ڕاوێژکاری ئەردۆغان: ئەمە یاسای پرۆسەی ئاشتی نییە، بەڵکوو یاسای نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیا

ئوچوم: بەڕێوەبەرانی پەکەکە مافی سوودمەندبوونیان لە یاساکە نیە و هەروەها کەسانی دیکەش بەو مەرجە لە یاساکە سوودمەند دەبن کە تاوانی وەک (کوشتنیان) ئەنجام نەدابێت.
ڕاوێژکاری یاسایی ئەردۆغان، هەندێ وردەکاریی سەبارەت بە یاسای چوارچێوە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ ئەم یاسایە، یاسای چارەسەری یان پرۆسەی ئاشتی نییە، بەڵکوو یاسایەکە بۆ نەهێشتنی تیرۆری سیستماتیک لە تورکیا.
مەهمەت ئوچوم، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و جێگری سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی یاسایی هەڵسەنگاندنی بۆ “یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” کرد و وتی: “ئەمە یاسایەکی تایبەتە بۆ ئەوەی کە تیرۆری سیستماتیک لە تورکیا کۆتایی پێبهێنێت”.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵ، مەهمەت ئوچوم وردەکارییە یاسایی و سیاسییەکانی، یاسا نوێیەکی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، ڕوون کردۆتەوە.
ئوچوم ڕایگەیاندووە کە دەوڵەت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە سیاسەتێکی “بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی” پەیڕەو دەکات و دەڵێ: ئەمە دەرفەتێکی نوێ دەدات بە موخاتەبەکان بەو مەرجەی کە چەکەکانیان دابنێن.
ئەم یاسایە، لێبووردن نییە
مەهمەت ئوچوم ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە ئەم یاسایە بە پێی “ئامانجە گشتییەکەی” هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لەسەر ئەو بابەتە وتی: یاسای ژمارە 7595 یاسایەکی ئاسایی نییە. ئامانجە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کە “تیرۆری سیستماتیک” بە تەواوی و بۆ هەمیشە لە تورکیا بسڕێتەوە.
بۆیە لە کاتی لێکدانەوەی بڕگەکانیدا پێویستە ئامانجە گشتییەکەی وەک پێوەرێکی سەرەکی لەبەرچاو بگیردرێت. ئەم پرۆسەیە لێبوردن نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی دەوڵەتە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی.
سێ کاتاگۆریی یاساکە
بەپێی شرۆڤەی مەهمەت ئوچوم، چوارچێوەی یاساکە بە سێ کاتاگۆری دیاری کراوە:
ـ کاتاگۆری ڕێکخراوەیی: پەکەکە/کەجەکە و هەموو پێکهاتە نایاساییەکانی پەیوەست بەوانەوە.
ـ کاتاگۆری تاکەکەسی: دامەزرێنەران، بەڕێوەبەران، ئەندامان و ئەوانەی کە ئاگاهانە یارمەتی ڕێکخراوەکەیان داوە یان بانگەشەیان بۆ کردووە.
ـ کاتاگۆری تاوانەکان: هەموو ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا ئەنجام دراون، جگە لە تاوانە ئاوارتەکان.
مەهمەت ئوچوم جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەڕێوەبەرانی پەکەکە مافی سوودمەندبوونیان لە یاساکە نیە هەروەها کەسانی دیکەش بەو مەرجە لە یاساکە سوودمەند دەبن کە تاوانی (وەک کوشتنیان) ئەنجام نەدابێت.
ئەو تاوانانەی کە لە دەرەوەی یاساکە دەمێننەوە
ئوچوم سەرنجی بۆ ئەو تاوانانە ڕاکێشا کە لە دەرەوەی یاساکە ماونەتەوە و وتی: سزای هەتاهەتایی قورس کە پێش 1ی حوزەیرانی 2005 دراوە بە تەواوی لە دەرەوەی یاساکەدا دەبن. هەروەها تاوانی ‘کوشتنی بە ئەنقەست’یش لە دەرەوەی یاساکەدایە.
پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکە
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها زانیاری لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە پێشکەش کرد و وەبیری هێنایەوە کە دەبێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بیسەلمێنێت و پشتڕاستی بکاتەوە کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و کۆتایی بە خۆی هێناوە و چەکەکانی ڕادەست کردووە. ئوچوم لە درێژەدا دەڵێ: دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا، پڕۆسەی داواکاری بۆ ماوەی 6 مانگ دەست پێدەکات.
گوتیشی: “جگە لەوەش لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک کۆمار بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە پێکدەهێنرێت، هەروەها لە پەرلەمانی تورکیاشدا ‘لیژنەی چاودێری’ دادەمەزرێت”.