هەسەدە و “بەڕێوەبەریی خۆسەر” بە فەرمی تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا دەکرێن

هەسەدە و "بەڕێوەبەریی خۆسەر" بە فەرمی تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا دەکرێن

بریکاری وەزیری بەرگریی سووریا: هەبوونی دوو دەسەڵات لەناو یەک ویلایەتدا قبوڵکراو نییە و چالاکییەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر کۆتاییان پێدێت.

قۆناغی سەربازی و سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات بەرەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەڕوات. دوای چەندین ساڵ لە بەڕێوەبەریی خۆسەر و هێزە ناوخۆییەکان، ڕاگەیاندراوەکانی ئەم دواییەی دیمەشق ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو قەوارەیەی ئێستا بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەو لووتکەیەی لە دیمەشق لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بەڕێوەچوو، بوو بە خاڵی وەرچەرخان. تەوەری سەرەکی ئەم دانیشتنە بریتی بوو لە میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 29ی ژانیڤەری.

دوای ئەم دیدارە، سەمیر ئۆسۆ، بریکاری وەزیری بەرگریی سووریا لە دەڤەری ڕۆژهەڵات، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دامەزراوانەی تا ئێستا کاریان کردووە، ناتوانن بە شێوەی کۆنیان بمێننەوە. ئۆسۆ ڕایگەیاند کە بوونی دوو دەسەڵات لەناو یەک ویلایەتدا قبوڵکراو نییە و چالاکییەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر لەم هەفتەیەدا بە فەرمی کۆتاییان پێدێت.

بەگوێرەی نەخشەڕێگا نوێیەکە، سەرجەم ئەو ناوەند و دامەزراوە و ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بوون، ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە سەر حکومەتی ناوەندی سووریا. ئۆسۆ ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە دوای ڕێککەوتنەکە گۆڕاوە و لەمەودوا ئیدی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی ئیدارەی گشتی دەوڵەت.

Share