دیمەشق ـ ئەنقەرە ـ تەلئەبیب: گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سووریا گەیشتۆتە لووتکە

ناتانیاهۆ: حزووری سەربازی تورکیا لە سووریا بە هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگا نادەن هێزە سەربازییەکانی تورکیا بەرەو باشووری سووریا پێشڕەوی بکەن.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەبو ئەل ـ دهور کە تەنها 70 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە، گرژیەکانی نێوان ئەنقەرە، تەلئەبیب و دیمەشقی گەیاندۆتە ئاستێکی نوێ و گرینگ. ئەم پێشهاتانە هاوسەنگی سەربازیی لە باکوور و ناوەڕاستی سووریا تێکدەدەن.
“دەوڵەت باخچەلی” سەرۆکی مەهەپە کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوانە ڕاستەوخۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە. باخچەلی داوای هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و پێشنیاری فراوانکردنی پەیمانی مەککە و دامەزراندنی “هێزی ئاشتیی ئیسلامی”ی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، ئەسەد شەیبانی ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە و ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا زووە باس لە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ تەلئەبیب بکرێت. شەیبانی هەروەها ڕایگەیاند کە تورکیا هیچ پلانێکی نییە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی لە سووریا نییە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ وەڵامی لێدوانەکانی ئەنقەرەی دایەوە و ڕایگەیاند کە حزووری سەربازی تورکیا لە سووریا بە هەڕەشەیە بۆ سەر خۆیان دەزانن. ناتانیاهۆ هۆشداریشی دا کە لە هیچ بارودۆخێکدا تەحەمول ناکەن و ڕێگەش نادەن هێزە سەربازییەکانی تورکیا بەرەو باشووری سووریا پێشڕەوی بکەن.