لە نێوان دیمەنی کۆتر و ئەرکی گورگدا ـ 5

ئێزدییەکان پێویست ناکات بۆ پاراستنی ئایینەکەیان دەستبەرداری میللەتەکەیان بن، ئێزدییەکان لە کوردستاندا میوان نین، بەڵکوو لە سەرەکیترین ئەندامەکانی ئەم وڵاتەن.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی پێنجەم و کۆتایی
موراد ئیسماعیل و ستراتژیی پەکەکە لە شنگال
شنگال: عەقیدە، خاک و قووڵایی نەتەوەیی
شوناس ناوێک نییە کە مرۆڤ بتوانێت لەسەر ناسنامەکەی خۆیدا بینووسێت، هەروەها کۆمەڵێک وشەش نییە کە هەرکات دەسەڵات کەوتە دەست کەسێکی تر، ئێمە لێی وەری بگرین و بیگۆڕین. شوناس یادەوەریی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەیەکە، شوێن و پێگەی مرۆڤ لە مێژوودا دیاری دەکات و هەبوونی ئەو بە چارەنووسێکی فراوانترەوە دەبەستێتەوە. بۆیە گەورەترین کارەسات کە دەتوانێت بەسەر میللەتێکدا بێت، داگیرکردنی خاکەکەی نییە، بەڵکوو قەناعەت پێکردنی کوڕ و کچەکانییەتەی بەوەی کە ڕزگاربوونیان، وازهێنانیانە لەو خاکە.
دوای ئەوەی کە ئێمە چیرۆکی شرۆڤەکردنی ڕزگارکەر و پشتگوێخەرمان خستەڕوو و لێکدانەوەی کەڵک وەرگرتن لە برینی ئێزدییەکان بۆ دروستکردنی شوناسێکی سیاسی جیاواز، ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی کە مانا بەم زنجیرەیە دەبەخشێت ئەوەیە: چۆن دتوانین ئێزدییەکان بپارێزین بەبێ ئەوەی ناسنامەیان لە هەموو کەسێک وەربگرین و چۆن دەتوانین کوردبوونیان بپارێزین بەبێ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی حزبی؟
ئێزدایەتی، بزووتنەوەیەکی ئایینی نییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵکوو یەکێکە لە چینە قووڵە ڕۆحی و مێژووییەکانی. داننان بە کوردبوونی ئێزدییەکان بڕیارێکی حزبی یان لەناکاو نەبوو، بەڵکوو تێڕوانینی هەموو مێژوونووس و بیرمەند و سیاسەتمەدارانی کورد ئەوە بوو کە ئێزدییەکان پێکهاتەیەکن کە کولتوور و زمان و یادەوەریی مەعنەوی دەوڵەمەندی کوردیان لەسەر ڕەگ و ڕیشەی دێرینیان پاراستووە.
لەم ڕوانگەیەوە ئێزدییەکان لەسەر پەراوێز و دوروبەری کوردایەتی و کوردەواریدا ڕاناوەستن، بەڵکوو لە ناو قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی کورد و کوردستاندا جێگەیان گرتووە. ئەگەر بێتو کورد ئێزدیەکان لەدەست بدات، تەنها ژمارەیەک دانیشتوو لەدەست نادات، بەڵکوو بەشێک لە یادەوەرییە مێژووییەکانیشی لەدەست دەدات.
ئێزدییەکان بەرەنگاری فرمان و پەلامارەکانی تەکفیری بوونەوە، چونکە دەستیان بە سیانەیەکی خۆیانەوە گرتبوو: عەقیدە، خاک و قووڵایی نەتەوەیی. ئەوان ئایینەکەی خۆیانیان لە ناو ژینگەی کوردەواریی خۆیاندا پاراست و لە بەرامبەر هەبوونیاندا، دەوڵەمەندییەکی مەعنەوییان بە نەتەوەی کورد بەخشی. هیچ لایەنێک لەسەر باری لایەنەکەی دیکە نەبوو، بەڵکوو مانەوەیان بە مانای پەیوەندییەکی پاراستنی دوولایەنەکە لە نێوان ڕەگ و دارەکەدا بوو.
دابڕینی ئێزدییەکان لە ناسنامەی قووڵی کوردایەتی خۆیان، بەخشینی ناسنامەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو لابردنی مۆرکی پاراستنی مێژوویی ئەوانە. ئەو سەربەخۆییەی کە گروپێک لە پشت و پەناکە داببڕێت، دەبێتە گۆشەگیری و گۆشەگیرییش لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا ئازادی نییە، بەڵکوو ناوێکی جوانە بۆ بێدەسەڵاتی و لاوازی.
مەترسیی وتارەکانی موراد ئیسماعیل لە شانازیکردن بە ئێزدایەتییەوە نییە، لەبەر ئەوەی کە مافێکی ڕەسەنە، بەڵکوو لە گواستنەوەی دابڕانی ئایینیدایە لە بازنەی تایبەتمەندییەوە بۆ بازنەی جیاکردنەوەی نەتەوەیی و دواتر دروستکردنی نوێنەرایەتییەکی سیاسی، جوگرافی خەیاڵی و مەرجەعییەتێک کە کێشە لەسەر کوردستانیبوونی شنگال دروست دەکات.
هەموو شوناسێکی سیاسیی نوێ بەدوای خاکێکدا دەگەڕێت بۆ حوکمڕانی، هێزێک بۆ قسەکردن و سنوورێکی دەروونی بۆ جیاکردنەوەی لەوانی دیکە.
کاتێک دەڵێن ئێزدییەکان کورد نین، پرسیاری دواتر ئەوەیە: بۆ دەبێ شنگال خاکی کوردستان بێت؟ بەم شێوەیە دابڕینی جوگرافی لە ناو جەوهەری مرۆڤدا دەست پێدەکات.
بەڵام کارەساتەکەی ساڵی 2014 بە تەنیا ناتوانێت مێژووی چەرخان سەرلەنوێ بنووسێتەوە. هەڵەی ئازاربەخش ڕوویاندا و ئینکارکردنی ئەوان ناتوانێ متمانە بگەڕێنێتەوە. دەبێ ئەو بڕیارە سەربازییانە هەڵسەنگێندرێن و بەرپرسیارێتی دیاری بکرێت و دان بە لاوازییەکانی ئاگادارکردنەوە و چۆڵکردندا بنرێت. میللەتێک کە ڕەخنە لە دامودەزگاکانی خۆی نەگرێت، خودئاگایی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو ترسێکی هەیە کە لە پشت دروشمەکانیەوە خۆی شاردۆتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دامەزراوەیەکی سیاسییە کە کاری دروست دەکات و هەندێک جار هەڵەیش دەکات، بەڵام پەدەکە هەموو نەتەوەی کورد نییە. داوای لێپرسینەوە لە لایەنێک لە ناو ماڵی نەتەوەیەکدا جیاوازە لە کاولکردنی ماڵێک لە بەر هەڵەی کۆڵەکەیەک. یەکەمیان چاکسازییە، بەڵام دووەمیان بەکارهێنانی ئازارە بۆ ئەوەی کە قوربانی لە مێژووی خۆی هەڵبێت.
لە لایەکی ترەوە بەرگری لە شنگال بە مانای گواستنەوەی لە هەژموونی حزبێکەوە نییە بۆ کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یان حەشدی شەعبی یان هەر هێزێکی چەکداری تر. شارێک کە چەک و بڕیاری زۆر لەسەر خاکەکەی هەبێت، ڕەنگە جاروبار بۆ بەرگری تەرخان بکرێت، بەڵام کاتێک ئامانجی تەسکی حیزبیی لە پشتەوە بێت کە ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆی دروست بکات، ئەوا مافەکانی لەدەست دەدات.
چارەسەری ڕاستەقینە بریتییە لە ئیدارەیەکی هەڵبژێردراو کە نوێنەرایەتی هەموو دانیشتووانی شنگال بکات و دروستکردنی هێزێکی ئەمنی شەرعی بۆ کوڕ و کچەکانی شنگالە، هەروەها دوورخستنەوەی ناوچەکەیە لە کێبڕکێی ئیقلیمی و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکانە بۆ سەر زێدی خۆیان. شەڕی ناسنامە هیچ سوودێکی نییە ئەگەر مرۆڤەکان لە خێمەدا بمێننەوە و هیچ مانایەکی نیە بۆ وڵاتێک کە داوای دڵسۆزی لە کوڕ و کچەکانی بکات بەڵام هاوکات ئامادە نەبێت کە ئارامی و دادپەروەری و هۆکارێکی گەرەنتی بۆ گەڕانەوەیان دابین بکات.
هەروەها موراد ئیسماعیل یان هاوپەیمانییەکەی یان هەر لایەنێکی تر مافی قۆرخکردنی پێناسەی ئێزدییان نییە. کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند و چالاکترە. هەر کەسێک مافی خۆیەتی ناسنامەی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بڕیاری تاکەکەسی خۆی بکاتە بڕیارێکی مێژوویی کە بە زۆرەملێ بەسەر هەموو کۆمەڵگەکەیدا بسەپێنێت.
مرۆڤ دەتوانێت لە ئایینەکەیدا ئێزدی بێت، لە نەتەوەی خۆیدا کورد بێت و لە هاووڵاتیبوونیدا عێراقی بێت، بەبێ ئەوەی یەکێکیان ئەوی دیکە لەناو ببات. ئەمە قەیرانی شوناس نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی لیبڕاڵییە کە بەهۆیەوە مرۆڤ زیاتر لە بەرتەسکبوونەوە بۆ لایەک دەبینێت.
بەڵام فرەچەشنی تەنها بە نییەت ناژیت. دروشمی “هەموو مرۆڤەکان بران” بەهای ئەخلاقی بەرزی هەیە، بەڵام ئەگەر سەروەری یاسا و کولتوری قبووڵکردنی جیاوازییەکان نەپارێزێت، وەک پەیمانێکی ناجێگیر دەمێنێتەوە. ئێزدییەکان لە کۆنەوە بووەتە قوربانی لێکدانەوە تەکفیرییەکان کە پیرۆزییەکانیان شێلاون، تا داعش هات و دڕندەترین وێنەی ئەم بیرۆکەیەی پیشانی جیهان دا.
نەیاران لێرەدا نە موسڵمانن و نە ئایینێکی تەواوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکەیەی کە جیاوازی دەکاتە کوفر و کوفریش دەکاتە بیانوو بۆ لەناوبردن. هەڵەیە کە باوەڕمان بەوە هەبێت کە کۆمەڵگەیەکی بێ پشتیوان دەتوانێت بە دابڕان و گۆشەگیریی لە قووڵایی نەتەوەیی خۆی، بەرگری لە میراتەکەی خۆی بکات، چونکە تایبەتمەندییە پاڵپشتینەکراوەکان، لە نیشانەی جیابوونەوەوە، دەبنە ئامانجی ئاسان بۆ لێدان.
کاتێک کۆتر کاری مرۆڤایەتی بوو و ڕێوی ئەرکی دەستبەسەرداگرتنی چیرۆکی ڕزگاری بوو، پیادە مومارەسەی ناسنامە بوو، گورگیش ئەو پڕۆژەیە بوو کە هەوڵی جیاکردنەوەی خاکی لە جەوهەر و بنەچەی خۆی دەدا.
بەڵام بڕیار و بڕیاردان بە گۆڕگەکی دیکە نییە، بەڵکوو بە خودئاگاییەکی نەتەوەیی دیموکراتیکە کەوا دان بە هەڵەکاندا دەنێت، جیاوازییەکان دەپارێزێت و متمانە بنیات دەنێتەوە.
کوردستانێک بەبێ ئێزدی لە ڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە بێ مانایە و ئەو ئێزدیایەتیەش کە بۆ نکۆڵیکردن لە کوردبوون و کوردایەتی بەکاردێت، بە ئاگاهانە یان لە ڕووی نائاگاهییەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ لابردنی یەکێک لە ڕەگەکانی کوردستان.
ئێزدییەکان پێویست ناکات بۆ پاراستنی ئایینەکەیان دەستبەرداری میللەتەکەیان بن، بەڵکوو پێویستیان بە کوردستانێکە کە بزانێت پاراستنیان منەتێک نییە کە پێشکەش بە کەمینەیەکی دەکات، بەڵکوو پاراستنی بەشێکی ڕەسەنە لە جەوهەری خۆی. ئێزدییەکان لە ماڵی کورددا میوان نین، بەڵکوو لە سەرەکیترین ئەندامەکانی ئەم وڵاتەن.
هەرکەسێک بە ناوی ڕزگارکردنەوە، بەردێک لە بینایەک جودا بکاتەوە، بینایەکی نوێ دروست ناکات، بەڵکوو لەبەر زریانەوە دەیکاتە کەلەوایەکی چۆڵ.