مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی لیندزی گراهام و ئەنجوومەنی پیران دەکات

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی لیندزی گراهام و ئەنجوومەنی پیران دەکات

گراهام پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەبوو و لە واشنتن وەک دەنگێکی بەرگری لە مافەکانی کورد و هێزی پێشمەرگە دەناسرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام پەیامێکی بڵاوکردەوە و  رایگەیاند، گەلی کوردستان هەمیشە دۆستایەتی و پاڵپشتی بەردەوامی گراهامیان لەبیرە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهامم بیست. لە دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و ئازیزانی و سەرۆکایەتیی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەکەم. گەلی کوردستان هەمیشە دۆستایەتی و پاڵپشتی بەردەوامی گراهامیان لەبیرە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی لیندزی گراهام، سیناتۆری پارتی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێوارەی رۆژی شەممە، 11ی تەممووز، سیناتۆر گراهام بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ژیاننامەی لیندزی گراهام:

لەدایکبوون: لیندزی ئۆڵەم گراهام لە 10ی تەممووزی 1955 لە شاری سەنتێری، ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە دایک بووە.

ژیانی منداڵی: خێزانەکەی خاوەنی دوکانێکی بچووکی بازرگانی بوون. گراهام لە تەمەنێکی گەنجیدا هەردوو دایک و باوکی لەدەست دا، ئەمەش وای لێکرد لە تەمەنێکی بچووکەوە بەرپرسیارێتی خوشکە بچووکەکەی بگرێتە ئەستۆ.

خوێندن: بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەروونناسی و دواتر بڕوانامەی یاسای  لە زانکۆی کارۆلینای باشوور بەدەستهێناوە.

ژیانی تایبەت: لیندزی گراهام هەرگیز هاوسەرگیری نەکردووە و منداڵی نییە.

ژیانی سەربازی

دوای تەواوکردنی خوێندنی یاسا، گراهام پەیوەندی بە هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە کرد (1982-1988).

وەک پارێزەری سەربازی (JAG) کاری کردووە و ماوەیەک لە ئەڵمانیا خزمەتی کردووە.

دوای کۆتاییهاتنی خزمەتی چالاک، پەیوەندی بە هێزی یەدەگی هێزی ئاسمانییەوە کرد و لە ساڵی 2015 بە پلەی “کۆلۆنێل” خانەنشین بوو.

رێڕەوی سیاسی

سەرەتای سیاسی: لە سەرەتای نەوەدەکاندا، وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور هەڵبژێردرا.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: لە ساڵی 1995 تا 2003 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو. لەو ماوەیەدا بەشدارییەکی کاریگەری هەبوو لە دۆسیەی لێپرسینەوە لە بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیران (سێنات): لە ساڵی 2002 بۆ یەکەمجار وەک سیناتۆر هەڵبژێردرا و لەو کاتەوە تا ئێستا پارێزگاری لە کورسییەکەی کردووە.

تایبەتمەندییە سیاسییەکان

– گراهام بەوە ناسراوە کە پشتگیری لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە. ئەو هەمیشە داوای بوونی سەربازی بەهێزی ئەمریکای لە ناوچە ستراتیژییەکانی جیهاندا کردووە.

–  گراهام خاوەن شێوازێکی تایبەتە لە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆکەکان، تەنانەت ئەگەر لە زۆر بابەتدا ناکۆک بووبن. بۆ نموونە، لە سەرەتادا ڕەخنەگری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ بوو، بەڵام دواتر بوو بە یەکێک لە نزیکترین و کاریگەرترین هاوپەیمانەکانی.

– گراهام پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەبوو و لە واشنتن وەک دەنگێکی بەرگری لە مافەکانی کورد و هێزی پێشمەرگە دەناسرا.

Share