کورتولموش: ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی پەسند دەکرێت

پرۆژەیاسای ئاشتی، ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە ناگرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی رەوانەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت، بڕیارە پێش پشووەکانی پەرلەمان پەسەند بکرێت. هاوکات پرۆژەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە ناگرێتەوە.
میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا رایانگەیاندووە، پێشنیازی یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لەم هەفتەیەدا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت و هەوڵ دەدرێت پێش دەستپێکردنی وەرزی پشووەکانی پەرلەمان بە یەکجاری پەسەند بکرێت.
باس لەوە کراوە، ئەم پێشنیازە هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراو و سەرکردە باڵاکانی پەکەکە لەخۆ ناگرێت، هەروەها ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە پێشتر سزای زیندانی هەتاهەتایی سەختیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا ئەگەر دەستیان لە هیچ تاوانێکی کوشتن و توندوتیژیدا نەبووبێت، لە چوارچێوەی بنەماکانی پەشیمانیدا سزا نادرێن. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ لەژێر چاودێریی وردی دادوەریدا دەبن و لەو ماوەیەشدا بۆیان نییە لەنێو دامەزراوە حکوومییەکاندا کار بکەن یان چالاکیی سیاسیان هەبێت.
جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بەوەی سەرەتا دەزگای هەواڵگریی “میت” و سوپای تورکیا لەسەر زەوی پشکنین بکەن و دڵنیا ببنەوە، دواتریش ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشانەوەی چەکداری و دانانی چەکەکان پشتڕاست بکاتەوە.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێداگری کرد ئەمە یاسایەکی چوارچێوەیی و کاتی و سەربەخۆیە و بە هیچ جۆرێک وەک لێبوردنی گشتی هەژمار ناکرێت.
سەرۆکی پەرلەمان گوتووشیەتی، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا پڕۆژەکە بگاتە پەرلەمان و رەوانەی دەستە پەیوەندیدارەکان بکرێت و هەر لە هەمان هەفتەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت.
لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.
دواتر لە سەرەتای ساڵی 2025ـدا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای چەکدانانی کرد. لەو کاتەوە پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش و بە بەشداریی پارتە سیاسییەکانی دیکە، لە هەوڵی داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاساییدان بۆ رێکخستنی پرۆسەی چەکدانان و گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەی پەکەکە تێوەنەگلاون لە رووداوەکانی کوشتن و توندوتیژیدا.
ئەم پرۆژەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداریی چەندین دەیەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئۆپۆزیسیۆن و دەم پارتی داوای روونکردنەوەی زیاتر و گرەنتیی یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.