زانیاریی نوێ لەسەر چەکدانانی پەکەکە: 2200 گەریلای یەبەشە تێکەڵ بە سوپای عێراق دەبن

ڕۆژنامەی حوڕییەت: پێشبینی دەکرێت لە نێوان 7 بۆ 8 هەزار گەریلای پەکەکە لە عێراق و سووریاوە بگەڕێنەوە تورکیا.
ڕۆژنامەی “حوڕییەت”ی سەر بە حکومەتی تورکیا، وردەکاریی نوێی لەبارەی پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە بڵاوکردۆتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، هەزاران گەریلا بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر و بەغدا چەکەکانیان دادەنێن.
ڕۆژنامەی حوڕییەت بڵاویکردەوە، میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و سلێمانی بۆ کۆتاییهێنان بە حزووری سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دانراوە. دەوترێت ئەم پرۆسەیە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی هەواڵگری تورکیا (میت) بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێشبینی دەکرێت تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە تورکیا. پڕۆسەی ڕادەستکردنی چەک بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم چەکە ڕادەستکراوەکان، تۆمار دەکرێن.
وەک ڕاگەیەندراوە، میت ئەرکی چاودێریکردنی مەیدانیی لە ئەستۆ گرتووە بۆ ئەوەی کە لە چۆڵکرنی ئەشکەوت و کەمپەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دڵنیا ببێتەوە. دوای کۆکردنەوەی زانیاری، میت ڕاپۆرتەکانی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئدەولەتی تورک دەکات.
لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکەدا چەند ئامارێک خراونەتەڕوو:
ـ پێشبینی دەکرێت لە نێوان 7 بۆ 8 هەزار گەریلای پەکەکە لە عێراق و سووریاوە بگەڕێنەوە تورکیا.
ـ 8 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە کەمپی مەخموورەوە لە باشووری کوردستان، دەگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان.
ـ لە دەڤەری شنگال، 2 هەزار و 200 چەکداری پەکەکە دەچنە ڕیزەکانی سوپای عێراقەوە.
ـ نزیکەی 70-80 هەزار لایەنگری پەکەکە لە ئەوروپا هەن، کە چاوەڕوان دەکرێت هەندێکیان بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
ڕۆژنامەی حوڕییەت سەرنجی خستۆتە سەرلایەنی یاسایی ئەم پرۆسەیە و ئاماژەی بەوەکردووە کە یاسای نوێی تورکیا تەنها ئەندامانی “ئاسایی” دەگرێتەوە. بەپێی ڕۆژنامەکە، 230 سەرکردەی پلە باڵا و ئەوانەی ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنەکاندا هەبووە، لەم یاسایە سوودمەند نابن. هەروەها مەلەفی ئەوانەش کە لەئێستادا لە زینداندان هەڵدەسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.