لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا

لە هەمووی بەئازارتر ئەوەیە کە چۆن داوا لەو کەسانە دەکرێت کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان چوونەتە شاخ، خۆیان لەگەڵ پڕۆژەی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لە کۆماری تورکیادا بگونجێنن؟
سمکۆ عەبدولعەزیز
گۆڕانکارییەکانی ناو پەکەکە و ئەو پرسیارانەی کە لەسەر (خوێن، ناسنامە و بەرپرسیارێتی) دروست بوون
بەشی دووەم: کێ خاوەنی واتای خوێنە؟
لە مێرخاسیەوە بۆ ڕوانگەی بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی
شکستی بزووتنەوەیەک لە شەڕدا یان گۆڕینی ستراتیژەکەی نیگەرانییەکی گەورە نییە، چونکە مێژوو هەرگیز ڕێگای ڕاست و ئاسان بە گەلان نادات بۆ ئەوەی بە ئازادی بگەن.
گەورەترین نیگەرانی ئەوەیە کە واتای قوربانیدانەکان دوای ئەوەی ڕوودەدات بگۆڕێت و داوا لە قوربانیدەر دەکرێت مەبەستێکی جیاواز لەو ئامانجە قبووڵ بکەن کە ئەوان لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردایەتی قەندیل، یەکێک لە بابەتە هەستیارەکانی مێژووی پەکەکە دەکاتەوە.
ئۆجەلان ڕەخنە لە شێوازی دەستپێکردنی هێرشەکانی 15ی تەباخ دەگرێت و چالاکییەکانی دژ بە خەڵکی سڤیل ئیدانە دەکات و باس لە نەبوونی ستراتژییەکی دروستی سەربازی دەکات و بە هەڵە حوکم لەسەر وەڵامدانەوەی دەوڵەت و زیانە دووبارەبووەکان بەبێ دەستکەوتی سیاسی دەدات. هەروەها ساڵی 1993 بە دەرفەتێکی مێژوویی لەدەستچوو دەبینێت و ڕەخنە لە بەکارهێنانی چەمکەکانی شۆڕشگێڕی و مێرخاسی و شەهادەت دەگرێت بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵەکانی سەرکردایەتی (بۆ ئاگاداری بە سەدان ڤیدیۆی ئۆجەلان هەیە کە ئەو ئیدیۆمانە بەکاردەهێنێت و بە سەدان ئیدیۆمی تریش لەلایەن ئەوەوە داتاشراون).
گرنگی ئەم وتارە لەوەدایە کە لە خودی دامەزرێنەر و سەرۆکی پەکەکەوە هاتووە نەک لە دوژمنێکی دەرەکییەوە. بەڵام نابێ ئەم قسەیە تەنها وەک ڕەخنەیەک لە دوران کاڵکان یان فەرماندە مەیدانییەکان سەیر بکرێت! ئەگەر شەڕ ڕێڕەوی خۆی گۆڕیبێت، ڕەخنە تەنیا لەسەر کەسی جێبەجێکار نییە، بەڵکوو لەسەر ئەو ئایدۆلۆژیا و هەیکەلی سەرکردایەتیەیە کە کادیرەکان لەسەری ڕاهێنراون و شەرعیەتیان پێدراوە.
پەکەکە لە دەوری ئۆجەلان وەک ناوەندی تیۆری و ستراتژی و بڕیارە مێژووییەکان بنیات نراوە. سەرکەوتن لەسەر دیدگای ئەو بنیات نرا، پێگەکان بە پابەندبوون بە ڕێبازەکەیەوە پێوانە دەکران و وێنەکەی ئەو سەنتەری ژیانی ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیریی داگیرکردبوو. بۆیە نابێ کاتێک باس لە دەستکەوتەکان دەکرێت، هی سەرکردایەتی ئەو بێت و کاتێک باس لە لێپرسینەوە دەکرێت، تاوانەکە بکەوێتە سەر شانی قەندیل!
ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە زۆرێک لە چالاکییە چەکدارییەکان بە پێچەوانەی ویستی ئەوەوە ڕوویانداوە و دەشڵێت ئەمە بە تەواوی ئەو لە بەرپرسیارێتی بێبەری ناکات. بەڵام نیوە دانپێدانانەکە وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە ناداتەوە: چۆن حیزبێکی زۆر ناوەندگەرا، کە شەرعیەتەکەی پەیوەست بوو بە گوێڕایەڵی سەرۆکەکەیەوە، دەتوانێ شەڕێکی دەیان ساڵە بەشیوازێک بەڕێوە ببات کە ئەمڕۆکە سەرۆکەکەی بۆخۆی بڵێت ئەوە شێوازی ئەو نەبووە؟
ئێمە لێرەدا باس لە هەڵەیەکی سەربازی تاکەکەسی ناکەین، بەڵکوو باس لە سیستەمێکی تەواو دەکەین کە مێرخاسیی پێش سیاسەت بنیات ناوە. مردن لە هەندێک قۆناغی ئەم ئەزموونەدا بەڵگەی دڵسۆزی شەڕڤانەکە بوو، بەڵام پرسیارکردن لە ئەنجامەکان بە لاوازی یان پاشەکشە دادەنرا. کاتێک شەهیدبوون لە قوربانییەکی پێویست لە پێناو ڕێگای ئازادیدا دەگۆڕدرێت بۆ پێوەرێکی هەمیشەیی بۆ شەرعیەت، سەرکردایەتی دەتوانێت بە مێرخاسیی جەحێلەکانی، ناکارامەیی سیاسی خۆی داپۆشێت.
بەڵام شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە، وەک ئەوەی ئۆجەلان لە پرۆتۆکۆلدا دەڵێت، دڵسۆزی خەبات بە ژمارەی قوربانییەکان ناپێورێت، بەڵکوو بە توانای پاراستنی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان پێوانە دەکرێت. ئەگەر ئەم پێوەرە بۆ ئەمڕۆ ڕاست بێت، کەواتە پێویستە لەسەر تەواوی مێژووی بزووتنەوەکە جێبەجێ بکرێت: هەر قۆناغێک چ دەسکەوتێکی هەبووە؟ چ زیانێکی بە کۆمەڵگە گەیاندووە؟ هەروەها کێ بڕیاریدا بەردەوام بێت کاتێک تێچووی شەڕەکە لە دەرئەنجامەکانی زیاتر بوو؟
ئەمە بەو مانایە نییە کە خوێنی شەڕڤانان بێهودە ڕژاوە؛ بەرخۆدانی ئەوان یارمەتیدەر بوو بۆ شکاندنی سیاسەتی ئینکارکردن و سەلماندی کە نەتەوەی کورد لەناو ناچێت. بەڵام دانپێدانان بە چاونەترسیی گەریلاکان و شەڕڤانەکان پاساو نییە بۆ پاککردنەوەی سەرکردایەتی، ڕێزلێنان لە شەهیدانیش بە واتای پیرۆزکردنی هەر بڕیار و ستراتژییەک نییە. چون دەکرێ شەڕڤان لە قوربانیدانەکانیدا ڕاستگۆ بێت، بەڵام سەرکردایەتی لە حیساباتەکانیدا هەڵە بێت.
لە هەمووی بەئازارتر ئەوەیە کە چۆن داوا لەو کەسانە دەکرێت کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان چوونەتە شاخ، خۆیان لەگەڵ پڕۆژەی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لە کۆماری تورکیادا بگونجێنن؟ کاتێک شەڕ ناتوانێت کۆمەڵگە بپارێزێت، هەنگاونان بەرەو ئاشتی ماف و پێویستییە، بەڵام سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئامانجێکی کۆن، بابەتێکی دیکەیە. سەرۆک مافی ئەوەی نییە لە قۆناغێکدا خەباتکاران بکاتە شەهیدی سەربەخۆیی، ئینجا لە قۆناغێکی تردا بیانکات بە شەهیدی تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)!
ئاشتی سوکایەتی بە خوێنی قوربانییەکان ناکات، بەڵکوو دەبێ یەکێک بێت لە ژیرترین ڕێگاکانی دەرخستنی وەفاداری بۆیان، بەمەرجێک نەبێتە پەردەیەک کە سەرۆک لە لێپرسینەوە بپارێزێت. ئەوەی پێویستە، زیادکردنی مردنی نوێ نییە بۆ سەر مەرگەکانی ڕابردوو، بەڵکوو ڕزگارکردنی یادەوەرییە لە قۆرخکاری: دانپێدانان بە هەڵەکان، دیاریکردنی بەرپرسیارەکان و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە بۆ گەلی کورد.
خوێنی کورد موڵکی هیچ حیزبێک نییە، واتاکەشی هی هیچ سەرۆکێک نییە. خوێنی کوردان ئەمانەتێکی نەتەوەییە؛ بۆ پیرۆزکردنی شەڕ بەکارناهێندرێت، نابێ بۆ بەخشینی پیرۆزیی بە هیچ ڕێکەوتنێکیش بەکار بهێندرێ. کاتێک سەرۆک سەرلەنوێ ئاوڕێک لە مێژووی خۆی دەداتەوە، تەنها ئەوە بەس نییە کە لە گەریلا و شەڕڤانەکان بپرسێت کە لە پێناو چیدا مردوون؛ بەڵکوو دەبێ پێش هەموو شتێک وەڵام بداتەوە: بۆچی ئێمە ئەوانمان ڕەوانەی مەرگ کرد و لە ئەنجامی ئەو قوربانیدانانەدا چ دەسکەوتێکمان بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر کرد؟