ڕێگا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش هەموار دەبێت

فاتیح ئاتیک: پێشبینی دەکرێت سەلاحەدین دەمیرتاش بتوانێت لە پرۆژەیاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی سوودمەند بێت و ئازاد بکرێت.
ئاماژەیەکی گرنگ سەبارەت بە داهاتووی یاسایی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە هاتۆتە ئاراوە. ئاکین گورلەک وەزیری دادی تورکیا ئەو هەواڵ و ئیدیعایانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوە کردبوو دەمیرتاش لە پاکێجە یاساییە نوێیەکە سوودمەند نابێت.
زانیارییە نوێیەکان کە بە پشتبەستن بە گفتوگۆکانی نێوان فاتیح ئاتک نوێنەری کەناڵی RGRT و وەزیری داد بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە لێدوانەکانی پێشووی میدیاکان گوزارشت لە ڕاستییەکان ناکەن. ڕاگەیەندراوە کە هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی دەمیرتاش لە ڕێکخستنی نوێی “پرۆسەی ئاشتی” سوودمەند نەبێت.
بەگوێرەی بۆچوونی فاتیح ئاتیک، دوای ئەم رەتکردنەوەیەی وەزیری داد، پێشبینی دەکرێت سەلاحەدین دەمیرتاش بتوانێت لە پرۆژەیاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی سوودمەند بێت و رێگەی ئازادکردنی بۆ بکرێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتی پەسەندکردنی بەپەلەی چاکسازیدا دێت. پڕۆژەیاساکە بەناونیشانی “پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی”، دوای ماراسۆنێکی 18 کاتژمێری لە کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمانی تورکیادا پەسەندکرا. بڕیارە لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەقی یاساکە پێشکەشی ئەنجومەنی گشتی پارلمانی تورکیا بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی کۆتایی بدرێت.
سیاسەتەکانی ئەم قۆناخەش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بە وردی چاودێری دەکرێن. مەرال دانش بەشتاش پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی ئێستا، ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردن و ئاشتییەکی بەردەوام لە سیستەمەکەدا.