سەزگین تانریکولو داوای یاسای چارەسەری دەکات؛ ئامادەکارییە نهێنییەکان پرۆسەکە دەخاتە مەترسییەوە

سەزگین تانریکولو داوای یاسای چارەسەری دەکات؛ ئامادەکارییە نهێنییەکان پرۆسەکە دەخاتە مەترسییەوە

تانریکولو: “تەنها بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و یاسایەکی پەسندکراو، دەکرێ کە ئاشتی لە وڵاتدا گەرەنتی بکرێت”.

سەزگین تانریکولو پەرلەمانتاری شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان لە پارتی نوێ (یەنی پارتی) بەرامبەر هەوڵەکانی “یاسای چوارچێوە” بۆ پرۆسەی چارەسەرکردن کاردانەوەی نیشاندا و هۆشداریدا لەوەی کە میکانیزمە ناڕوونەکان و هەوڵە شاراوەکان دەبنە هۆی شکستی هەوڵەکانی ئاشتی و دیالۆگ.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تانریکولو ئاماژەی بەوەدا کە ڕەشنووسی یاساکە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لەلایەن کادیرانی حکومەتەوە ئامادە دەکرێت و ڕایگەیاند کە تا ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەت پارتی نوێ لەو پڕۆسەیە ئاگادار نەکراونەتەوە. ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوە سنووردارەکان لەگەڵ دەم پارتی بە تەنیا بۆ تەوافوقێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی بەس نییە.

تانریکولو سەرنجی خستە سەر ئاستی شارەزایی و ئەزموونی تیمی ئامادەکردنی یاساکە و ڕایگەیاند کە لادان لە وانە و ئەزموونەکانی پرۆسەکانی پێشوو هەڵەیەکی گەورەیە. بە بۆچوونی ئەو، ڕەشنووسێک کە داواکاریی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو نەگرێت، چارەسەری بەردەوام مسۆگەر ناکات و تەنیا ناسەقامگیری سیاسی ناوچەیی و ناوخۆیی زیاتر دەکات.

بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانەکە و دامەزراندنی ئاشتییەکی ڕەوا، تانریکولول پاکێجێکی گشتگیری چاکسازییەکانی پێشنیار کرد. ئەم مەرجانە بریتین لە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەوانەی چەکیان داناوە و ئەوانەی بە هۆکاری ئایدیۆلۆژی دادگایی کراون، هەروەها ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دانیشتوانی دیاسپۆرا. تانریکولو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تەنها بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و یاسایەکی پەسندکراو، دەکرێ کە ئاشتی لە وڵاتدا گەرەنتی بکرێت.

Share