شاندی ئیمرالی پەیامەکەی ئۆجەلانی ڕاگەیاند: دەبێ چەک وەلا بنرێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە

شاندی ئیمرالی پەیامەکەی ئۆجەلانی ڕاگەیاند: دەبێ چەک وەلا بنرێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە

شاندی ئیمرالی: لە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لەگەڵ پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بگاتە ئەنجامێکی سەقامگیر و دەستووری.

شاندی ئیمرالی سەبارەت بە دوایین دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەوان لەسەر هەڵوێستی خۆیان لە درێژەدان بە پرۆسەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان و هەروەها چەکدانان ڕژدن و داوا لە پەرلەمانی تورکیا و سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە کە بەرپرسیارەتی یاسایی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

لە ڕاگەیاندراوی شاندەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ڕۆحی بانگەوازەکەی 27ی شوبات و ئاماژە بەوە کراوە کە هاوپەیمانی کورد و تورک لە ئەنادۆڵدا واقیعێکی مێژووییە. ڕاگەیاندراوەکە ئەم هەڵسەنگاندنە لەخۆی دەگرێت: “ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت. پێویستە یاسای نەرێنی بگۆڕدرێت بۆ یاسای ئەرێنی و لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا بە یەکسانی و ئازادی پێکەوە بژین. کاتی ئەوە هاتووە بەستێنێکی یاسایی بونیاد بنرێت کە ڕەچاوی خاڵە هەستیارەکانی لایەنەکان بکات”.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، باس لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خۆشک ـ برایەتی و هاوپشتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی تورکیا کراوە و ڕاگەیەندرا کە بۆ دەستپێکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ، پێویستە قۆناخی یاسایی دەستپێبکات، پێکدادان و چەک بە تەواوەتی وەلابنرێن و لاپەڕەیەکی تەواو نوێ هەڵبدرێتەوە”.

 شاندی ئیمرالی جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە گەرەنتی یاسایی بۆ بەردەوامیی ئەم ڕێککەوتنە دابین بکرێت و سیستمەکە بگۆڕدرێت بۆ یاسایەکی ئەرێنی کە ژیانێکی ئازاد و یەکسان لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراتیک مسۆگەر بکات. ڕاگەیەندرا کە مێژوو دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی کە دووبارە ژیانێکی هاوسەنگ لە ناو دادپەروەریدا بنیات بنرێت.

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، شاندەکەی ئیمرالی، ئەم پەیامەی ئۆجەلانی بە “هەنگاوی مێژوویی” وەسفکرد و ڕایگەیاند، لە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لەگەڵ پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بگاتە ئەنجامێکی سەقامگیر و دەستووری.

Share