ئایا سەرکردەکانی پەکەکە دەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی؟

باس لەوە دەکرێت کە هۆکاری ئەم گواستنەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەرکە نوێیەی کە دەوڵەتی تورک بە پەکەکەی ئەسپاردووە.
لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووە، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارە کە “سەرکردەکانی پەکەکە چییان بەسەر دێت؟” هێشتا ڕوون نییە. ئیدیعای زۆر لەسەر ئەم بابەتە کراوە. لەم دواییانەدا “نورای باباجان”، نووسەری ڕۆژنامەی نەفەس، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوامدا، پلانی گواستنەوەی 200 سەرکردەی پەکەکە بۆ شاری سلێمانی لەئارادایە.
باباجان لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نەفەس ڕایگەیاندووە، شوێنی سەرکردایەتی پەکەکە ڕوونکراوەتەوە و نووسیویەتی:
“بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، شوێنی 200 کادیری سەرکردایەتی پەکەکە، کەوا لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا دەستنیشان کراوە. دوای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سووریا و باکووری عێراق، پلان دانراوە کە ئەو کەسانە لە شاری سلێمانی لە باکووری عێراق جێگیر بکرێن.
باس لەوە دەکرێت کە ستراتیجی ناردنی کادیرانی پەکەکە بۆ وڵاتانی سێهەم لە نێویاندا ئەوروپا، دوای چۆڵکردنی قەندیل گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
بڕیار دراوە ئەو کادیرانە لە ناوچەیەکی کۆنترۆڵکراوتر جێگیر بکرێن، چونکە ئەگەری هەیە لەلایەن ڕێکخراوە هەواڵگرییە بیانییەکانەوە بەکار بهێندرێن. هەر بۆیە ناوچەیەک هەڵبژێردرا کە بۆ چاودێری و کۆنترۆڵکردنی تورکیا گونجاوتر بێت”.
“هەندێک کەس هەنگاوە خاوەکانی حکومەت لە قۆناغی گواستنەوەدا وەکو موزایەدەیەک دەبینن”.
لە لایەکی دیکەوە باباجان ئاماژەی بەوەداوە کە “هۆکاری خاوبوونەوەی پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە کە ئاکەپە بە ئەنقەست بە خاوی هەنگاو دەنێت. باباجان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەناو ئاکەپەدا هەندێک کەس هەن دەڵێن ڕەنگە بەهۆی ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشووتر ترس و بێمتمانەیی هەبێت. ئەوان هەروەها حەز بەو واقێحە ناکەن کە ئەندامانی دەم پارتی، بە بەردەوامی دوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک ناوبژیوان ناودەبەن”.
ڕاستی ئەم هەواڵە چییە؟
نەفەس ڕۆژنامەیەکە کە لەم دواییانەدا ئیدیعای زۆری سەبارەت بە پەکەکە بڵاو کردۆتەوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ڕۆژنامەیە وەکوو بڵاوکراوەیەک دێتەئەژمار کە لەلایەن دەولەتی تورکەوە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و ئامادەکردنی بۆ کردەوەکانی داهاتوو بەکار دەهێندرێت. ڕەنگە ئەو بانگەشەیەی کە سلێمانی وەک شوینێک بۆ مانەوەی سەرکردەکانی پەکەکە هەڵبژێردراوە، یەکێک بێت لەو هەواڵانەی کە لەسەر ئەو بنەمایە ئامادە کرابێت.
باوەڕێکی گشتی هەیە کە دەوڵەتی تورکیا ئاگاهانە، پەکەکە بەرەو سلێمانی بردووە و لەوێ شوێنی کۆبوونەوەی دامەزراندووە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە، پەکەکە لە زۆر ناوچە کادیرانی خۆی کشاندووەتەوە و لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆی کردوونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی پەکەکە ، ڕوویان لە ناوچە گوندنشینەکانی سلێمانی کردووە. جگە لە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکانی وەک قەندیل، خنێرە و زەلێ، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی وەک چوارتا، چەمچەماڵ، قەرەداخ و چەمی ڕێزانیش حزووریان هەیە. بیرۆکەی ئەوە هەیە کە هۆکاری ئەم گواستنەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەرکە نوێیەی کە دەوڵەتی تورک بە پەکەکەی ئەسپاردووە.
هیوا دەکرێ لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەهار دۆخی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک و ڕەوشی سەرکردەکانی پەکەکە ڕوونتر بێتەوە.