لەسەر داوای ئۆجەلان، ئەو کادیرانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، لە یاسای چوارچێوە سوودمەند نابن

لەسەر داوای ئۆجەلان، ئەو کادیرانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، لە یاسای چوارچێوە سوودمەند نابن

لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە یاساکە کردار و کردەوەکانی پێش ساڵی 2005 ناگرێتەوە.

وردەکاری نوێ سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چوارچێوە کە لە ڕای گشتیدا وەک “یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی” دەناسرێت و دەوڵەتی تورک زۆرتر بە پڕۆژە یاسای “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، ئاشکرا کراون. پرۆژەیاساکە دەخریتە ڕەوانەی پارلمانی تورکیا کراوە و بڕیارە سبەینێ (دووشەممە 10ی تەباخ) بخرێتە دەنگدانەوە. بەپێی بڕگەی سنووردارکردنی کاتی لە پڕۆژەیاساکەدا، ئەم هەموارکردنە یاساییە ئەوانە ناگرێتەوە کە پێش ساڵی 2005 لە پەکەکە جیابوونەتەوە.

لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە یاساکە کردار و کردەوەکانی پێش ساڵی 2005 ناگرێتەوە، ئەم مەرجە بە تایبەتی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەو بەرپرس و کادیرە پلە باڵایانە هەیە کە لە ئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکانی کۆنگرەی ساڵی 2004ی پەکەکەدا، ئەو حیزبەیان بەجێهێشتووە.

ساڵی 2005 و دۆخی کادیرە دابڕاوەکان

وەک دەزانرێت لە ساڵی 2004دا ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی لە کۆنگرەی پەکەکە ڕوویدا و لە ئەنجامدا سەدان گەریلا و نزیکەی 15-20 کادیری باڵای بەڕێوەبریی لە پەکەکە جیابوونەوە. بەشێک لەو کەسایەتییە سەرەکیانەی کە ڕێکخراوەکەیان بەجێهێشت بریتی بوون لە:

ـ نیزامەدین تاش (بۆتان): سەرۆکی پێشووی باڵی سەربازی و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی.

ـ عوسمان ئۆجەلان: برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی.

ـ کانی یەڵماز: ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی.

ـ خەلیل ئاتاچ: ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.

ـ هیدر یاڵچین: کادری ناوەندی.

ـ حیکمەت فیدان: کەسایەتییەک کە بەشێک بوو لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی ڕێکخراوەکە.

ئەو سنوورەی کە بۆ ساڵی 2005 دیاری کراوە، ڕێگا نادات ئەو کەس و گرووپانەی کە بەر لەو وادەیە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، لە پێناس و پێوەرەکانی ئەم یاسایە سوودمەند بن. بەپیی هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان، ئەو خالە تایبەتە کە ئاماژەی پێکراوە، لەسەر داوا و پێداگریی ڕاستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕەشنووسەکەدا گونجێندراوە و دەریدەخات کە ئەم هەموارکردنەوە یاساییە تەنها بۆ ئۆجەلان، سەرکردایەتی ئێستا و ئەو گەریلایانەی پەکەکە ئامادەکراوە، کە هەنووکە لە ناو ئەو حیزبەدا چالاکن.

Share