ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی ئاشتی، سبەینێ دووشەممە، دەدرێت بە لایەنەکان

پێشبینی دەکرێت ئەندامانی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، سەبارەت بەو ڕەشنووسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
ڕەنگە هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە لە پەرلەمان بخرێتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان و شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە.
گفتوگۆکان لەسەر چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەرکردن بەردەوامن.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە دوایین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە پەیڕەوە یاساییەکان ڕووداوێکی یەکجارەکی دەبن، تایبەت بە پرۆسەکە دەبن و چوارچێوەی ئامادەکراویش گشتگیر دەبێت.
سەرچاوەکانی دەم پارتی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە شاندی ئیمرالی سێ کۆبوونەوەی جیای لەگەڵ ئاک پارتیدا ئەنجامداوە و حکوومەت پەیامی “کار لەسەر یاایەکی بەرفراوان دەکەین، یاسای پێشنیارکراو لە کاتێکی نزیکدا دەدرێت بە لایەنە سیاسییەکان” داوە.
ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ڕەشنووسی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە بگاتە لایەنە سیاسییەکان و تا ڕۆژی دووشەممە (13ی تەمموز) گفتوگۆی لەسەر بکرێت. دوابەدوای ئەو گفتوگۆیانە، پێشبینی دەکرێت پەرڤین بوڵدان، میتحەد سانجار و ئۆزگور فایک ئەرۆڵ، ئەندامانی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، سەبارەت بەو ڕەشنووسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.