ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای “یاسای چوارچێوە” ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیا کرا

چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆکردنەوەی واژۆی پارلمانتارانی ئاکەپە، رەشنووسەکە بە فەرمی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
رەشنووسی “پڕۆژەیاسای چوارچێوە” کە بناخەی یاسایی پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” پێکدەهێنێت، پێش ئەوەی کە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێت، خرایە بەردەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتەکەی کردووە و تێیدا هاتووە: “بڕیاردراوە سەرجەم پەرلەمانتارانمان بەبێ جیاوازی واژۆ لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای چوارچێوە بکەن.”
لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە رەشنووسی پڕۆژەیاساکە لە هۆڵی دەستەی بەڕێوەبەری فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان دانراوە و داوا لە پەرلەمانتاران کراوە تاوەکو سبەی سێشەممە 4ـی ئاب کاتژمێر 17:00 پڕۆسەی واژۆکردنەکە تەواو بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، رەشنووسەکە بە فەرمی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و دواتر رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ تاوتوێکردن.
بنەمای یاسایی پرۆسەکە دادەڕێژرێت
چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێشنیازە کە لەلایەن ڕای گشتییەوە بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەی ئاشتی دادەنرێت کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات. چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوەی یاسایی پرۆسەی چەکدانان، بنەماکانی جێبەجێکردن و چەندین گەرەنتی یاسایی لەخۆ بگرێت.
ئەم پەیڕەوەی کە وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی پرۆسەکە سەیر دەکرێت، کە پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە وتنی “لە ئامانجەکە نزیک دەبینەوە” تیشکی خستە سەر، مەبەست لێی ئەوە بوو کە دوای کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ببێتە یاسا.