لێدوانی گاڵتەجاڕانەی سەرکردایەتی کەجەکە؛ ئێمە تورکیامان لە دژی ئیسرائیل وشیار کردەوە: “تورکیا خوێندنەوەی هەڵە بۆ ڕەوشەکە دەکات”

ئەندۆک: “ئیسرائیل دەستبەرداری هەژموونی خۆی نەبووە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و مەرجەکانی جەنگی سێهەمی جیهانیی، هێشتا لەئارادان”.
سەرکردەکانی پەکەکەی هەڵوەشاوە بە لێدوانەکانیانەوە کە تێیدا ئیدیعا دەکەن “کاردەکەن بۆ ئەوەی تورکیا لەسەر پێی بهێڵنەوە و دژی ئیسرائیلن”، بوونەتە ڕۆژەڤی میدیاکان. لەم دواییانەدا، خەبات ئەندۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، تورکیای لە مەترسییەکان ئاگادار کردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا خوێندنەوەی هەڵە بۆ ڕەوشەکە دەکات.
سەرکردەکانی پەکەکە بە تایبەت عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بازنەکانی دەم پارتی لە باکووری کوردستان، هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەتێک لە دژی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و ئیسرائیل پەیڕەو دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی جێگایەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا دەدەن. سەرکردەکانی پەکەکە ئیسرائیل وەک سەرچاوەی هەموو خراپەیەک وێنا دەکەن و هەمیشە پاڵپشتی تورکیا دەکەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت دەوڵەتێک بۆ کوردستان دابمەزرێنێت. هەوڵ دەدەن بە لێدوانی “مەترسی لەسەر تورکیا هەیە، ئەوان تورکیا لەناو دەبەن، ئیسرائیل دەوڵەتی کوردستان بنیات دەنێت” لەچوارچیوەی ئەرکی تورکپەرستیدا دەجووڵێنەوە.
لەهەمان کاتدا تورکیا وێڕای هەوڵدان بۆ ئەوەی کورد بکات بە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دژی ئیسرائیل، بە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەردووی ئەو لایەنانەدا، پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات. ئۆجەلان و پەکەکە لە بەرانبەر هەڵوێستی ئەوان دژ بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دژ بە ئیسرائیل، لە هەمبەر کورداندا داواکاری لە تورکیا دەکەن. خەبات ئەندۆک لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەمەی دووپاتکردەوە.
خەبات ئەندۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی پەکەکە (ANF)، سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل هۆشداریی بە تورکیا دەدات و ڕایگەیاندووە: “ئیسرائیل دەستبەرداری هەژموونی خۆی نەبووە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆخی 2024 هێشتاش هەر بەردەوامە، مەرجەکانی جەنگی سێهەمی جیهانیی هێشتا گونجاون”.
خەبات ئەندۆک ڕایگەیاند پەکەکە نیشانی داوە کە “لە ستراتژیی گۆڕان و گۆڕانکاریی خۆیدا چەند پێداگر و بڕیاردەرە” و وتی: “ئێمە وەک تەڤگەر، ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەکانی دیموکراسی لە تورکیا کردوومانە”. هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان هەموو “بیانوو”یەکیان لە دەستی تورکیا دەرهێناوە کە بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دەیهێنایەوە. ئەندۆک هەروەها بەشێوازێک وەک ئەوەی کە دەوڵەتی قووڵی تورکیا بە لاواز دەبینێت، ویستی ڕاوێژ بە تورکیا بدات.
خەبات ئەندۆک ڕایگەیاند ئەوان وەهای دەبینن کە دەسەڵاتی بڕیاردانی حکومەت وەک ڕۆژانی ڕابردوو بەهێز نییە. گوتیشی: “پێدەچێت دەوڵەتی تورک ڕەوشەکە لەبەرچاو نەگرێت، کاتێک ئەم پرۆسەیە دەستیپێکرد، دەگوترا ئەردۆغان و باخچەلی پێکەوە قسەیان کردووە و ئەمە وەک پڕۆژەیەکی دەوڵەتی خراوەتەڕوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەوڵەتی تورک ڕەوشی ئەو قۆناغەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینی و بەو پێیە هەندێک هەنگاوی ناوە و هەندێک بانگەوازی کرد. سەرکردایەتی ئێمەش وەڵامی ئەو بانگەوازانەیان دایەوە. بەڵام وا دیارە چیتر دۆخەکە وەکوو پێشوو نابینن و پێیانوایە کە جەنگی سێهەمی جیهانی وەکوو پێشوو مەترسی بۆ سەر تورکیا دروست ناکات. ئەگەر ڕەوسەکە ئەوە بێت، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە ئەم شرۆڤەکردنە زۆر هەڵەیە. شەڕی سێهەمی جیهانیی هێشتا شەڕێکە کەوا جارناجار گەرم دەبێت و هەندێ جاریش ساردە”.
ئەندۆک هەروەها ڕایگەیاند کە بڕیارەکان سەبارەت بە هێژەمۆنیی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەلانەنراون و وتی: “هێشتا بارودۆخی ساڵی 2024 بەردەوامی هەیە، مەرجەکانی جەنگی سێهەمی جیهانیی، هێشتا لەئارادان”.