مستەفا قەرەسوو: بەبێ ئازادی ئۆجالان پرۆسەکە بێ مانایە و بەتەنها چەکدانان نابێتە چارەسەر

مستەفا قەرەسوو: بەبێ ئازادی ئۆجالان پرۆسەکە بێ مانایە و بەتەنها چەکدانان نابێتە چارەسەر

قەرەسوو: دوایین دیداری شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەریخست کە گرفت هەیە بەڵام هەوڵدان بۆ چارەسەرییش بەردەوامە.

مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئەمڕۆ ڕایگەیاند؛ بەبێ ئازادی تەواوەتی ئۆجەلان، قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی بێمانایە و وتی: بە تەنها چەکدانان نابێت بە چارەسەر.

مستەفا قەرەسو ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمموزی 2026، لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی “مێدیا هابەر”ی پەکەکە بەشداری کرد و چەند سەرنجێکی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەرکردن و کۆبوونەوەی ئەم دواییانە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان خستەڕوو.

قەرەسو گوتی: گۆڕانکاریی دیموکراتیک هیچکات لە دەوڵەت چاوەڕوان ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە فشار و خەباتی ڕێکخراوی کۆمەڵگە هەیە.

هەروەها راشیگەیاند کە دوایین دیداری شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەریخست کە گرفت هەیە بەڵام هەوڵدان بۆ چارەسەرییش بەردەوامە و گوتی: ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە دەوڵەت بە ڕوانگەیەکی بەدوور لە هێز و بەرتەنگ تەعاموڵ لەگەڵ پرۆسەکەدا بکات.

سەبارەت بە پرسی چەکدانانی پەکەکەش، قەرەسو وتی: چەکدانان بە تەنیا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، بە پێچەوانەوە چەکدانان کێشەی نوێ و قووڵتر دروست دەکات.

سەبارەت بە پێگەی ئۆجەلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی: خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە بەبێ دەستەبەرکردنی ئازادیی کار و دواجار ئازادیی تەواوەتی بۆ ئۆجەلان، قسەکردن لەسەر چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی بێمانایە.

هەروەها دەستنیشانی کرد کە پێویستە ڕێگا لەبەردەم چالاکیی سیاسیدا بکرێتەوە، زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن و سیاسەتوانەکانی دەرەوەی وڵات بتوانن بە ئازادی بگەڕێنەوە.

قەرەسوو لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە ئیرادەی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا هەیە. سەرکەوتنی ئەو هەوڵانە لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەوە دەکرێت، نەک بە چاوەڕوانیکردنی هەنگاوی ئۆتۆماتیکی لە دەوڵەت.

Share