دەم پارتی: 3900 زیندانیی سیاسیی پەکەکە لە “یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی” سوودمەند دەبن

دەم پارتی: یاسای نوێی ئاشتی کاریگەری لەسەر دۆخی 75 هەزار کەس دەبێت
هەنگاوی یاسایی پەیوەندیدار بە نەخشەڕیگای نوێی سیاسی لە تورکیا گەیشتۆتە ئاستێکی گرینگ و پرۆژەیاسایەک بە ناوی “بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” کە لە ڕای گشتیدا بە “یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی” دەناسرێت، ڕۆژی شەممە (8ی تەباخ) لە کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمانی تورکیادا تێپەڕی و بڕیارە کە ڕۆژی دووشەممە (10ی تەباخ) لە دانیشتنی گشتیی پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.
لەکاتێکدا کە مشتومرەکان سەبارەت بەم پرۆژەیاسایە گەرمتر دەبن، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاندووە کە 3900 زیندانیی سیاسیی پەکەکە له جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن.
ئاماری زیندانییەکان: کێ ئازاد دەکرێت و کێ یاساکە نایگرێتەوە؟
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، ئێستا لە زیندانەکانی تورکیادا 4هەزار و 800 کەس بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەشداری لە چالاکیی چەکداریدا زیندانی کراون.
سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد گوتی، پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی 3 هەزار و 900 زیندانی دەگرێتەوە، بەڵام 900 زیندانی ناگرێتەوە بەهۆی سزادانیان بە زیندانیی هەتاهەتایی و تاوانباربوونیان بە کوشتنی هێزەکانی ئاسایش.
لەلایەکی دیکەوە ئیبراهیم ئاکن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد، یاساکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی 75 هەزار کەس دەبێت.
رۆژی شەممە، 08ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.
پڕۆژەیاساکە سبەی دەچێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.
بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست بکاتەوە، دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.