پەکەکەی هەڵوەشاوە: ئەگەر ئۆجەلان یاسای چوارچێوە بەڕێوەنەبات، جێبەجێ ناکرێت

پەکەکەی هەڵوەشاوە: ئەگەر ئۆجەلان یاسای چوارچێوە بەڕێوەنەبات، جێبەجێ ناکرێت

تەڤگەری ئاپۆیی: “ئەو ڕۆڵەی کە ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا دەیگێڕێت لە یاسای چوارچێوەدا دیاری نەکراوە”.

پەکەکەی هەڵوەشاوە کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ “تەڤگەری ئاپۆیی”، سەبارەت بە “یاسای چوارچێوە” کە لە ڕۆژەڤی پەرلەمانی تورکیادایە ڕایگەیاند کە یاساکە کەموکووڕی جیددی هەیە و ڕایگەیاندووە کە هەتا هەلومەرجی ئازادیی ژیان و کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستەبەر نەکرێت، ئەم یاسایە وەڵامێک نابێت بۆ چارەسەری.

پەکەکەی هەڵوەشاوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە “یاسای چوارچێوە”وە بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم یاسایە سەرەڕای کەموکووڕییە بنەڕەتییەکانی، دەتوانرێت وەک “دەستپێکێک” سەیر بکرێت، بەڵام بەبێ ئەرکی سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرۆسەیەکی ڕاستەقینە و بەردەوام مومکین نییە.

‘زمانی یاساکە زمانی ئاشتی نییە’

پەکەکە سەرنجی خستۆتە سەر زمانی یاساکە  و دەڵێ: “زمانی یاسایەکی بنەڕەتی کە ئامانجەکەی ئاشتی بێت، نابێ زمانی شەڕ بێت، بەڵکوو دەبێ زمانی ئاشتی بێت”. بەڕیوەبەریی پەکەکە ڕەخنەی ئەوەشی گرتووە کە لە ئامادەکردنی یاساکەدا هەستیاری لایەنەکان لەبەرچاو نەگیراوە و یاساکە لە چوارچێوەیەکی تەسک و ئارەزوومەندانەدا جێهێڵراوە کە خزمەت بە ئایندەی ئاشتی ناکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەبیرهێنراوەتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە بانگەوازەکەی لە 27ی شوباتی 2025دا، بە ڕوونی نەخشەڕێگای گواستنەوەی شەڕی بەرەو بەستێنێکی یاسایی و سیاسی داناوە و لەسەر ئەو بنەمایە ماوەی ساڵ و نیوێکە شەڕەکە ڕاگیراوە، بەڵام دەوڵەت هێشتا هەنگاوی یاسایی پێویستی هەڵنەگرتووە.

ڕۆڵی هەماهەنگی و ئازادیی ئۆجەلان

سەبارەت بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئاکەپە-مەهەپە ئەم پرۆسەیەیان وەک “سیاسەتی دەوڵەت” پێناسە کردووە و خودی دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بە ڕۆڵی ئۆجەلان وەک “کۆردیناتۆری پرۆسەی بە سیاسیکردن و ئاشتی”، کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەو ڕۆڵەی کە ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا دەیگێڕێت لە یاسای چوارچێوەدا دیاری نەکراوە و ئەگەر ئۆجەلان نەتوانێت لە هەلومەرجی ئازادییەکانی ژیان و کارکردندا هاوئاهەنگی ئەو دەستەیە بکات، زۆرێک لە تایبەتمەندییەکان کە لە یاساکەدا دیاریکراون جێبەجێ ناکرێن”.

پەکەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە تەنیا بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئازادیی ئەوە کە دەکرێ ئەو هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن کەوا لە یاساکەدا دیاری کراون.

کەموکووڕی لە ناوەڕۆکی یاساکەدا

سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایگەیاندووە کە هەڵە و کەموکووڕی گەورە لە یاساکەدا هەیە و دەڵێ:”بەبێ بەکارهێنانی دەستەواژەی کورد، دەربڕینی چەکداماڵین ئەوە نیشان دەدات کە مەسەلەکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو هەڵسەنگێندراوە، ئەم زمانە زمانێکی وەلییە کە گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان ناتوانن قبووڵی بکەن”.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە ئەگەر ئازادی بیرکردنەوە و ڕێکخستن گەرەنتی نەکرێت، ئەوا داواکاریی “چەکدانی گەریلا” ناڕاستەقینەیە. تەڤگەرەکەی ئاپۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر سیاسەتمەداران و گەریلاکان لە کاتی گەڕانەوەیاندا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردن ببنەوە، ئەوا ئەم یاسایە لە ئامانجەکەی دووردەکەوێتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەکرێ ئەم یاسایە ببێتە “خاڵی دەستپێک” بۆ پێشکەوتنی دیموکراتیکی گەورەتر. بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی داوای لە گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دەکات کە خەبات و ڕێکخستنی خۆیان بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا چڕتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە بتوانێت ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی “چوارچێوەیی” بگێڕێت.

Share