ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆبوونەوە؛ پرۆسەی ئەنتەگراسیۆنی هەسەدە لەسەر مێزە

هەوولا گفتوگۆیەکی وردیان سەبارەت بە تەواوکردنی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 29/1/2026 لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا کرد.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێڕەوی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
ڕۆژی سێشەممە 4ـی ئابی 2026 ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، و زیاد عایش، پارێزگاری دێرەزوور بەڕێوەچوو.
ئاماژەشی داوە لە دیدارەکەدا، لایەنەکان گفتوگۆیەکی وردیان سەبارەت بە تەواوکردنی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمی رابردوو لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا کرد.
هاوکات بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ رێڕەوی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەکانی سەر بە هەسەدە لە ناو دامەزراوە و فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا کرد بە مەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.