پەرلەمانتارانی دەم پارتی: یاسای چوارچێوە هەنگاوی یەکەمی دیموکراسییە

پەرلەمانتارانی دەم پارتی: یاسای چوارچێوە هەنگاوی یەکەمی دیموکراسییە

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆژەیاساکە لە پەرلەمانی تورکیا بخرێتە دەنگدانەوە.

کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمانی تورکیا دوای گفتوگۆیەکی گەرم کە 18 کاتژمێری خایاند، پڕۆژە یاسای چوارچێوە بەناونیشانی “پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی”، پەسەند کرد. پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) سەرنجیان خستە سەر گرنگی مێژوویی ئەم هەنگاوە و وەک “هەنگاوی یەکەمی دیموکراسی” بۆ پرۆسەکە هەڵیانسەنگاند.

لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆندا، پەرلەمانتاران زولکوف ئوچار، ئۆنور دوشونمەز و نەورۆز ئویسال ئاسلان بە ناوی دەم پارتییەوە قسەیان کرد. پەرلەمانتاران بۆچوون و ڕەخنە و پێشنیارەکانی حزبەکەیان سەبارەت بە ناوەڕۆک و داهاتووی ئەم یاسایە گەیاندە ڕای گشتی.

پەرلەمانتار زولکوف ئوچار ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژە یاسایە لە خاڵێکی مێژوویی گرینگدا ئامادە کراوە. ئوچار ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی پێگەیشتنی تێکۆشانی گەلی کوردە بۆ هەبوون و پێویستی دەوڵەتیشە بە گۆڕانکاری و وتی: “ئەم دەقە، پابەندبوونە بە هێنانی هەموو مافەکانی گەلی کورد بۆ ناو چوارچێوەی یاسا و لە هەمان کاتدا یەکەم پلەیە لەو پلیکانانەی کە بەرەو خەونی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک دەڕوات”.

پەرلەمانتار ئۆنور دوشونمەز سەرنجی خستە سەر مەترسییەکانی لێکدانەوەی ناوەڕۆکی یاساکە و هۆشداری یاسایی سەبارەت بە پێناسەی “تاوانی تیرۆریستی” دا. دوشونمەز جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی مافە دیموکراتیکەکانیان بەکاردەهێنن نابێت ببنە قوربانی و وتی: دەبێت ئیفادەی ‘تاوانە تیرۆریستییەکان’ بگۆڕدرێت بۆ ‘ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی کە ستەم و توندوتیژی دەحەوێننەوە’. گرنگی ئەم یاسایە لەو ڕاستیەدایە کە ڕێگە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو خۆش دەکات”.

هەروەها پەرلەمانتار نەورۆز ئویسال ئاسڵان ڕایگەیاند کە ئەم یاسایە لە بەشداریی کورد لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەدەی دووهەمی کۆماردا ڕۆڵی هەیە. ئاسلان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها لە “بێدەنگ کردنی چەکەکان” پێک نایەت و پرۆسەکەی بە “دروستکردن و بەرقەرارکردنی ئاشتی” پێناسە کرد.

پێشبینی دەکرێت ڕەشنووسی چوارچێوە، دوای پەسەندکردنی لەسەر ئاستی باڵا لەلایەن کۆمسیۆنەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا و بخرێتە ڕۆژەڤی دەنگدانەوە.

Share