ڕەوایەتیدان بە ئاشتی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پرسی کورد

ڕەوایەتیدان بە ئاشتی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پرسی کورد

ئۆجەلان دەتوانێت کۆتایی بە سەردەمێک لە مێژووی پەکەکە بهێنێت و داوای دانانی چەک بکات، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە پرسی نەتەوەیی کورد بهێنێت، چونکە کوردستان بە بڕیارێکی حزبی دروست نەبووە تا بە بڕیارێکی دیکە لەناوبچێت.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە سەربەخۆیی کوردستانەوە تا تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا

گۆڕانکارییەکانی ناو پەکەکە و ئەو پرسیارانەی کە لەسەر (خوێن، ناسنامە و بەرپرسیارێتی) دروست بوون

بەشی یەکەم: کاتێک خودی کوردستان بوو بە کێشە

ڕەخنەگرتن لە پرۆتۆکۆلی دیدارەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ سەرکردایەتی قەندیلی پەکەکە لە شوباتی 2026دا، لەو وشانەوە دەست پێناکات کە تێیدا گوتراون، بەڵکوو لەو وشەی “سوزە”وە دەستپێدەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەری دامەزراوە. چونکە سەرکردەکان تەنها لەسەر دوا قسەکانیان دادگایی ناکرێن، بەڵکوو لەسەر مەودای نێوان ئەوەی کە سەرەتا ناویان دەبرد بە میللەت و ئەوەی کە دواجار داوا لە میللەت دەکەن کە بیسەپێنن، دادگایی دەکرێن.

کاتێک پەکەکە سەریهەڵدا، خۆی وەک بزووتنەوەیەکی چاکسازیخواز لە کۆماری تورکیادا یان بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)ی دیموکراتیک لەناو کۆماری تورکیادا، پیشان نەدا.

بەڵکوو لەو باوەڕەوە دەستی پێکرد کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراوە و خەباتی چەکدارانەی کردە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی و دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کردە ئامانجی بزووتنەوەکە. پەکەکە بەم بانگەوازە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، شەرعیەتی خۆی لە میللەت وەرگرت و بەم پەیڤانەش گەنجانی ڕەوانەی شاخ کرد و داوای لە کۆمەڵگەی کوردی کرد کە بەرەنگاریی شەڕ و زیندان و ئاوارەبوون و لەدەستدانی ڕۆڵەکانی خۆیان ببنەوە.

ئەوانەی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا شەهید بوون، زیندانی کراون و ئاوارە بوون، لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی هاووڵاتیبوون تورکیدا نەجەنگاون، بەڵکوو باوەڕیان ئەوە بوو کە خوێنی خۆیان فیدای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بکەن.

بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت ئەو گۆڕانکارییەی ئێستای ناو پەکەکە وەک گۆڕانکارییەکی تاکتیکی سەیر بکرێت، چونکە ئەم پرۆتۆکۆڵە نەک هەر شێوازی خەبات دەگۆڕێت، بەڵکوو ئەو پرسی کوردەش سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە کە خەباتی بۆ کراوە.

ئۆجەلان لە پرۆتۆکۆلەکەدا باس لەوە دەکات کە دژی بەردەوامیی شەڕە و دژی هەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردییە. “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لە ناو کۆماری تورکیادا، وەکوو دوایین ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دێنێتە مەیدان. کێشەکە لە هەڵبژاردنی ئاشتیدا نییە، چونکە وەستاندنی شەڕێک کە هەموو هێز و تواناکانی کۆمەڵگەی سەرقاڵ کردبێت، دەتوانێت نیشانەی بوێری و بەرپرسیارێتی بێت، هەروەها پاراستنی کۆمەڵگە لە فەوتان زۆر بەئەخلاقیترە لە دروستکردنی پاڵەوانێک کە لەسەر مەرگ بنیات نرابێت.

بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بڵێین هاوسەنگی هێز ڕێککەوتنێکی مێژوویی دەچەسپێنێت لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتنە بکرێتە فەلسەفەیەک کە مافی کورد لە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی ئینکار بکات.

ئۆجەلان دەڵێ، لەم قۆناغەدا سەربەخۆیی پێکنایەت و پاراستنی کۆمەڵگە پێویستیی بە گۆڕان هەیە لە چەکەوە بۆ سیاسەت.

ئەمە ڕوانگەیەکی ڕیالیزمی سیاسییە کە دەتوانرێت دانوستانی لەسەر بکرێت، بەڵام ئۆجەلان لە ڕاستییەکان لادەدات و بەرەو داڕشتنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو هەنگاو دەنێت و ڕزگارکردنی کوردستان بە کردەیەکی کۆنەپەرستانە ناودەبات و هزری نەتەوەیی بە دواکەوتووانە دادەنێت و پێی وایە کە نابێت کورد ئەو هزرەیان لە مێشکیشدا هەبێت.

لێرەدا مەترسیدارترین دژایەتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک کە سنوور و سوپا و سەروەری و دانپێدانانی نێودەوڵەتیی هەیە، داوای لێناکرێ کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەڵبوەشینێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا داوا لە کورد دەکات دەستبەرداری مافی دەوڵەتداری خۆی بێت و دروشمی نەتەوەی دیموکراتیک بەرز بکاتەوە.

بەم شێوەیە، نەتەوەییبوون لەلای هەمووان بە کۆنەپەرستانە و بەسەرچوو دانانرێت، بەڵکو تەنها بۆ ئەو گەلانە حەرامە کە هێشتا بێ ستاتۆن، لەکاتێکدا بۆ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بە ڕەوا دادەنرێت کەوا وڵاتی کوردانی دابەش کردووە و حاشا لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەکات.

ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی نەتەوەیی پڕۆژەیەکی فیکریی جێی ڕێز و حورمەتە، بەڵام تەنها بە مەرجێک کە پرەنسیپێکی گشتی هەبێت بۆ هەمووان، نەک تەنها ئامرازێک بێت بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە مافە نەتەوەییەکانی بێبەری بکات.

هیچ دادپەروەرییەک لە نێوان نەتەوەیەکدا نییە کە دەوڵەتێکی هەبێت کە ناسنامەکەی بپارێزێت و نەتەوەیەک کە داوایان لێدەکرێت تێکەڵبوون و تواندنەوەی خۆی لە ناو ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە ڕابگەیەنێت کە لەسەر خاکەکەی ئەو دامەزراون.

هەر تێکەلکردنێک کە ناوی دیموکراتیکیشی لەسەر دانبرێت، ناتوانێت دیموکراتیک و بڕیارێکی ئازاد بێت ئەگەر میللەت مافی ئەوەی نەبێت کە ئەو تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)ـە ڕەت بکاتەوە.

بۆیە پرسیارەکە ئەوە نیە کە: ئایا ئۆجەلان مافی ئەوەی هەیە بیرۆکەکانی خۆی دەرببڕێت؟ بێگومان ئەو مافەی هەیە. بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا مافی ئەوەی هەیە پێناسەی گیانفیدایی بگۆڕێت و پرۆژەی ڕزگارکردنی کوردستان بگۆڕێت بۆ پرۆژەی چاکسازی لە کۆماری تورکیادا، بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا دان بە شکستی ستراتژی یەکەمدا بنێت و بەبێ ئەوەی دادگاییکردنی ئەو سەرکردانەی کە ئەو کارەی بەڕێوەبرد؟

ئۆجەلان دەتوانێت کۆتایی بە سەردەمێک لە مێژووی پەکەکە بهێنێت و داوای دانانی چەک بکات، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە پرسی نەتەوەیی کورد بهێنێت، چونکە کوردستان بە بڕیارێکی حزبی دروست نەبووە تا بە بڕیارێکی دیکە لەناوبچێت.

حیزب ئامرازێکی کاتیین لە مێژووی گەلاندا، بەڵام مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، موڵکی دامەزرێنەرێک، سەرکردەیەک، یان کۆنووسی کۆبوونەوەیەک نییە.

ئەمە مافی نەتەوەیەکە و تەنها خودی نەتەوەکە مافی ئەوەی هەیە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی داهاتووی خۆی بدات.

Share