تراژدیایەک کەوا 12 ساڵە بەردەوامە؛ چارەنووسی هەزاران کوردی ئێزدی تائێستاش نادیارە

لە دەستپێکی هێرشی تیرۆریستانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014دا، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران.
لە 12هەمین ساڵگەڕی کۆمەڵکوژکردنی شنگالدا، برینی قووڵی کوردانی ئێزدی و داتای گرانی دەرئەنجامەکانی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ئەو ناوچەیە، بە هەموو گرانی و ترسناکی خۆیەوە، لەئارادایە. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2500 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و هێشتا چارەنووسیان نازانرێت.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە نووسینگەکەی سەر بە نووسینگەی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، لە لیدوانێکدا بۆ میدیاکانی باسووری کوردستان گوتوویەتی: “بە کۆی گشتیی نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی بەدەست تیرۆرستانی داعش شەهید کراون”.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون و پشتیان پێ بەستراوە، پێش هێرشی چەکدارانی داعش لە 03ـی ئابی 2014، ژمارەی ئێزیدییەکان لە شنگال و دەوروبەری نزیکەی 550 هەزار کەس بووە.
حوسێن قائیدی گوتەیەتی: “بەگوێرەی ئامارەکانمان، ئێستا 135 هەزار و 860 ئێزدی ئاوارەن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. هەروەها 189 هەزار و 337 ئێزدی دیکە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەژین”.
لە دوای کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە شنگال و دەوروبەری 93 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەند گۆڕێکی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە، 296 تەرم لەو گۆڕانە دەرهێندراون و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، 41 مێ و 255 نێر بوون.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت: “چەندین گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەڵنەدراونەتەوە”.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کاتێک کە تیرۆریستانی داعش دەستیان گرتووە بەسەر شنگال و دەوروبەری، 68 مەزارگە و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانیان تەقاندووەتەوە.
لە دەستپێکی هێرشی تیرۆریستانی داعشدا بۆ شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014دا، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، 3 هەزار و 548 نێر و 2 هەزار و 869 مێ.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای نەمانی داعشەوە، 3 هەزار و 595 کوردی ئێزدی رفێندراو ئازاد کراون، هەزار و 213 ژن، 339 پیاو؛ هەزار و 79 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ.
لە ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعشدا هاتووە، تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 526 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هەزار و 215 مێ و هەزار و 311 نێر.