دۆغان خاتوون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد دەستی لەکارکێشایەوە

دۆغان خاتوون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد دەستی لەکارکێشایەوە

دەم پارتی، بە بەیاننامەیەکی فەرمی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دۆغان خاتوونی پشتڕاست و قبووڵ کردوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (20ی تەمموزی 2026) دۆغان خاتوون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد لە باکووری کوردستان، بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لە چوارچێوەی “پرنسیپی کشانەوە”، لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر کێشاوەتەوە. خاتوون لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “X” لێدوانێکی دا و سوپاسی خەڵکی ئامەدی کرد کە بە دەنگی نزیکەی 65% لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاری 2024دا متمانەیان پێ بەخشی و وەک هاوسەرۆکی شارەوانی هەڵیانبژارد.

دۆغان خاتون لە لێدونەکەیدا سەرنجی خستۆتە هۆکارە سیاسی و ئیداریەکانی ئەم بڕیارە و ڕایگەیاند کە دوای ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکانی کۆنفرانسی بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەکانی پارتەکەی، بە دڵفراوانییەوە دانی بە کەموکوڕییەکانی خۆی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا ناوە. خاتوون ڕایگەیاند کە لە پرۆسەی نوێدا نەیتوانیوە بەرپرسیارێتی خۆی تا ئەو ئاستە جێبەجێ بکات کە حزب و خەڵک داوای دەکەن و لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و سەرکردایەتییەوە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لێی چاوەڕوان دەکرا.

بەربەستێکی گەورەی دیکەی بەردەم کارەکەی خاتوون کێشەی تەندروستی بوو. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ساڵەی کارکردنیدا 3 نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئەم نەخۆشییە بووەتە بەربەستێکی جەستەیی گەورە کە ڕێگری دەکات لە بەشداری چالاکانە لە کار و پڕۆژەکانی شارەوانیدا.

لە لایەکی دیکەشەوە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)، بە بەیاننامەیەکی فەرمی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دۆغان خاتوونی پشتڕاستکردەوە. دەم پارتی ڕایگەیاند کە داواکاریی خاتوون بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی کە پێشتر پێشکەشی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حیزبەکەی کردبوو، لەلایەن لیژنەکانەوە بە گونجاو زانراوە و بە فەرمی قبووڵکراوە.

Share