شاندی ئیمرالی پەیامی نوێی ئۆجەلانی ئاشکرا کرد

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی: ڕێبازی سەرەکی ئۆجەلان، سەقامگیرکردنی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، لە پەیامە نوێیەکەیدا ڕایدەگەیەنێت، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ تورکیا هاتۆتە ئاراوە و دەڵێت: ئامانجی من سیاسەت و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. پێویستە ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا لە ڕێگەی دیالۆگەوە هەڵسەنگێندرێن!
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە بەیاننامەیەکدا پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە ئاشکرا دەکات.
شاندی ئیمرالی ڕایگەیاند کە ئەوان لە ڕێکەوتی 13/9/2026دا لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.
لەو بەیاننامەکەدا پەیامی ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری ئاشکرا کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی تورکیا و چارەسەریی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیی تاوتوێ کراوە.
شاندی ئیمرالی ڕایگەیاندووە کە هەنگاوە کردەییەکانی پرۆسەکە و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
ئۆجەلان: ئامانجی من کۆمەڵگەی دیموکراتیکە
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک گەیشتووەتە قۆناغێک وەها کە پێویستە بەپەلە بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان بەجێبهێنرێت.
دوای پەسەندکردنی یاساکە، زۆر گرنگە هەنگاوی پراکتیکی هاوبەش بنرێت و لیژنەکان دەست بە کارەکانیان بکەن”.
ئۆجەلان سەبارەت بە ئامانجەکەی خۆشی گوتوویە:
“ئامانجی من ئەوەیە کە ئاشتی و سیاسیبوون پێکبێت. ئاشتی بە واتای چەکدانانە و سیاسیبوونیش بە واتای سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دێت”.
“تورکیا دەرفەتێکی مێژوویی هەیە”
ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە تورکیا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە و وتوویەتی: “من هیوادارم و باوەڕم وایە هەمووان بەو هۆشیارییە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرێکی دیموکراتیک بەدەستبهێنین. بەرپرسیارێتییەکی بەپەلەیە کە ئیرادەی ئاشتیی بێ بنەما نەهێڵینەوە. پێویستە ئەم ئیرادەیە لە ڕێگا یاسایی و سیاسییە کۆنکرێتییەکانەوە مسۆگەر بکرێت”.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا تیشکی خستۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتوویە:
“پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئامانجی ئەوەیە کە هەموو گەلان و بیروباوەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بتوانن لە ناو ئاشتی و ئازادی و یەکسانیدا، پێکەوەژیانێکی بەهێزیان هەبێت.
پێشهاتەکانی ناوچەکە بە ڕوونی نیشان دەدەن کە پرۆسەکە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هەستیار و ناسک دامەزراوە.
بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئیستفزازی بکرێت، گرنگە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە کێشە ناوچەییەکان چارەسەر بکرێن.
دەبێ ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤاش لەم چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێن”.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێبازی سەرەکی ئۆجەلان سەقامگیرکردنی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە و ئۆجەلان گوتوویەتی:
“رێگای ئاشتی کراوەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی و کردەیی بۆ ئەم ڕێگایە پێکبهێندرێت”.