ئاپۆ تووڕەیە و دەڵێ: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پیلانێک لە دژی من بەڕێوەدەچێت

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ستایشی هەنگاوەکانی ئەردۆغان و باخچەلی لە بابەتی پرۆسەی ئاشتی دەکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، ئەمڕۆ لە رێگەی شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)یەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: هەوڵەکانی هەندێک لایەن دژ بە من، پیلانگێڕییە”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 2/8/2026دا لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندی ئیمرالیی دەم پارتی ڕایگەیاندبوو کە “ئێمە پێشتر لایەنگری سەربەخۆیی بووین و ئێستا ئێمە کۆمارپارێزین. سبەی ڕۆژ ئێمەش بە قەد مەهەپە ستوونێکی گەورەی ئەم دەوڵەتە [تورکیا] دەبین”.
ئەم قسانەی ئۆجەلان کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵکی لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو بە جێگای مشتومڕ و گەلی کورد ڕەخنەی توندیان لێیگرت.
دوای ڕاگەیاندراوەکانی هەرکام لە دەم پارتی و سەرکردایەتی پەکەکە وەکوو هەوڵێک ب پەردەپۆش کردنی ئەو قسانە، ئەمڕۆکە ئۆجەلان بۆخۆیشی پەیامێکی نووسراوی بڵاو کردەوە و تێیدا گوتوویەتی: “ئەوەی کە لەسەر من بڵاو دەکرێتەوە، پیلانگێڕییەکە دژ بە من”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان پەسنی هەنگاوەکانی ئەردۆغان و باخچەلی لە بابەتی پرۆسەی ئاشتی دەدات و دەڵێ “پرۆسەکە بە هەنگاوی دڵنیا بەرەو پیش دەچێت”.
دەقی پەیامەکەی خاپۆ بەمشێوەیە:
راگەیاندراوێک بۆ رای گشتی
ئەو ویستە بەهێزە سیاسییەی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلییەوە نیشان دراوە، ئەو راگەیێندراوەی لەسەر داوای من بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری بڵاوکرایەوە، هەروەها لە کۆتاییدا ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی دوێنێ کە لە چوارچێوەی “یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی”دا پێکهێندراوە و بەو پشتگیرییە مێژووییەی پارتە سیاسییەکان بووەتە یاسا، نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەکە بە هەنگاوی دڵنیا بەرەو پێشەوە دەچێت. پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار.
لەم قۆناخە مێژووییەدا، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی پرۆسەکە، پیلانگێڕییەکە دژی من دەکرێ. ئەو گوتە، دیدار، ناو، بەڵگەنامە، راگەیێندراو و ئاماژانەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و دراونەتە پاڵ من، دوورن لە راستییەوە. ئەم بڵاوکراوانە کردەی تێکدەرانەن کە لەلایەن نەیارانی پرۆسەکەوە دەکرێن.
سروشتییە کە زیاتر گەشە بەو هەوڵانەم بدەم کە لەپێناوی چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی برایەتی دەیاندەم.
داوا لە تەواوی چین و توێژەکان دەکەم، هاوتەریب لەگەڵ گیانی برایەتیدا هەڵوێست و هەوڵێکی ژیرانە و هۆشیارانە نیشان بدەن”.
25ی ئابی 2026
عەبدوڵڵا ئۆجەلان