کۆمپانیای ئاپۆ بۆ فرۆشتنی ئەنتەگراسیۆن، لە لێواری ئیفلاسدایە

من ئەمە بۆ ئەو کەسانە دەنووسم کە لە تەرمینۆلۆژیی پەکەکە تێدەگەن: “ئەوان لە قۆناغی ‘سیخوڕیی ئۆبژەکتیڤ و/یان سوبژێکتیڤ’ـەوە دەربازی قۆناغی سیخوڕیی کاریگەر بوون”.
ئاپۆچییەکان هەرچی دەڕوات، شەڕانگێزتر دەبن، چونکە وردە وردە بوونەتە ئامرازێک لە دەستی ڕێژیمدا. ئاپۆچییەکان ناتوانن وەڵامی ڕەخنەی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و کولتووری جیدیی بدەنەوە. ئەوان لە گۆشەیەکدا گیریان خواردووە، بێچارە ماون و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونیان نییە.
ڕژێم لە سەرەتاوە هاوار دەکات “تورکیایەکی بێ تیرۆر” و تەنانەت بەوەش ڕازی نەبوو، بە ژمارەیەکی پێوانەیی دەنگ لە پەرلەمان یاسایەکی دەرکرد و بە “یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی” ناوی برد. هەر لە ئەردۆغانەوە تا ئوچوم، وتەبێژانی ڕێژیم بۆ هەموو کەسیان ڕوون کردۆتەوە کە ئەم پرۆسەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاشتی و بە کوردەوە نییە. بەڵام ئۆجەلان و لایەنگرەکانی بە بێ ڕاوەستان بە دروشمی “ئاشتی و دیموکراسی کۆمەڵایەتی” بەردەوام بوون. وەک پاداشتێک دەستەواژەی بێمانای وەک “شۆڕشی ئەرێنی”، “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”، “ئیکۆلۆژی/ژنولۆژی”، “کۆمۆن” و “نەتەوەی دیموکراتیک”یان پێشکەش کرد.
سەرەتا دەستەواژەی وەک “دانوستان و دیالۆگ و شاندی ئیمرالی”یان بەکارهێنا، وەک ئەوەی کە دوو لایەن هەبێت. بەڵام تا دێت زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی ئەوان بە پێڤاژۆ ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا تەسلیمبوونێکە کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەر ئۆجەلاندا سەپێنراوە، کە ئەویش بە ویست و ئارەزووی خۆی قبووڵی کردووە. ئەمە لە پرۆژەی ئاسمیلەکردن و بە تورکیایی کردن زیاتر نییە. لە تەڵعەت پاشا بەملاوە، دەوڵەتی توک بە پێی DNA ی خۆی، لە ڕووی فیزیکی و مەعنەویەوە دانیشتوانی ناموسڵمان و غەیرە تورک لەناو دەبات، بە شێوەیەکی سیستماتیک پڕۆژەی یەک دەوڵەت/یەک وڵات/یەک ئاڵا/یەک زمان و دواجاریش یەک سەرکردەی جێبەجێ کردووە. جگە لەوەش، ڕێژیمی تورکیا بە ئامانجی لەناوبردن و بنبڕکردنی کورد، ڤێرژێنێکی کوردیی مۆیز کۆهێنی بەرجەستە کرد و بەرەوپێشی دەبات.
کاتێک سەیری هەندێک لە پێشهاتە گرنگەکانی ئەم دواییە دەکەین، لێدوانەکانی ئۆجەلان و لایەنگرەکانی، دۆخی سەخت و بێچارەیی و تەنانەت ئیفلاسی خۆیان هاوار دەکەن. ئەوانەی ڕەخنە لە پرۆسەکە و لایەنی ئۆجەلان دەگرن پێویست ناکات شیکاری قووڵ و شرۆڤەی بەرفراوان بکەن. ئەم لایەنە ئەوەندە بێ کەڵکە، هێندە لاوازە، هەر ڕاگەیاندراوێک کە بڵاوی دەکەنەوە، تەنها دەیانخاتە دۆخێکی دژوارترەوە.
من بە پێی گرنگی یان کرۆنۆلۆژی (ڕیزکردنی ڕووداوەکان بەپێی ڕوودانیان)، ڕیزبەندییان بۆ ناکەم، بەڵام لە هەر شوێنێک ئاپۆچییەکان لێی دەدەن، “پارادایم” دەچێتە هەنگاوێکی دیکە.
ـ کاتێک نۆتی ئەو دیدارانە بڵاوبوونەوە کە لە سەرەتای مانگی تەباخدا لە ئیمرالی لە نێوان سەرکردەکانی پەکەکە کە لە قەندیلەوە هاتبوون لەگەڵ ئۆجەلاندا و لەژێر چاوەدێریی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکدا بەڕێوەچوبوو، ئاپۆیستەکان تووشی شۆک بوون. سەرەتا گوتیان “پەیامەکە ساختەیە و چەواشەکراوە”، بەم شێوەیە کۆبوونەوەکەیان پشتڕاست کردەوە. پاشان دەم پارتی و ئیمرالی و دەوڵەتی تورکیا بە تەواوی ئەو کۆبوونەوەیەیان ڕەتکردەوە. بەڵام ئەو زانیاری و سیاسەتانەی کە لە دەقەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، لەگەڵ شێوازی ئۆجەلاندا یەکدەگرنەوە و لە کتێبەکانی پێشوویدا نوسراون. ڕێژیم بڕگەی “ئەوان لە لێپرسینەوە ئازادن”، بۆ ئەو بەرپرسانەی کە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن، بێ هۆکار لە یاسادا نەیخستەڕوو. بە ئاشکرا لەم پرۆسەیەدا کە خۆی لە خۆیدا ناڕوونە، زۆر کردەوەی نایاسایی ئەنجام دەدرێن.
ـ لێدوان و قسەکانی ت.باکرهان هەڵوێستی دژە عەلەوییەتی گرووپی ئۆجەلانی ئاشکرا کرد. باکرهان بە گوتنی “ئەو زەلامانەی کە ئێمە لە شەقامەکانەوە کۆمان کردنەوە” پارلمانتارە عەلەوییەکانی ناو دەم پارتی (پارتی گەلی دیموکراتیک)، هەم لە دڵی خۆیدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەو دژە عەلەوییەت بە قسەکانی دەوڵەت پیشان دەدات و هەمیش ئاشکرای کرد کە دەم پارتی چۆناوچۆن پارلمانتارەکانی هەڵبژاردووە. لە کۆتاییدا لە کۆنگرەی دەم پارتی (DEM)دا، دەستەواژەی (ئەنفەکسیۆن)ی بەکارهێنا، کە لە زاراوەی نازییەکان وەرگیراوە، بۆ ئەوەی کە ناسنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ڕێکخراوەکەی و بۆخۆی پێناسە بکات و ئاماژەی بە ناڕازیی کوردەکان کرد. سەبارەت بە نوێترین ڤیدیۆکەی ن.دەمیرتاشدا، من ناچمە ناو قووڵاییە فەلسەفییەکەیەوە، بەڵام زۆر چێژم لە گوێگرتن لێی وەرگرت؛ من لە ناخی دڵ و گیانەوە پێکەنیم. سوپاسی دەکەم، نوکتەی شتە نەخوازراو و کۆمیدییەکان لەوەش سەرنجڕاکێشترە.
هەڵوێستی دژە عەلەوییانەی ئێستای ئۆجەلان، بە تەواوی لەگەڵ گوتاری دەوڵەتی سوننی/سوننەدا دەگونجێت. هەروەها ستایشی ئۆجەلان بۆ ئیدریسی بیتلیسی و یاڤوز سوڵتان سەلیم بەشێکە لە ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی. ئێستا ئیدی ئۆجەلان گەیشتووەتە پێگەی فەرمانبەرێکی چینی ناوەند لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا، چ لە ڕووی ڕیتۆریک و چ لە ناوەڕۆکدا. ئەو هەوڵدەدات بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و خۆپەرستانە ڕەوایەتی بە هەڵوێستێکی دژە عەلەوییانەی دەوڵەتپارێز، سوننەگەرا و مێژوویی بەناوبانگ بدات. ڤێرژێنی نوێی ئاپدەیتکراوی بە ناوی APOENTG 0.2 ئێستا بەردەستە.
ـ ئۆجەلان و دەوروبەرەکەی و هەروەها ئەندامانی باڵای تەڤگەری ئاپۆیی، وتەبێژەکانی دەم پارتی، ئەندامانی شاندی ئیمرالی، ئەو پەیامنێرانەی خۆیان کە وەک ڕۆژنامەنووس و “ئەکادیمیسیەنی جێگیر” هێنرانە سەر شانۆ، هیچ کامیان نەیانتوانی بنکەکەی خۆیان یان ڕای گشتی ڕازی بکەن. بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنی بوونەتەوە. لە کۆتاییدا هیواکانیان بە تاکێکەوە گرێدا کە لە ژەنەڕاڵێکەوە لە ئەرتەشی کوردان، دابەزێندرا بۆ ڕاوێژکار لە دەوڵەتێکی عەرەبیدا. هەروەها بە وەسفکردنی دۆخی ئێستای سووریا بەوەی کە باشترە لە سەردەمی حافز ئەسەد، بەرچاوڕوونیی پێداین. لە کەسێک کە ئیرادەی خۆی تەسلیمی دوورگەی ئیمرالی کردبێت، چاوەڕوانی چی تر دەکرێت؟ بازرگانەکەی قوسلنگ لە قامیشلۆ!
دوو ڕووداوی دیکەش هەن کە دەریدەخەن کۆمپانیاکە لە ئیفلاس نزیک بووەتەوە:
ـ ئاپۆچییەکان هەوڵیاندا بە ئەنجامدانی پرسە و مەراسیمی سەرەخۆشی بەبێ تابوت، شکۆمەندی لەدەستچوویان بەدەستبهێننەوە. بەڵام هیچ زانیارییەکیان نەدا کە کەی و لە کوێ و چۆن مردووە (ئیعدامەکانی ناوخۆ؟). جگە لەوەش ئەو وێنانەی نیشانیان دا، دەرکەوت کە پەکەکە منداڵانی چەکدار و سەفەربەر کردووە.
ـ هەفتەی ڕابردوو لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا فێستیڤاڵێکیان ئەنجامدا کە بەتەواوی ڕووڕەشانە بوو. ئاپۆچییەکان کە پێشتر دەیانتوانی دەیان هەزار کەس کۆبکەنەوە، تەنها توانیان گرووپێکی بچووک کۆبکەنەوە. کێشەی جیددی لە فرۆشتن و دابەشکردنی بەرهەمەکانیان لە ژێر ناوی براندی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”دا هەیە. هەروەها پێویستە کە ئەو توڕەییە گەورە و توندەی گەلی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بە ئۆجەلان/دەم پارتی/قەندیل لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها ڕەخنە شاراوەکانی س.دەمیرتاش لە پرۆسەکە، لە لایەن میدیاکانی لایەنگری ئاپۆوە سانسۆر کران. بەڵام ئەمڕۆ هەر زانیارییەک یان بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن ئەم میدیایەوە سانسۆر کرابێت، دەستبەجێ لە دەزگاکانی دیکەی ڕاگەیاندن دەخوێنرێتەوە. سانسۆر لاریگەریی نەماوە. “میدیای ئازاد” جارێکی تر شکستی هێنا.
ـ پشتگیریی لایەنگرانی ئاپۆ، لە قسەکانی ئاپۆ و قەڵەمی م.سانجار، کاتێک درکیان بەوە کرد کە لە گۆشەیەکدا عاسێ بوون، بە ئارەزووی خۆیان ڕایانگەیاند کە “کراوەن بۆ ڕەخنەی دڵسۆز و بنیاتنەر”. ئەوان بۆ خۆیان بڕیار دەدەن کە کام ڕەخنە “دڵسۆزانە و بنیاتنەرە”. ئەمەش زەمینە بۆ “ڕەخنەی کۆنترۆڵکراو” خۆش دەکات.
ـ لە هەلومەرجی ئێستادا، ترۆلەکان کە ناتوانن لە ڕووی فیکری و سیاسییەوە وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەنەوە کە ئاراستەی ئۆجەلان و پرۆسەکە دەکرێن، پەنایان بۆ چەکی سووکایەتی و چەوسانەوە و هەڕەشە بردووە. ئەمە بێ سوودە. سوکایەتی و چەوسانەوە و هەڕەشە نیشانەی لاوازین. بەڵام لەوەش خراپتر، ڕەنگە ئێستا لایەنگرانی ئاپۆ و ڕێژیمی تورک هێزەکانیان یەک بخەن بۆ ئەوەی کە توندوتیژی و سەرکوتکردن دژی ئۆپۆزسیۆن بەکار بهێنن.
لە ئەنجامدا، من ئەمە بۆ ئەو کەسانە دەنووسم کە لە تەرمینۆلۆژیی پەکەکە تێدەگەن: ئەوان لە قۆناغی “سیخوڕیی ئۆبژەکتیڤ و/یان سوبژێکتیڤ”ـەوە دەربازی قۆناغی سیخوڕیی کاریگەر بوون. “شیکاری” ئیتر بەس نییە. «گەیاندنی کەسایەتی دامەزراوەی ڕێبەرێتی بۆ هۆشمەندی» ئیتر مومکین نییە. چونکە دامەزراوە و کەسایەتی و هۆشمەندی، هەموویان لەناوچوون.
ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] ژیریی دەستکردی لە سەری شوێنکەوتووانیدا چاندووە. لەوەش ترسناکتر، ڕێژیمی تورک مێشکێکی دەستکردی لە سەری “سەرکردایەتی دامەزرێنەر”دا چاندووە. کۆتایی هات.
ڕاغب دوران
سەرچاوە: Apoletli Medya (وەرگێڕانی لە تورکییەوە بۆ کوردی)