تونجەر باکرهان: ئێمە هەندێک عەلەویمان لە شەقامەکان هەڵگرت و کردمانن بە پەرلەمانتار

تونجەر باکرهان: ئێمە هەندێک عەلەویمان لە شەقامەکان هەڵگرت و کردمانن بە پەرلەمانتار

53 ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتی عەلەوی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە ژێر ناوی “بەیاننامەی ڕۆشنبیرانی عەلەوی”، دژ بە قسەکانی ئۆجەلان بڵاوکردەوە.

وتارەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان یاڤوز سوڵتان سەلیم و ئیدریس بیتلیسی، مشتومڕێکی توند و درزێکی لە نێوان پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و بەشێک لە بازنەی عەلەوییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

مشتومڕە توندەکە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ئۆجەلان پەیوەندی مێژوویی نێوان یاڤوز سوڵتان سەلیم و ئیدریس بیتلیسیی بە “مۆدێلی هاوپەیمانیی مێژوویی” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هاوپەیمانییە بوو بەهۆی کرانەوەی دەرگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوابەدوای ئەم لێدوانانە، 53 ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتی عەلەوی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە ژێر ناوی “بەیاننامەی ڕۆشنبیرانی عەلەوی” بڵاوکردەوە. بەیاننامەکە کاردانەوەی بەرامبەر ئەم ئاخاوتنە پیشان داوە و ئەم هاوپەیمانییەی بە “کۆن و خوێناوی” وەسف کردووە.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چاوپێکەوتنێکدا بە توندی وەڵامی ئەم ڕاگەیاندراوەی دایەوە و مشتومڕەکانی سەر قسەکانی ئۆجەلانی بە “تێکدەرانە” ناوبرد. باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ڕاستبوونی ئەوە کە ئەو دەقە دەگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان پشتڕاست نەکراوەتەوە و وتی: “وەرگرتنی ڕستەیەک لە دەقێکی پشتڕاستنەکراو و دروستکردنی ئەو تێڕوانینەی کە ئێمە دژی عەلەویین، تێکدەرانەیە. هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان عەلەوین، سیاسەتی ئێمە ئەوەندەی کە کوردییە، بەوڕادەیەش عەلەوییە. کەس ناتوانێت لەسەر عەلەوییەت تاقیمان بکاتەوە”.

باکرهان سەرنجی بۆ ڕۆڵی سیاسەتمەدارانی پێشووی حیزبەکەی ڕاکێشا کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە و ڕەخنەی توندی لێگرتن. باکرهان باسی لەوەش کرد کە کەسانێک لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و بەدەستهێنانی پۆستدا کاردەکەن و گوتی:”لە نێو واژۆکارەکاندا کەسانێک هەن کە لە شەقامەکان هەڵمانگرتن و هێنامان و کردمان بە پەرلەمانتار، ئەگەر ڕەخنەگرتن لە بەڕێز ئۆجەلان جۆرێکە لە ڕۆشنبیری، تکایە لێم ببوورن، بەڵام ئیدی کەس ئەم هەڵوێستە قبووڵ ناکات”.

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە درێژەی قسەکانیدا، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، ڕاستەوخۆ یەکێک لە واژۆکارانی بەیاننامەکەی کردە ئامانج کە پێشتر بە نەریتی پارتەکە وەک پەرلەمانتار و وەزیر کاری کردووە. باکرهان ڕایگەیاند کە گەلی کورد بەبێ هیچ جیاکارییەکی مەزهەبی دەرگای بەڕووی هەموو لایەکدا کردووەتەوە و ڕایگەیاند: “گەلی کورد تۆی کردووە بە وەزیر، تەنها لەبەر ئەوەی کە تۆ عەلەوی بوویت. پارتی ئێمە لە هەموو سەردەمێکدا پاڵپشتی عەلەوییەکانی کردووە و پەرلەمانتاری عەلەوی لە شارەکانی وەک سێرت، باتمان و ئامەد هەڵبژێردراون. هەتا ئەمڕۆش هیچ کوردێک نەیگوتووە ‘بۆچی ئەم عەلەوییە هات و هەڵبژێردرا’، جیاکارییەکی لەو شێوەیە لە ناو ئێمەدا نییە.”

Share