ئۆجەلان وەک سەرپەرشتیاری پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە دەستنیشان کراوە

ئەرکی کۆمیتەی دووهەم تەنها چاودێریی تەکنیکی و پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و پێشنیارە بۆ کۆمیتەی باڵا و دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە.
بۆ پشتراستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە و چاودێری کردنی ڕادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە بە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و و بەڕێوەبردنی پرۆسەی گەڕانەوەی گەریلاکان، میکانیزمێکی نوێ دادەمەزرێت کە دوو کۆمیتە لەخۆ دەگرێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، کۆمیتەی یەکەم و سەرەکی، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
پێکهاتەی ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان و کاری مەیدانی دامەزراوە. کۆمیتەی یەکەم کە بە کۆمیتەی باڵا ناودەبرێت، بە سەرکردایەتی جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا دادەمەزرێت. هەریەک لە وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (MİT) لەم کۆمیتەی باڵایەدا بەشدارن. مافی کۆتایی و دەسەڵاتی وەرگرتنی هەموو بڕیارەکان بە تەواوی لە ئەستۆی ئەم کۆمیتەی باڵایەدایە.
بەپێی ئەم پێکهاتەیە کۆمیتەی دووهەمیش پێکدەهێنرێت، کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەستی کۆمیتەی باڵادا کاردەکات. خەڵکی سڤیل لەم لیژنەیەدا بەشدار نین و تەنیا بەرپرسانی پەیوەندیدار بەشدارن، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئاستێکی دووەمیندا وەک سەرپەرشتیاری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەرکی ئەم کۆمیتەی دووهەمە تەنها چاودێریی تەکنیکی و ئامادەکردنی ڕاپۆرت و پێشکەشکردنی پێشنیارەکانە بۆ کۆمیتەی باڵا و دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە.