ئەنەکەسە پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کردووە و داوای سوریایەکی لامەرکەزی دەکات

ئەنەکەسە: پێویستە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان لە دەستووری بنەڕەتیدا لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوبەشی نیشتمانی، گەرەنتی بکرێن.
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ENKS)، بە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ لابردنی سووریا لە لیستی “دەوڵەتەکانی پشتیوانی تیرۆر” کرد. ئەنەکەسە ئەم بڕیارەی بە دەرفەتێکی مێژوویی و گرنگ بۆ بوژانەوەی ئابووری و سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانەکانی سووریا وەسف کرد.
سکرتاریای گشتیی ئەنەکەسە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سووککردنی گەمارۆکان و کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان دەبێت. بەڵام ئەنەکەسە هاوکات جەختی کردۆتەوە کە بۆ سوود وەرگرتن لەم دەرفەتە، پێویستە کە پرۆسەی سیاسی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک، ناناوەندی و خاوەن سەروەریی یاسا هەنگاو بنێت و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان لە دەستووری بنەڕەتیدا لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوبەشی نیشتمانی، گەرەنتی بکرێن.
ئەنەکەسە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا داوای کردووە کە هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و کۆچبەران ـ بە تایبەتی ئاوارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی ـ فەراهەم بکرێت.
ئەنەکەسە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، بۆ بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری و گەشەپێدان، پێویستە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی بەردەوامیی هەبێت و دامەزراوەی نیشتمانیی گشتگیر دابمەزرێن.