ئایا دوران کاڵکان و بەسێ هۆزات و سەبری ئۆک لە ئیمرالی جێگیر دەکرێن؟

کاتی گەڕانەوەی ئەو 3 بەرپرسە باڵایەی پەکەکە بۆ تورکیا و چۆنیەتی خۆڕادەستکردنیان بە دەوڵەتی تورک، هێشتا ئاشکرا نەکراوە.
سێ بەرپرسی باڵای پەکەکە خۆیان ڕادەستی تورکیا دەکەن و ڕەوانەی گرتنگەی دوورگەی ئیمرالی دەکرێن بۆ ئەوەی لەوێ ڕابگیرێن.
ئەحمەد نەسین، کوڕی نووسەری ناودار عەزیز نەسین ئاشکرای کردووە کە 3 بەرپرسی باڵای پەکەکە لە چوارچێوەی چەکدانانی پەکەکەدا، دەڕۆنەوە تورکیا و لە ئیمرالی جێگیر دەکرێن.
ئەحمەد نەسین ناوی ئەو 3 بەرپرسە باڵایەی پەکەکەی ئاشکرا کردووە کە ئەوانیش بریتین لە “دوران کاڵکان، بەسێ هۆزات و سەبری ئۆک”، کە هەر سێکیان بە مێشکی مەزنی پەکەکە دێنەئەژمار.
بەپێی ئەوەی ئەحمەد نەسین باسی کردووە، تورکیا پێشتر داوای لە بەرپرسانی باڵای پەکەکە کردبوو وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن بۆ ئەوەی تێیدا بژین، بەڵام ئێستا ئەم بیرۆکەیە گۆڕاوە و تورکیا ڕێگەیان پێدەدات کە خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورک بکەن و بگەڕینەوە بۆ ئەو ئەو وڵاتە و لە ئیمرالی بمێننەوە.
بە گوتەی نەسین، کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردۆتەوە، ئەو زانیاریانە 100% ڕاستن. ئەو 3 بەرپرسەی پەکەکە بۆ خۆیان ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و دەوڵەتی تورکیش ڕازی بووە. بەڵام ئاشکرای نەکردووە کە ئەوانە کەی و بە چ شێوەیەک دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا. ئایا ئەوان پێشوازییان لێدەکرێت و دواتر ڕەوانەی ئیمرالی دەکرێن یان پرۆسەی خۆڕادەستکردنەکەیان بە نهێنی بەڕێوەدەچێت؟ یانیش دادگایی دەکرێن و وەک زیندانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟
ئیسماعیل سڤەرەکلی، نووسەری ناوداری خەڵکی باکووری کوردستان، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبەر دوو هۆکار ڕێگا بەو 3 بەرپرسە باڵایەی پەکەکە دەدەن کە بڕۆنە ئیمرالی.
هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە دەیانهەوێت لە ڕووی سیاسیشەوە کۆنترۆڵیان بکەن نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە نایانهەوێت پەکەکە لە دوای چەکدانان بتوانێ خۆی ببووژێنێتەوە.
دەشڵێت، ئەگەر ئەم پرۆسەیە چالاک بێت، ڕەنگە لایەنێکی ئەرێنی هەبێت، ئەویش ئەوەیە کە کورد لە تورکیا و لە پەرلەمانی تورکیا بەهێزتر دەبێت و دەتوانێ لە ڕێگەی سیاسەتمەدارەکانیەوە لە تورکیا سیاسەت بکات و بەم شێوەیە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.
ئەحمەد نەسین، دوکتۆرا و توێژەری سیاسیی ناودار لە تورکیا، هەمیشە پشتگیریی لە مافەکانی کورد کردووە و زانیارییەکانی لە میدیاکانی تورکیادا لەبەرچاو دەگیردرێن.