کەسەرەوە گوتی: “ئایا کوردستان بە منداڵی 14-15 ساڵان ڕزگار دەکرێت؟ پێویستە گەورەکان بچن، نابێ منداڵ ببردرێت.”
هەڵوێستی ئاسایش: “ڕفاندن نەبووە، بە ئارەزووی خۆی ڕۆیشتووە”
لە لایەکی ترەوە ئیدارەی ئاسایشی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە ڕفاندنێک هەبێت. لە ڕاگەیەندراوی فەرمی ئاسایشدا هاتووە، دوای پشکنینی کامێرا ئەمنییەکان لە ناوچەی ڕووداوەکە، هیچ نیشانەیەکی ڕفاندن نەدۆزراوەتەوە و کچەکە بە ئارەزووی خۆی ماڵەکەی بەجێهێشتووە. ئاسایش دەڵێت: “دوای ئەوەی گەیشتۆتە ئەو شوێنەی کە دەیهەویست بچێت، پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە کردووە”.
بەڵام ئەم ڕاگەیاندراوەی ئاسایش لەلایەن چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی یاساییەوە وەک هەوڵێک بۆ شەرعیەتدان بە تێکەڵ کردنی منداڵان بە ڕیزی هێزە چەکدارەکان لە قەڵەم دەدرێت. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە، ئەم جۆرە ڕووداوانە دەشاردرێنەوە.
پارێزەرێک: “بەیاننامەکە دژی جاڕنامەی گەردوونییە”
پارێزەرێک کە پێگەی “دارکا مازی” بۆچوونەکەی لەسەر ئەو بابەتە وەرگرتووە، بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکان گرتووە و دەڵێت:
“بەیاننامەی هێزە ئەمنییەکان دژی هەردوو یاسای ناوخۆیی و جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی منداڵانە. منداڵی تەمەن 15 ساڵ لەڕووی یاساییەوە گەورە نییە و مافی ئەوەی نییە بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوکی بڕیار بدات. ئەگەر ئەم لۆژیکە قبووڵ بکرێت، لە حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان یان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵاندا، دەتوانرێت ئەوەش بڵێین کە ‘بۆخۆی ڕازی بووە’. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بڕیارە سیاسییەکان بۆ ڕازیکردنی پەکەکە، یاسا و مافەکانی منداڵانیان لە سلێمانی پێشێل کردووە”.
“ئەمە ڕووداوی یەکەم نییە”
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، مەترسی ڕفاندنی منداڵانی ئاوارەی ڕۆژئاڤا لە کەمپەکان و شاری سلێمانی شتێکی نوێ نییە. گوایە زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانی وەک “هەڵوەشاندنەوەی کارتی نشینگە (ئیقامە)” ناوێرن قسە بکەن.
بۆ نموونە لە هەمان ئەو گەڕەکە کە مەنەسای تێدا دەژیا، خێزانێکی دیکەش هەواڵی دیارنەمانی کوڕەکەیان ڕاگەیاند. ژنێک بە ناوی ئامینە ڕەشید ڕایگەیاندووە کە کوڕە 16 ساڵانەکەی بە ناوی مەحموود عومەر، هەشت مانگ لەمەوبەر بە هەمان شێوە دیارنەماوە و دواتر زانیاری پێگەیشتووە کە کوڕەکەی بردراوە بۆ قەندیل.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای قۆناغە سیاسییەکان سەبارەت بە چەکدانان، پڕۆژەی مەشقپێکردنی “منداڵانی شەڕڤان” لە کەمپەکانی دەوروبەری سلێمانی و تونێلە ژێرزەمینییەکانی کەمپی مەخموور بەردەوامە و بۆ ڕێگریکردن لە هەڵهاتنیان، ئەو منداڵانە بۆ ناوچە عاسێ و دوورەدەستەکانی وەک قەندیل دەگوازرێنەوە.