پەکەکە لە هەڵەبجە توونێل هەڵدەکۆڵێت

پەکەکە هێزەکانی لەژێر ناوی پژاکدا لەو ناوچانە جێگیر کردووە و هەوڵدەدات دۆخێکی هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان بخوڵقێنێت.
پەکەکە لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. گەریلاکانی پەکەکە لە نزیک هەندێک گوندی هەڵەبجە کەمپیان داناوە و ڕێگا نادەن گوندنشینەکان سەردانی کێڵگەکانی خۆیان بکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە دراوە، باس لەوە دەکرێت کە پەکەکە لە سەرانسەر سنووری هەڵەبجە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەندەق و توونێل و بیر هەڵدەکەنێت. باس لەوەشکراوە، هێزەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی هەڵکەندنی خەندەقدا، لەسەر زەویییەکانی دەوروبەری گوندی بۆین لە هەڵەبجە، تەقینەوەیان ئەنجامداوە و توونێلیان هەڵکەندووە. گوندنشینان ڕایدەگەیەنن، لە لایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە ڕێگای هاتوچۆکردنیان بۆ سەر زەوییەکانیان لێدەگیرێت و هاتوچۆی خەڵک بۆ ناو گوندەکە، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
لە لێدوانەکانیاندا، دانیشتوانی گوندی بۆین باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەکە کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە زەویەکانیان بەبێ مۆڵەت بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕاشیانگەیاندووە کە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی زەوی و زارەکانی خۆیان بکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە گوندنشینانەوە بەدەست هاتوون، لە بارودۆخی ئاساییدا، بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوینی، هەڵکەندنی بیر لەو ناوچەیە قەدەغەیە. دوای گلەیی خەڵکی گوندەکە، ئەفسەرانی ژینگەپارێزی پێشمەرگە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پەکەکە گەیشتوونەتە ناوچەکە. بەڵام بە گوتەی خەڵکی گوندەکە، چەکدارانی پەکەکە تەنانەت ڕێگەیان بە هێزی پێشمەرگە نەداوە کە سەردانی ناوچەکە بکەن.
لەم دواییانەدا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بەو ناوچەیە بڵاوکراونەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکەکە ئەو هێزانەی خۆی کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤا و بادینان کشاندوونیەتەوە، لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات جێگیری کردوون. باس لەوەش دەکرێت کە پەکەکە ئەو هێزانەی لە ناوچەکەدا لەژێر ناوی پژاک جێگیر کردووە و هەوڵدەدات کە دۆخێکی هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان بخوڵقێنێت. جگە لەوەش بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە چەکدارەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چالاکن.