چارەنووسی ئۆجەلان و قەندیل و گەریلا، لە یاسای نوێی چوارچێوەدا ئاشکرا دەکرێت

“قەندیل بەتەواوی چۆڵ دەکرێت و ئەندامانی پەکەکە دەگەڕینەوە بۆ تورکیا یان لە عێراق و سووریا و ئەورووپا جێگیر دەکرێن”.
هەندێک بڕگەی شاراوەی پرۆژە یاسای پێشنیارکراوی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە، ئاشکرا کران. لەوانە گەڕانەوەی 8 هەزار گەریلا، چارەنووسی ئۆجەلان و قەندیل و سەرکردەکانی پەکەکە.
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاک پارتی سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاسای چوارچێوە ڕایگەیاندووە، سەرکردەکانی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، قەندیل چۆل دەکرێت و نزیکەی 8 هەزار گەریلا و ئەندامی پەکەکەش دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
شامل تەیار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە کە هاوکات کادرێکی دیاری ئەو حزبەیە، لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڕایگەیاندووە: “یاسای چوارچێوە بە هیچ شێوەیەک لێبوردنی گشتیی تیدا نییە و وادەکەشی بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی دەمێنێتەوە و سەرکردەکانی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
شامیل تەیا، سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئەندام و گەریلایانەی پەکەکە کەوا لە یاساکە سوودمەند دەبن، گوتوویەتی؛ نزیکەی 8 هەزار ئەندام و گەریلای پەکەکە دەگەڕینەوە بۆ تورکیا یان لە عێراق و سووریادا دەمێننەوە یانیش دەگوازرێنەوە بۆ ئەورووپا و قەندیل بەتەواوی چۆڵ دەکرێت.
ئەو کادیرە دیارەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی پەکەکە بۆ ماوەی 5 ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدا دەمێننەوە و لەو ساڵانەدا ناتوانن هیچ چالاکییەکی سیاسی ئەنجام بدەن.
هەروەها گوتووشیەتی کە ئەگەر ناکۆکییەکان سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاساکە چارەسەر بکرێن، لەوانەیە ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت.