پەکەکەی هەڵوەشاوە هۆشداری دەدات: بەبێ بەشداریی ئۆجەلان، ئاشتی بەدی نایەت!

پەکەکەی هەڵوەشاوە هۆشداری دەدات: بەبێ بەشداریی ئۆجەلان، ئاشتی بەدی نایەت!

پەکەکە: “ئەگەر یاساکە ئەرێنی بێت، ئێمە زیاتر هان دەدرێین و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین”.

سەرکردایەتی ڕێکخراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، ئەمڕۆ لە بارەی یاسای چوارچێوە هۆشداری دا و ڕایگەیاند؛ ئەگەر لە یاسادا پێگەی ئۆجەلان لەبەرچاو نەگیردرێت، ئەوە دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێکهاتنیدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمموزی 2026، پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی یاسای بنەڕەتی و ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندرا، تا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕۆڵی پێنەدرێت و خۆی سەرکردایەتی پرۆسەکە نەکات، ئەو بڕیارانەی دراون و مەرجەکانی یاساکان جێبەجێ ناکرێن.

پەکەکە لە وشەی “تیرۆر” و “ڕێکخراوی تیرۆریستی” قەڵسە!

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئۆجەلان لە میانی کۆبوونەوەکەی 20ی تەمموزدا داواکارییەکانی خۆی دەربڕیوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، ئەو یاسایەی کە دەبێ دەربکرێت نابێت بەرتەسک بێت و دەبێ بەپێی هەستیارییەکانی هەردوولا ئامادەبکرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

 “ئەم یاسایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بە دابڕانێکی سەدە ساڵەی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکیا، بۆیە گرنگە کە یاساکە، ئاشتی بە ئامانجی خۆی دابنێت”.

پەکەکە ڕەخنەی لە بەکارهێنانی وشەی وەک “تیرۆر” و “ڕێکخراوی تیرۆریستی” گرتووە و دەڵێ:

 “ئاشتی پێش هەموو شتێک لە زمانەوە دەست پێدەکات، بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە بۆ ڕێکخراوێک کە کۆتایی بە خەباتی چەکداری خۆی لە دژی تورکیا هێنابێت، کێشە بۆ پرۆسەکە دروست دەکات. بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بڕوات، زۆر گرنگە زمان و پێناسە و ناوەڕۆک لەگەڵ ئامانجەکەدا بگونجێت”.

“دەبێت ئۆجەلان موخاتەبی سەرەکی بێت”

پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوانەی هەردوولا دەیگرنەبەر پێویستە مەعقول و مومکین بن و وتی:

“ئەگەر پرۆسەکە بۆ سەرقاڵکردن نەبێت بەڵکوو بۆ چارەسەرکردن بێت، ئەوا پێویستە ڕێبازەکەش لەگەڵ ئەمەدا بگونجێت.”

هەر لەو بەیاننامەیەدا قسەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی وەبیرهێنایەوە و دەڵێت:

 “دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کرد کە ئۆجەلان دەبێت ڕێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن بێت، ئەمەش لە گفتوگۆکانی ئیمرالیشدا قبووڵکرا و ڕۆڵی ئەو لە جێبەجێکردنی یاساکەدا دیاریکرا. ئەگەر لە یاساکەدا پێگەی ئۆجەلان لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێکهاتنیدا. بۆیە گرنگە پێگەی ئۆجەلان ڕوون بکرێتەوە کە ئەو موخاتەبە و دانوستانکاری سەرەکییە”.

پرۆسەی ئاشتی نابێ تەنها بە پرسی چەکدانانەوە سنووردار بکرێت

لە بەیاننامەکەدا بەڕوونی ئەوە خراوەتەڕوو کە پڕۆسەی ئاشتی نابێ تەنیا لە پرسی چەکداناندا سنووردار بکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەگەر ئەم یاسایە وەک یاسای بنەڕەتی سەیر بکرێت، پێویستە دواتر یاسای دیموکراتیزەکردن دەربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بە پرۆسەکە.

سەرکردایەتی پەکەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە دوای بینینی پرۆژەیاساکە، ڕێبازی بنەڕەتی خۆیان دیاری دەکەن.

گوتوویەن: “ئەگەر یاساکە ئەرێنی بێت، ئێمە زیاتر هان دەدرێین و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین”.

Share